کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان: سەبارەت بە دۆخی ئێران بەتوندی نیگەرانین

11:49 - 27 رەزبەر 2722

کۆمیسیاریای باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە ڕەوشی ئێران و مافی منداڵان نیگەرانیی خۆی دەربڕی.

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمیسیاریای باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە، بەتوندی نیگەرانی دۆخی مافی منداڵانی ئێرانین کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بەشێوەی دڕەندانە تەقەیان لێ دەکەن و ئازار و ئەشکەنجەیان دەدەن.

کۆمیسیاریای باڵای مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو شێوەیەک مافی منداڵان و خۆپێشاندەرانی پێشێل کردووە و ئەو پێشێلکارییەی ڕێژیم بێ‌وڵام نامێنێتەوە.

''ڕاوینا شەمدسانی''، وتەبێژی کۆمیسیاریای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە کاردانەوەکان دژی ئەشکەنجە و ئازاری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خۆپێشاندەرانی ناڕازی، نیگەرانیی خۆی دەربڕی و وتی: ''پێویستە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەخێرایی کۆتایی بە سەرکوتکارییەکانی بێنێت و بەتایبەت نابێ بە هیچ شێوەیەک ئازار و ئەشکەنجەی منداڵان بدا چونکە ئەو کارەی ڕێژیم دەستدرێژی بۆ سەر یاسای نێونەتەوەییە''.