کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپی هەکێری ''بلاک ڕێوارد'' ژمارەیەک بەڵگەنامە بەرهەمێنانی وزەی ناوکیی ئێران بڵاو کردەوە

10:34 - 1 خەزەڵوەر 2722

گرووپی هەکێری "بلاک ڕێوارد" ژمارەیەک بەڵگەنامەی پێوەندیدار بە کۆمپانیای بەرهەمهێنان و پەرەسەندنی وزەی ناوکی ڕێژیمی ئێرانی بڵاو کردەوە.

ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، گرووپی هەکێری بلاک ڕێوارد، لە کاناڵی تێلگرامی خۆی بڵاوی کردەوە کە، پاش تێپەڕبوونی ٢٤ کاتژمێر بەسەر هەککردنی بەرنامەکانی وزەی ناوکیی ڕێژیم، کۆمەڵێک داواکاری لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەبوو و جێبەجێ نەکران و ئەویش کۆمەڵێک بەڵگەنامەی ناوکیی بڵاو کردەوە.

ئەو بەڵگەنامانەی کە لەلایەن ئەو گرووپە بڵاوبووتەوە بریتین لە: ''ڕێککەوتنەکان، کات‌ دیاریکردنی بەڕێوەبەرایەتی، ناوەندی وزەی بوشێهر، بەڵگەنامەی مووچەی کارمەندان، ویزای پسپۆڕانی ئێرانی و ڕووسی لە ناوەندی وزەی بوشێهر''.

ئەو گرووپە هەکێرییە یەک ڕۆژ پێش هێرشە سایبێرییەکەی بۆ سەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، ٢٤ کاتژمێری بۆ بەرپرسانی ڕێژیم دانا کە دەبێ لەو ماوەیەدا هەموو بەندکراوانی سیاسی و دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکان ئازاد بکات، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم ئەو داواکارییەی جێبەجێ نەکرد و ئەو گرووپەش ژمارەیەک بەڵگەنامەی ناوەندی وزەی ناوکیی ڕێژیمی بڵاو کردەوە و هەڕەشەی ئەوەش دەکا کە تەواوی سیستمی ناوکی ئێرانی هەک کردووە و ئەگەر ئەو داواکارییە جێبەجێ نەکرێ هەمووی بڵاو دەکاتەوە.