کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پڕۆژەی ناوچەی دژە فڕین بردرایە کۆنگرێسی ئەمریکا

10:28 - 27 رەزبەر 2722

ڕۆژی سێشەممە، رێکەوتی ٢٦ی ڕەزبەر (١٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)  خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، لە درێژەی کۆبوونەوە ئاشکرا و داخراوەکانیدا، بە سەرۆکایەتی شاندێک گەیشتە کۆنگرێسی ئەمریکا و لە لایەن کۆنگرێسمەن مایکەڵ واڵتز بەگەرمی پێشوازیی لێ کرا.

لەو دیدارەدا، عەزیزی تیشکی خستەسەر دوایین ئاڵوگۆرەکانی کوردستان و ئێران و لەم پێوەندییەدا بە وردی بارودۆخەکەی شی کردەوە. هەروەها داوای لەو ئەندامە خاوەن‌ڕایەی کۆنگرێس کرد کە هەوڵ بدات گوشار بخاتە سەر بەرێوەبەرایەتیی بایدەن تاکوو ئەمریکا لە پاڵ گەلانی ئێران و خەڵکی ڕاپەریووی ئەو وڵاتەدا ڕاوەستێت.

لەم چوارچێوەیەدا وتەبێژی حیزب خوازیاز بوو کە ئەمریکا بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل وەکوو کردەوەیەکی مرۆیی بیر لە ناوچەی دژە فڕین بکاتەوە تاکوو بەم جۆرە گیانی بە دەیان هەزار کەس بپارێزن کە بە هۆی هەڕەشە و مووشەک‌باران و کردەوەی تیرۆریستیی ئێران و سیاسەتی سەرکوتەوە گیان و ماڵیان کەوتۆتە بەر مەترسی.

عەزیزی لەو دیدارەدا پێی لەسەر ئەوەش داگرتەوە واشنگتن و هاوپەیمانەکانی دەتوانن بە دابینکردنی ئێنترنێتی خۆرایی یارمەتیی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بدەن و هەروەها دەست لەو قسەوباسە هەڵگرن کە ئەوان بە دوای گۆڕانی ڕێژیم لە ئێرانەوە نین، بۆیە ئەوان دەبێ ئەو ئەرک و هەنگاوە بۆ خەڵکی ئێران جێ بهێڵن کە خۆیان چییان دەوێ و خوازیاری چ جۆر حکوومەتێکن!

کۆنگرێسمەن واڵتز لەو دیدارەدا ڕایگەیاند لە سۆنگەی گرینگیدان بە پرسی ئێران و کوردستانەوە بۆ دۆخەکە دەڕوانێ و هاوکات شێلگیرانە باسی لەوە کرد کۆی دید و بۆچوونەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شیاوی بیر لێکردنەوە و پشتیوانین. ئەو وێڕای پێداگری لەسەر بەردەوامیی پێوەندییەکانیان لەگەڵ حیزبی دێموکرات ڕایگەیاند لەگەڵ هاوبیرەکانی کار بۆ جێبەجێکردنی لەسەر ئەو پرۆژە و بەرنامانە دەکەن.