![](/content/upload/1/news/56403_w920.jpg)
لە درێژەی پشتیوانییەکانی کوردانی دەرەوەی وڵات لە ڕاپەڕینی سەرانسەریی خەڵک لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕەزبەر بەرانبەر بە ١٩ی ئوکتۆبری ٢٠٢٢ی زایینی بە بەشداریی دەیان کەس لە کوردان و ئەندامانی حیزبی دێموکرات چالاکیی داگیرساندنی مۆم لە شاری "هێلسینکی" پێتەختی وڵاتی فینلاند بەڕێوە چوو.
لەو چالاکییەدا بەشداربووان بە داگیرساندنی مۆم ناوی "ژینا"یان نووسی و بە دانی دروشم و خوێندنەوەی پەیام بە زمانەکانی "کوردی و فینلاندی" پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران دەربڕی.
بەشداربووان هەروەها بە هەڵگرتنی وێنەی ژینا ئەمینی و شەهیدانی شۆڕشی ژینا سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ناڕازی و ڕاپەڕیوی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵاتیان مەحکووم کرد.
ئەم چالاکییە کە لەلایەن فێدراسیۆنی کوردانی فینلاندەوە ڕێک خرابوو دوای کاتژمێرێک کۆتایی پێهات.