کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا پشتیوانییان لە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ئێران کرد

11:29 - 30 رەزبەر 2722

ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە بانگەواز بۆ ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ئێران لە ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات لە پەیامێکدا پشتیوانی خۆیان لە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەکانی ئەو جارە کردووە.

لەو پەیامەدا هاتووە:

بە ناوی "ژن، ژیان، ئازادی"، بەردەوامیی و یەکگرتوویی لە ڕاستای بەهێزکردنی سەنگەری بەربەرەکانیی دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەرکی هەموو چین و توێژە شۆڕشگێڕەکانی کۆمەڵگایە. وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گیانبەختکردووان و هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران، داوا لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەکەین کە لە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی شەممە ٣٠ ڕەزبەردا بەشداریی بکەن و تا گەیشتن بە یەکسانی و ئازادی لە هیچ هەوڵێک درێخی نەکەن.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیەندراوە بە تایبەت داوا لە خەڵکی کوردستان کراوە کە وەک چۆن لە سەرەتاوە دانیان بە دەسەڵاتی نگریسی ڕێژیمی خۆسەپێنی ئیسلامی لە ئێراندا نەنا، هەر بەو شێوەیە و لەو هەلومەرجەدا لەسەر شەقام و زانکۆ و قوتابخانەکان دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بە گوێی هەموو لایەک بگەیەنن و قەبووڵی حوکمی ڕێژیمی دیکتاتۆر لە ئێراندا نەکەن.

لەو پەیامەدا هەروەها داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان و ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بە تایبەت ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە ئورووپا کراوە کە لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی کە لەو ڕۆژەدا لە شاری "بێرلینـ"ـی وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە دەچێت، چالاکانە بەشداریی بکەن.

ئەو ڕێکخراوانەی کە پشتیوانییان کردووە بریتین لە:

ڕێکخراوی لاوانی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی ژنانی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی خوێندکارانی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی ژنانی خەباتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوانی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد

ڕێکخراوی لاوانی پێشڕەو