کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە گوندی "تەنگیسەر"ی ناوچەی سنە کۆچی دوایی کرد

12:52 - 30 رەزبەر 2722

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، "شا محەممەد ڕەزایی" ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا لە گوندی تەنگیسەری ناوچەی ژاوەرۆی سنە کۆچی دوایی کرد.

کاک "شا محەممەد ڕەزایی" ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی لە گوندی "تەنگیسەر" لە دایک بووە، ناوبراو دوای شۆڕشی گەلانی ئێران بووەتە ئەندامی حیزب و چالاکانە کاری بۆ حیزب کردووە.

ناوبراو لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەکانی گەلی کورد لە ڕیزی ئەندامانی چالاک و کارای حیزبی دێموکراتدا، هەڵسووڕاوی زۆری لە خۆی نیشان داوە و لە هیچ هەوڵ و تێکۆشانێک خۆی نەبواردووە.

بە داخەوە مەرگ مەودای پێ نەدا کە زیاتر خزمەت بە ئامانج و ئارمانە پیرۆزەکانی حیزب و گەل بکا و ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەزبەر کۆچی دوایی کرد و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە گەل و نیشتمانە پیرۆزەکەی کرد.

تەرمی ناوبراو لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی تەنگیسەر و ناوچەکە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری ناوبراو و بە گشتی خەڵکی تەنگیسەر و ناوچەکە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.