یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی چلەی "ژینا ئەمینی" لە بانگەوازێکدا داوای لە خەڵک و بەتایبەت خوێندکارانی کوردستان و سەرانسەری ئێران کرد کە بە هاتنە سەر شەقام جارێکی دیکە جەستەی نگریسی دیکتاتۆر بخەنە لەرزە.
دەقی بانگەوازەکە بەم چەشنەیە:
خوێندکارانی ئازادیخوازی ئێران و کوردستان!
قوتابییانی بە ئەمەگ و دەروەست!
خەڵکی بەشەرەف و خەباتکاری کوردستان و ئێران!
وەک ئاگاداران چل ڕۆژ پێش ئێستا، ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز، بە دەست جەللادەکانی ڕێژیمی ئاخوندی گیانی لەدەست دا و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی کوردستان بوو، تاوانی ئەم کچە کوردە تەنیا هاوشێوەنەبوون لەگەڵ ژنانی فریوخواردوو و بەکرێگیراوی ڕێژیمی پەت و سێدارەی کۆماری ئیسلامی بوو.
ئەمە یەکەم تاوان نییە کە ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر ژنانی ئێران و کوردستان دەیکات، بەردەوام بە ئاشکرا و شاراوە ژنان لەو وڵاتە بەهۆی سیاسەتی چەوت و چەقبەستووانەی ئاخوندەکان و لە سەرووی هەموویانەوە خامنەیی دیکتاتۆر یان دەکوژرێن یان کەرامەتیان دەشکێت.
بۆیە وەکوو یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، کە ئاڵاهەڵگری خەبات بۆ یەکسانی و ئازادییە، داوا لە سەرجەم خوێندکاران، قوتابییان و خەڵکی ئێران و کوردستان دەکەین، کە لە چلەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بە مانگرتن و هاتنە سەر شەقام جارێکی تر جەستەی نگریسی دیکتاتۆر بخەینە لەرزە و کۆتایی بە دەسەڵات و حوکمی دژەمرۆیی ئەم سیستەمە بهێنین هەتا لەژێر سێبەری ئازادیی و دادپەروەریدا گەلانی ئێران ژیانێکی تەژی لە ئاسایش و بەختەوەری ئەزموون بکەن.
وادەی دیدارمان ڕۆژی شەممە، ۳۰ی ڕەزبەر کاتژمێر ۱۱ی سەرلەبەیانی، گۆڕەپان و شەقامە سەرەکییەکان و لە ئێوارەی هەمان ڕۆژدا بە بەشداریی لە هەڵپەڕکێی شەقام تەخت و بەختی دیکتاتۆر بلەرزێنین.
هێمای پێکەوەبوون: بەرزکردنەوەی دەستی چەپ بە مستکراوی و لابردنی لەچک و سەرپۆش بە مەبەستی ئازادی و یەکسانبوونی ژن و پیاو.
دروشمەکانمان:
"ژن، ژیان، ئازادی.... بڕوات زوڵم و بێدادی"
"ستەم لە بیر ناکرێ.... ژینا لە دڵ نامرێ"
"خوێندکار چەکت پێنووسە.. ئازادی پێ بنووسە".
سەرکەوێت بزووتنەوە و ڕاپەڕینی ڕەوای کوردستان و ئێران
بڕووخێت کۆشکی ستەم و بێدادیی ڕێژیمی ئاخوندی
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
۲۹ی ڕەزبەری ۲۷۲۲ی کوردی