![](/content/upload/1/news/56359_w920.jpg)
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠١، خوپێشاندان و ناڕەزایەتی لە زانکۆی شارەکانی تاران، مازەندەران، ڕەشت و قوتابخانەکانی شارەکانی سنە و تاران بەردەوام بوو.
لە زانکۆی "عەللامە"ی تاران خوێندکاران بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران دەستیان دایە خۆپێشاندان و دروشمی "نەمان بۆ شا و ڕێبەر" و چەندین دروشمی دیکەیان وتەوە و ڕق و تووڕەیی خۆیان بەرامبەر بە ڕێژیمی دیکتاتۆر لە ئێران دەربڕی.
هەروەها خوێندکارانی دەروەستی ئەو زانکۆیە سەبارەت بە هاتنی "عەلی بەهادۆری جەهرۆمی" وتەبێژی ڕێژیم، ڕقیان چەند بەرابەر بوو و بە دانی دروشم خوازیاری چوونە دەرەوەی ناوبراو لە زانکۆ بوون.
لە زانکۆی ڕەشت، خوێندکاران دەستیان دایە خۆپێشاندان و بە دانی دروشمی تایبەت، ناڕەزایەتیی خۆیان سەبارەت بە "حیجابی زۆرەملێ و یاسا و سیاسەتە نگریسەکانی ڕێژیم نیشان دا.
هەروەها لە مازەندەران، خوێندکاران بە دانی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە زانکۆی ئەو شارە دەستیان دایە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان نیشان دا.
هەروەها قوتابییان لە شارەکانی سنە و تاران هاتنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
لە شاری سنە، قوتابییان لە ڕێگای هاتنەوەیان لە قوتابخانەکان لە شەقامەکانی ئەو شارە دروشمی دژ بە ڕێژیمی ئێران و نەمان بۆ دیکتاتۆریان وتەوە.
لە تاران قوتابییان بۆ پشتیوانی لە جووڵانەوەی سەرتاسەریی خەڵکی ئێران هاتنە سەر شەقامەکان و داوایان لە هاووڵاتییان کرد کە ترسیان بەرامبەر بە ڕێژیم بشکێنن و درێژە بە خۆپێشاندان بدەن.