کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: یەکگرتوویی تاران و مۆسکۆ هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ تەواوی جیهانە

12:10 - 27 رەزبەر 2722

وەزارەتی درەوەی ئامریکا ڕایگەیاند کە، یەکگرتوویی ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە دەبێتە هۆی هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ تەواوی جیهان و سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیم لە هێرشەکانی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین بەشدارە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، لەدرێژەی بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناردنی دڕۆن و مووشەکی بالستیک بۆ ڕووسیە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ''وێدانت پاتێل'' جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاند، قووڵبوونی یەکگرتوویی ڕووسیە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، بابەتێکە کە تەواوی جیهان و بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە لە ناوچەکەدا هەن، دەخاتە مەترسییەکی جیدییەوە و دەبێ دژکردەوەیان بەنیسبەت ئەو پێوەندییە هەبێت.

''وێدانت پاتێل،'' بە ئاماژە بە هەنگاوەکانی ئامریکا بۆ پێشگرتن لەو پێوەندییەی ئێران و ڕووسیە، وتی: ''ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی کە ڕێگری بکەین کە تاران نەتوانێ بەشێوەی نهێنی دڕۆن و مووشەکی بالستیک بە ڕووسیە بفرۆشێت بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکراین''.

هەروەها، ناوبراو جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ئامریکا گەمارۆی نوێ دەخاتە سەر ئەو کۆمپانیایانەی کە لەوبارەیەوە هاوکاریی تاران دەکەن بۆ پێدانی چەکوچۆڵ بە ڕووسیە.