کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ١٠ کارناسی سەربازیی ڕێژیمی ئێران لە خاکی ئۆکراین

11:05 - 30 رەزبەر 2722

بەرپرسێکی ئۆکراینی ڕایگەیاندووە کە لە هێرشەکانی ڕووسیە بۆ سەر ئەو وڵاتە، ١٠ کەس لە کارناسانی سەربازیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران کە خەریکی ڕاهێنانی سەربازانی ڕووسی بوونە لە خاکی ئۆکراین کوژراون.

ڕۆژی هەینی ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، ڕۆژنامەی ''ئورشەلیم پۆست''ی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی پلەبارزی ئۆکراینییەوە رایگەیاند کە ١٠ کەس لە کارناسانی سەربازیی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە خاکی ئۆکراین کوژراون کە خەریکی ڕاهێنانی سەربازانی ڕووسی بوون کە چۆن دڕۆن و چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئۆکراین بەکار بێنن.

ئەو ڕاپۆرتە لە حاڵێکدایە کە پێشتر بەرپرسانی ئامریکایی سەبارەت بە بوونی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ ڕاهێنان و فێرکردنی بەکارهێنانی دڕۆن لە "شاری کریمە" هۆشدارییان دابوو.

یەکییەتی ئورووپا بەو هۆیەوە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو چەندین گەمارۆیان خستە سەر ڕێژیمی ئێران و ئامریکاش خۆی بۆ گەمارۆی دیکە دژی ئەو ڕێژیمە ئامادە دەکات.