کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەقامەکانی کوردستان گۆڕەپانی بەربەرەکانیی خەڵکی ناڕازی دژ بە ڕێژیمی ئێرانن

11:32 - 1 خەزەڵوەر 2722

شەوی شەممە ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، شەقامی زۆربەی شارەکانی کوردستان هەروا گۆڕەپانی بەربەرەکانیی خەڵکی شۆڕشگێر و لاوانی ناڕازی بە دژی ڕێژیمی ئێران بوون.

لە شارەکانی ورمێ، مەریوان، مەهاباد، بۆکان، سنە، کرماشان و چەندین شوێنی دیکە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵکی ناڕازی بەردەوام بوو و خەڵک بە دانی دروشم و کردنەوەی ئاگر و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم، درێژەیان بە ناڕەزایەتییەکان دا.

لە ورمێ، خەڵکی ناڕازی هاتنە سەر شەقام و بە دانی دروشم، دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بە گوێی دەسەڵات گەیاندەوە و تەنانەت کانێکسی پۆلیسیان ئاگر تێبەردا.

لە مەریوان، لاوانی شۆڕشگێڕی شار لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خۆیان دژی ڕێژیم بەردەوام بوون  و زۆربەی شەقامەکانی شاریان گرتبووە دەستی خۆیان.

لە مەهاباد خۆپیشاندان لە گەڕەکی "شیلانان" بە چڕی دەستی پێکردبوو و زۆربەی شەقامەکان لەلایەن لاوانی شارەوە کۆنتڕۆڵ کرابوو و ئاگر کرابووەوە و دروشمی "قاسملوو قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە" و دروشمی دژ بە دیکتاتۆر و جاشەکان دەوترایەوە.

بە دوای دەسپێکردنی خۆپیشاندان، هێزەکانی ڕێژیم پێکهاتوو لە یەگان ویژە و جاشەکان، ڕوویان لەو گەڕەکە کردبوو و بەتایبەت لە کەلانتەری "باغی شایەگان" مۆڵ درابوون کە دواتر بەرەوڕووی خەڵک بوونەوە.

یەکێک لە خۆپیشاندەران باس لەوە دەکات کە هێزەکانی ڕێژیم بە تاپڕ و گازی فرمێسکڕێژ بەرەوڕووی خەڵک بوونەوە و کۆمەڵێکی زۆر لە خۆپیشاندرەران بریندار بوون و دواتر بە چەکی کڵاشنیکۆفیش تەقەیان لە خەڵک دەکرد و شەڕ و تەقە هەتا دەرنگانی شەو بەردەوام بوو.

هەروەها لاوانی شۆڕشگێڕ لە پردی تەپەی قازی ئەو شارە، بەنێرێکی گەورەیان بە دروشمەکانی ''نەمان بۆ دیکتاتۆر، نەمان بۆ ویلایەتی فەقیهـ و ژن، ژیان، ئازادی'' هەڵواسیبوو.

لە بۆکان، خەڵکی ناڕازی نەیانهێشت شەقامەکان چۆڵ بن و بە هاتنە سەر شەقامەکان و کردنەوەی ئاگر و گرتنی شەقامە سەرەکییەکانی شار درێژەکان بە خۆپیشاندانەکان دا.

خاپیشاندەرێک لەو بارەوە ڕایگەیاند، خۆپیشاندان شەوی ڕابردوو لە نەخۆشخانەی کۆن سەری هەڵدا و دواتر خەڵکی ناڕازی بەرەو سێڕییانی شەهامەت ڕۆیشتن و لەوێ هێزەکانی ڕێژیم بەرەوڕووی خەڵک بوونەوە. بە دوای ئەوەدا خۆپیشاندان کێشرا بۆ شەقامی ئەبووزەر و عەشایر،  خەڵک ئاگریان کردەوە و هێزەکانی ڕێژیمیان بەردباران کرد.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند کە بەکرێگیراوێکی ڕێژیم لەو کاتەدا وێنەی ئەو ماشینانەی دەگرت کە سیگناڵیان لێدەدا و هانی خۆپیشاندەرانیان  دەدا کە دواتر لەلایەن چەن خۆپیشاندەرەوە کەوتە بەر هێرش و زۆری لێدرا.

لە سنە لە زۆربەی گەڕەکەکانی شار خۆپیشاندان بەردەوام بوو و دروشمە نەتەوەییەکان و دروشم دژی ڕێژیم بەرز بوون و خەڵک زۆربەی شەقامەکانی شاریان گرتبوو و مەودا بە هاتنی هێزەکانی ڕێژیم نەدەدرا.

لە کرماشان  خەڵکی شار بۆ جارێکی دیکە هاتنە سەر شەقامەکان و بە دانی دروشم دەنگی ناڕەزایەتی و ڕق و تووڕەیی خۆیان بەرامبەر بە ڕێژیمی ئێران نیشان دا.