کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەممەکانی شەقام (کاتێک بۆ ڕەشبەڵەک و خۆشەویستی)

22:01 - 28 رەزبەر 2722

ڕەزا دانشجوو

هەر لە ڕۆژی دامەزرانی کولتی تاوانکاریی ڕێژێمی ویلایەتی فەقیە، دوژمنایەتیی لەگەڵ خۆشی و زەردەخەنە و جوانییەوە دەستی پێ کرد، پێش هەموو شتێک تاریک‌پەرەستان ژن و جوانییان لە بەندیخانەی عەقڵی تەسکی کۆنەپەرستی و بیرکردنەوەی پیاوسالاری بە سەپاندنی یاسای حیجابی زۆرەملێ و سنووردارکردنی بێ‌ژماری ئازادیی ژنان زیندانی کرد. ئەم سنووردارکردنانە بە تێپەڕبوونی کات زیاتر و زیاتر دەبوون و ژن و جوانی ناچار بوون لە ماڵەوە بمێننەوە و بوونە ئامرازێک بۆ زاوزێ و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان!  جگە لە ژن و جوانی، سەربازانی ڕەشایی دوژمنایەتییەکی دێرینیان لەگەڵ خۆشی و زەردەخەنەدا هەبوو. ئێستا هەر شتێک کە ببێتە هۆی خۆشی و پێکەوەبوون حەرام بوو و سزا دەدرا. هەڵپەڕکێ و ئاواز قەدەغە بوو، مۆسیقا بەرەو دواوە دەڕۆیشت و خۆشی و زەردەخەنە خەفە کرا. ڕێژیم هەوڵی چاندنی تیۆریی "گریانی پیرۆز" دەدا، کولتووری ماتەمینی و ڕەش‌پۆشین بوو بە تەوەری باڵادەستیی کۆمەڵگە پێکەنین بە دەنگی بەرز بوو بەکردەوەیەکی کرێت و شەیتانی!  کوردستان لە یەکەم دێڕی شەڕی دژ بە تاریکپەرەستاندا بوو، بۆ ئەو خەڵکەی کە بە دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا، لەگەڵ هەڵپەڕکێ و گۆرانی گەورە ببوون،  شادنەبوون و پێنەکەنین، چەتوونترین کار بوو. ئێستا جلی جوان و ڕەنگاوڕەنگی ژنان کورد لە چەمەدانی ماڵێدا بوون و چادری ڕەش تەنیا لیباسی ڕێگەپێدراو بۆ دەرەوە بوو. 

بۆ کورد لەبەرکردنی ڕەش قێزەونە، تەنیا لە ماتەمینیدا هەندێک جار  کەسانێک زۆر نزیک لە مردووەکە تەنها سێ ڕۆژ ڕەش لەبەر دەکەن، بۆ کورد هەڵپەڕکێ تەنیا وشەیەک نییە، بەشێک لە کولتووری هەزاران ساڵەیە. ڕێژێم دەیهەویست بەهەر شێوەیەکی ڕێگریی لێ بکات، دەیانگوت ژن و پیاو پێکەوە بن حەرامە. بێگومان ئەم هەڵوێستە بۆ پەرستیارانی تاریکی کە جگە لە ڕوخسارێکی سێکسی و ئامرازێک بۆ زاوزێ، هیچ ڕوانگەیەکی تریان لەبارەی ژنانەوە نییە، سەیر نییە. کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدا بە ئامانجی خۆی بگات، بەڵام هەرگیز نەیتوانی کورد لە هەڵپەڕکێ ڕابگرێت، سەرەڕای هەموو گوشارەکان و تەنانەت فیتنەی هەندێک لە پیاوانی ئایینی نزیک لە ڕژێم بۆ وروژاندنی بەشە ئایینییەکەی کۆمەڵگە، هەڵپەڕکێ وەک بەشێکی نەبڕاوە لە ڕێوڕەسمی زەماوەند و میوانی کورد مایەوە. زەماوەند بەبێ هەڵپەڕکێ؟؟؟ 

کاتێک بۆ ڕەشبەڵەک و خۆشەویستی

دوای کارەساتی دڵتەزێنی كوشتنی ژینا لە لایەن ڕێژێمەوە، گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە ئینتەرنێت بڵاو بووەوە، كە كاریگەریی زۆری هەبوو، ژینا بە جلی كوردیی سوور، بێگەرد و شكۆمەندەوە، بە زەردەخەنەوە لەسەر دەموچاو، بە قژێكی پەرێشانەوە خەریکی چۆپی‌کیشان بوو. بە دڵنیاییەوە ئەم وێنە سادەیە بەتەنها گەورەترین هێرشە بۆ سەر هەموو ئەو نۆرم و پیرۆزیانەی کە کۆماری ئیسلامی بە زۆر بەسەر خەلکدا سەپاندوویەتی، لایەنگرانی تاریکی ڕقیان لە ڕەنگی شادە، ڕقیان لە زەردەخەنەیە، دوژمنی هەمیشەیی. هەڵپەڕکێ و گۆرانین، قژی پەرێشان ئەفسانەی درۆی دەسەڵاتیان دەشێوێنێت.

لە ڕۆژی یەکەمەوە کە کچان و ژنانی نیشتیمان لەچک و ڕووسەرییەکانیان لە هەوادا دەجووڵاند و بە قژی پڕ لە شڵەژاوە سەمایان دەکرد، ستوونە لەرزۆکەکانی ڕێژێم لەرزاوه. بەڵێ ئەمە چەکێکی بەهێزە لە بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی خۆشی و زەردەخەنە، ئەوانەی لە قژی ژنان دەترسن، ئەوانەی هەڵپەڕکێ و پێکەوەبوونی ژن و پیاو ئازاریان ئەدات، ئەوانەی توانای بینینی خۆشی خەڵکیان نییە، بەڵێ دەبێ بەم چەکەوە بچینە شەڕیان. با شەممەکانی شۆڕش کەمێک جیاوازتر و شۆڕشگێڕتر بێت، شەممەی هەڵپەڕکێ و گۆرانی، کاتێک بۆ خۆشەویستی، بۆ ڕێزگرتن لە ئەوین و ئەوینداری، بۆ تەواوی ئەو پێکەنین و زردەخەنە قەدەغەکراوەنەی کە لەژێر دەسەڵاتی تاریکپەرەستان بوون بە گریان و فرمێسک، بۆ ناساندنی کولتوورێکی چەند هەزار ساڵە. 

با شەممەی شەقام جیاواز بێت، ئاگرێک هەڵدەکەین و دەست بە دەست یەک ڕەشبەڵەک ساز دەکەین و تا بەرەبەیان بە دەنگی مۆسیقا و گۆرانی هەڵدەپەڕین و بۆ ئازادی و خۆشەویستی دەنگ بەرز دەکەینەوە. با ناوی بێت شەممەی خۆشەویستی، بە یادی تەواوی ئەو ئەویندارانەی کە لە تەواوی ئەم ساڵانەدا  تامەزرۆی پێکەوەبوونێکی سادە و چاونەترس بۆیان بوو بە خەون. کۆماری پەت و سێداره ئارەزووی تەسلیمبوون و دیتنی فرمێسکی کچان و کوڕانی کوردستان دەباتە ژێڕ گڵ.

ئێمە لەگەڵ ئازار و ژان گەورە بووین، ڕەش ناپۆشین، فرمێسک ناڕێژین و ماتەم ناگرین، ڕەشبەڵەک ساز دەکەین و هەڵدەپەڕین و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان گیان دەبەخشین. با ڕەشبەڵەک بسوڕێتەوە و ئالای کوردستان دەستمالی چۆپی شکاوە بێت و"ژن، ژیان، ئازادی" گوێ ئاسمان کەڕ کا...

"کیژ و کوڕ بگرن لە دەوری گۆڕی هێمن ڕەشبەڵەک

من کە شینگێڕی شەهیدانم لەکوێ شینم دەوێ"