ناوەندی هاوكاری لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانیی خۆی لە بانگەوازی خۆپیشاندانی ڕۆژی شەممەی بەرلین دەربڕیوە و خوازیاری مانگرتن و ناڕەزایی سەرانسەری بووە لە ئێران و كوردستاندا.
دەقی بەیاننامەکە:
خەڵكی خەباتكاری ئێران!
ئێرانیانی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات!
لەدەستپێكی دووەمین مانگی ئاخێزی جەماوەریی دژی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی، ڕێژیم بە توندوتیژییەكی زیاترەوە درێژە بە سیاسەتی سەركوتی دڕندانە و دووپاتكردنەوەی تاوانی كوشتنی منداڵان دەدات. زیندانەكان لێوانلێون لە خۆپیشاندەرانی خەباتكار و زۆرێك لە شارەكان بەتوندی میلیتاریزە كراون.
لەلایەكی ترەوە ئاخێزی جەماوەربی نەك تەنیا لە نێوخۆی ئێران هاوپشتییەكی گەورەی پێكهێناوە، بەڵكو ئێرانییەكانی دەرەوەی وڵاتیش سەرەڕای هەر جیاوازییەكی سیاسی، زمانی و كولتووری، هاوشانی خەبات و خۆڕاگریی خەڵكی ئێران بە شێوەیەكی بێوێنە هاتوونەتە مەیدان و پشتیوانیی بەرینی خەڵكی جیهانیان بۆ ئەو ئاخێزە جەماوەرییە ڕاكێشاوە.
شەممەی داهاتوو 22ی ئۆكتۆبر، یەكەمین شەممە لە دووەم مانگی ئاخێزی جەماوەری، هەموو خەڵكی ئێران لە سەرانسەری جیهان بە ئیرادەیەكی یەكگرتووتر لە هەمیشە بڕیاری نمایشی خۆپیشاندانێكی شكۆداریان داوە.
بەڕێز حامید ئیسماعیلیون، وتەبێژی ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆكە ئۆكرانییەكە، ئەمجار بانگەوازی خۆپیشاندانێكی گەورەی لە شاری بێرلینی ئاڵمان داوە. ئێمە پشتیوانی لەم بانگەوازە و بەشداریی چالاكانە لەو خۆپیشاندانە دەكەین. داوا لە هەموو ئێرانییەكان، بەتایبەتی كوردانی نیشتەجێی ئاڵمان و ئورووپاش دەكەین بە شێوەیەكی بەربڵاو بەشداری لە نمایشی هاوپشتی و ناڕەزایی لە شاری برلین و باقی پایتەختە ئورووپاییەكاندا بكەن.
هەروەها داوا لە سەرجەم جەماوەری خەڵك لە سەرانسەری ئێران، لایەنە سیاسییەكان و هەڵسوڕاوانی سیاسی و مەدەنی دەكەین كە ڕۆژی شەممە 30 ڕەزبەر لە كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ بەولاوە لەسەرانسەری ئێران دەست بە مانگرتن و ناڕەزایی بكەن، تا وەڵامێكی شیاو بە سەركوتكەرانی خەڵكی ئێران و بكوژانی منداڵان و بەندكراوانی زیندانی ئێڤین بدەینەوە.
داوا دەكەین هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەی كە خوازیاری ڕووخانی ڕێژیمن، لەگەڵ بانگەوازی ناوەنددا بانگەوازی بەشداری لەم ناڕەزاییە گشتییە لە سەرانسەری ئێران بكەن تا هەموومان یەكدەنگ "نا"یەكی گەورەی دیكە بە كۆماری ئیسلامی بدەینەوە.
ژن، ژیان، ئازادی
سەركەوێ ئاخێزی دیموكراسیخوازی لە ئێران
مەرگ و نەمان بۆ كۆماری ئیسلامی و یاسا دژەژنەكانی
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران
١٨ی ئۆكتۆبری 2022 – 26ی ڕەزبەری 1401