کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لەگەڵ سەرۆکی ناوەندی نیۆیۆرک بۆ سیاسەتی دەرەوە

17:07 - 29 رەزبەر 2722

''خالید عەزیزی'' وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هاوڕێ لەگەڵ ''ڕەحیم ڕەشیدی''، ئەندامی ئەنستیتوی گوڵد بۆ ستراتێژی نێونەتەویی، لەگەڵ ''جەستن ڕۆسڵ'' سەرۆکی ناوەندی نیۆیۆرک بۆ سیاسەتی دەرەوە، هەروەها کۆمەلێک پسپۆری لۆبیگەری و شارەزا لە بواری ئاسایشی ئێنترنێت، لە بنکەی میدیای نیشتمانی لە واشنتۆن کۆ بوونەوە.

لەو دیدارەدا، ''خالید عەزیزی'' تیشکی خستەسەر دوایین ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و سەبارەت بەو بارودۆخەی لە ئێران و کوردستان هاتووەتە ئاراوە، ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات داوای لە بەشداربووان کرد لە هەر ڕێگایەکی مومکینەوە بۆیان دەکرێت گوشار بخەنەسەر بەڕێوەبەرایەتیی ''بایدن'' هەتا دەست لە دروشمی نەگۆڕینی ڕێژیم لە ئێران هەڵگرن و ئەم باس و داوایە بۆ خەڵکی ئێران بێڵنەوە، هەروەها بە جیددی کار لەسەر ئەوە بکەن کە ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە قازانجی ئاشتی و تەناهی لە کۆی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.

لە لایەکی دیکەوە باس لە پێویستی و بایەخی ئێنترنێتی خۆڕایی بۆ خەڵکی ناڕازیی ئێران کراو و لەم بەستێنەدا بەوردی پرسی ئاسایشی ئینترنێت هاتە ئاراوە.

لە تەوەرەیەکی دیکەدا باسی پێوەندیدار بە ناوچەی دژەفڕین وەکوو پرسێکی مرۆیی قسەی لێ کراو و لەمبارەوە بڕیار درا کە ئەگەر گوشار و هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بەردەوام بن بۆ پێشگرتن لە کارەساتی مرۆیی ئەوە لە ئاستی جۆاوجۆردا کار لەسەر ئەم بژاردەیە بکرێت.

بەشداربووان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان لەو دیدارە بڕیاریان دا بۆ یارمەتیکردن بە چڕترکردنەوەی باس و بابەتی خەباتی خەڵکی ئێران لە ئامریکا، پشتئەستوور بە زانیاریی ورد، دەتوانن لە ڕێگای حیزبی دێموکرات لە پێوەندیی بەردەوامدا بن و هەوڵ دەدەن لە هەموو دەرەتان و دەرفەتێک کەڵک وەر بگرن هەتا بەرچاوڕوونی بۆ بیروڕای جیهان بەگشتی و خەڵکی ئامریکا بە تایبەتی بهێنە ئاراوە.