کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە مەهاباد خۆپیشاندەران پاشەکشایان بە هێزەکانی ڕێژیم کرد

20:47 - 30 رەزبەر 2722

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێژیم لە شاری مەهاباد تا دێت زیاتر لە بەرامبەر ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ناڕازی پاشەکشە دەکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە مەهاباد، ڕێژیم کۆبوونەوە و ڕێوڕەسمەکانی خۆی زۆر کەم کردووەتەوە و ناوێرێت بە شێوەی ئاشکرا کۆبوونەوەکانی بەڕێوە بەرێت.

هێزەکانی ڕێژیم لە مەهاباد لە ئێستادا ناوێرن بە شێوەی ئاشکرا بەنێو خەڵکدا بگەڕێن و ڕۆژانە تەنیا هەندێک هێزی ڕێژیم بە جلی مەدەنی بەنێو خەڵکدا دەگەڕێن و هەوڵی شناسایی خەڵکی ناڕازە دەدەن کە جاشەکان لەوەدا دەستی دیاریان هەیە و خۆ لە خەڵک نزیک دەکەنەوە.

هەروەها باس لەوە دەکرێت کە ڕێژیم هەوڵ دەدات زیندانییانی سیاسیی زیندانی ئەو شارە بۆ شوێنی نادیار ڕابگوازێت.

خۆپیشاندانی خەڵکی ناڕازی لە شاری مەهاباد بە شێوەی بەرین درێژەی هەیە و لاوانی شۆڕشگێڕ گۆڕەپانەکانی ئەو شارەیان لە داگیرکەران کردووەتە مەیدانی بەربەرەکانی.

لەو پێوەندییەدا شەوی پێنجشەممە ٢٨ی ڕەزبەر، لاوانی شۆڕشگێر لە سێ ڕییانی "شیلانـ"ـی مەهاباد دەستیان کرد بە خۆپیشاندان و دواتر بەهۆی هێرشی هێزەکانی ڕێژیم، خۆپیشاندانەکەیان گواستەوە بۆ گەڕەکی بەری مەدرەسە.

سەرچاوەیەک لەو بارەوە ڕایگەیاند کە بە دوای کردنەوەی ئاگر و دانی دروشم، هێزەکانی ڕێژیم بەرەوڕووی لاوانی شۆڕشگێڕ بوونەوە و شەڕ و تێکهەڵچوون ڕووی دا و دواتر هێزەکانی ڕێژیم پاشەکشەیان کرد بۆ کەلانتەری باغی شایەگان.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو کە هێزەکانی ڕێژیم لەو کەلانتەرییەدا خۆیان حەشار دابوو و لاوانی شار کە دەورەی کەلانتەرییان دابوو، ویستیان هێرش بکەنە سەر کەلانتەرییەکە کە لەبەر کەمی ئیمکانات ئەو کارەیان نەکرد.

لەو خۆپیشاندانەدا لە شەڕ و تێکهەڵچوونی خەڵک و هێزەکانی ڕێژیمدا چەند کەس دەسبەسەر کران.