![](/content/upload/1/news/563921_w920.jpg)
''یائیر لاپیت''، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، وێڕای ئەوەیکە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە "تێرۆریستی" ناو لێ برد، وتیشی: ''پێوەندیی تاران لەگەڵ ڕووسیە مەترسییەکی جیدییە بۆسەر جیهان''.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، ''یائیر لاپیت'' سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی "ئار تی وی ئای"ـی ئەو وڵاتە وتی: ''پێوەندیی ڕووسیە و کۆماری ئیسلامیی ئێران نە تەنیا بۆ ئیسرائیل، بەڵکوو بۆ ئۆکراین و ئورووپا و تەواوی جیهان کێشەیەکی جیددیە و دەبێتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار''.
ناوبراو باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی ئێران، ڕێژیمێکی تێرۆریستیی مەترسیدارە و بەوحاڵە ڕووسیە سەوداگەریی لەگەڵ دەکات و بەو کارەش تەواوی جیهان دەخاتە مەترسییەوە.
لاپید لە درێژەدا وتی: ''ڕێژیمی ئێران بەوە تاوانبارە کە لە هێرشەکانی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین هێز و چەکوچۆڵی قورسی بەکار هێناوە و ڕاستەوخۆ بەشدار بووە و ڕووسیە چەندین دڕۆن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ڕێژیمی ئێرانی کڕێوە و هێزی سپای تێرۆریستیی پاسدارانیشی بۆ ڕاهێنان بردووەتە بەرەی شەڕەوە، بۆیە پێویستە هەموو جیهان لەسەر پێوەندیی نێوان ڕووسیە و ڕێژیمی ئێران بێتە دەنگ و ڕێگا نەدەن ئەو پێوەندییە بەردەوام بێت.