کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی یەکیەتی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران

15:36 - 29 رەزبەر 2722

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە گیانلەدەستدانی گوماناویی یەکێک لە ئەندامەکانی لە شاری شنۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی مافخوازیی گەلانی ئێران!

مامۆستایانی دەروەستی کوردستان و ئێران!

بەداخەوە کاتژمێر ٧ و ٤٠ خولەکی سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، مامۆستا "دوکتور سۆران شوانی" مامۆستای قوتابخانە و خاوەن کلینیکی موشاورە لە شاری شنۆ، لەلایەن ماتوڕسوارێکی نەناسراو تەقەی لێ دەکرێ و بەتوندی بریندار دەکرێ و پاش چەند خولەک گیان لەدەست دەدات. "دوکتور سۆران شوانی" ئەندامێکی چالاک و جەسوور و زانای یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان و هەروەها مامۆستایەکی خوشناو و جێگای ڕێزی خەڵکی شاری شنۆ و مامۆستایان و قوتابییان بوو. هیچ کێشەیەکی تاکەکەسیی لەگەڵ کەس نەبووە و ئێمە تەنیا کاربەدەستانی ئەمنییەتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە شاری شنۆ بە قاتڵ و بکوژی  شەهید دوکتور سۆران دەناسین و دەزانین. هەربۆیە تا دیتنەوەی تاوانبار یان تاوانبارانی ئەو کارەساتە، بەرپرسی ئیداریی ئاموزش و پەروەرش و حەراسەتی پەروەردەی شاری شنۆ بە هۆکاری سەرەکیی ئەو تێرۆرە دەزانین.

لێرەدا پرسە و سەرەخوشی خۆمان لە بنەماڵەی دوکتور شوانی و بەتایبەت خیزانی و دوو منداڵە چاوگەشەکەی، مامۆستایان و قوتابییانی شاری شنۆ دەکەین و دڵنیاتان دەکەینەوە تا وەدێهێنانی ئامانجەکانی مامۆستا سۆران لە خەباتی شار لە سەنگەری قوتابخانە بەردەوام دەبین.

ڕۆحی مامۆستا دوکتور سۆران شوانی شاد و ڕێبازی بەردەوام بێت.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران

٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی