کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندان و مانگرتنەکان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران بە شێوەی بەرین درێژەیان هەیە

17:07 - 30 رەزبەر 2722

خۆپیشاندان و مانگرتنەکان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران درێژەیان هەیە و خەڵک بە هەر شێوەیەک بۆیان بکرێت ناڕەزایەتیی خۆیان نیشان دەدەن.

 ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، لە کوردستان لە شارەکانی ''بانە، مەهاباد، مەریوان، بۆکان، سەقز، سنە'' و لە ئێران لە شارەکانی ''تەورێز، کەرەج'' و چەندین شاری دیکە خەڵک بە داخستنی دووکان و بازاڕ، مانگرتنی سەرانسەرییان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دژ بە ڕێژیم بەڕێوە برد.

هاوکات لە زانکۆی زۆربەی پارێزگاکانی ''ئەلئەحواز، مازەندەران، تاران، یەزد، ئیسفەهان، یاسووج،  هەمەدان، مەشهەد، کرماشان ''و لە چەندین پارێزگای دیکە، خوێندکاری زانکۆکان بە کۆبوونەوە لە هەرێمی زانکۆکان و بە دانی دروشم ناڕەزایەتیی خۆیان نیشان دا.

هەروەها لە شارەکانی ''تاران، ئیسفەهان، ئەردەبیل، مەشهەد، ئەراک، تەورێز'' خەڵک هاتنە سەر شەقامەکان و بە دانی دروشم ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر ڕێژیمی دیکتاتۆری ئێران نیشان دا و لە زۆربەی شارەکانی کوردستان لەوانە ''سەرپێڵ زەهاو، سنە، مەهاباد'' و شارەکانی دیکە خەڵک لە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیدان.