![](/content/upload/1/news/56394_w920.jpg)
لە دووهەمین مانگی شۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێران و سەرکوتە خوێناوییەکانی ڕێژیمی ئێران و بەشداریی ئەو ڕێژیمە لە شەڕی ئۆکراین، بەردەوام وڵاتانی ئورووپایی داوای دەرکردنی نوێنەر و دیپلۆماتکارانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتان و ڕێخکراوە نێونەتەوەییەکان دەکەن.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، "چارلی وایمێرز" نوێنەری وڵاتی سوئێد لە پارلمانی ئورووپا داوای لە یەکیەتیی و پارلمانی ئورووپا کرد کە دیپلۆماتکارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەر بکەن و وتیشی ئێستا کاتی دەرکردنی ڕێژیمی ئێران لە ئورووپا نەبێ کەی کاتیەتی؟
وایمێرز وتوویەتی: ''ڕێژیمی ئێران لە هێرشەکانی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین بەشداریی بەرچاوی هەیە و بۆ سەلماندنی ئەوەش لای ئۆکراینییەکان بەڵگەی تەواو هەیە کە چەندین فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و دڕۆنی ڕێژیمی ئێرانیان لە شەڕدا کردووەتە ئامانج، بۆیە ئێستا باشترین کاتە بۆ ئەوەی باڵوێز و دیپلۆماتکارانی ڕێژیم دەر بکرێن و دانوستانەکانی بەرجامیش کۆتایی پێ بهێنرێت، لەبەر ئەوەیکە ئەو ڕێژیمە بەرەوە کۆتایی تەمەنی دەڕوا.