کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایان لە هەمبەر مووشەکبارنکردنی قوتابخانەی ڕۆژهەڵات لە کۆیە

12:09 - 1 خەزەڵوەر 2722

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، لە هەمبەر موشکبارانکردنی قوتابخانەی بنەڕەتی ڕۆژهەڵات لە شاری کۆیە لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ئەو کردەوەیەی مەحکووم کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ١ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و کە تێدا هاتووە:

لە ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ ی هەتاوی کە سەرەتای کرانەوەی قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق بوو، بەداخەوە قوتابخانەی قوتابییانی ئاوارەی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ''قوتابخانەی تێکەڵاوی بنەڕتی ڕۆژهەڵات'' لە شاری کۆیە لە پارێزگای هەولێر کە نزیک بە ٢٠٠ قوتابی تێدا خەریکی خوێندنن، لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە دڕۆنی خۆتەقێن و مووشکی دوورهاوێژ، بۆمباران کرا و بەداخەوە چەند قوتابیی بریندار بوون، ئەوە لە کاتێکدایە کە تەنانەت لە کاتی شەڕ لە نێوان وڵاتاندا قوتابخانەکان پارێزراون، بەڵام ڕێژیمێکی سەرەڕۆ و وڵامنەدەر و نابەرپرسی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕەحم بە قوتابخانە و قوتابی ناکا و بە دڕۆن و موشکی دوورهاوێژ قوتابخانە دەکاتە ئامانج و بۆمبارانی دەکات.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، داوا لە ڕێکخراوی یونسکۆ و ڕیکخراوەکانی مرۆڤ دوست دەکا کە لە هەمبەر ئەو جینایەتە سامناکەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر قوتابخانە و قوتابییان بێدەنگ نەبن و ئەو کردەوەی ڕێژیمی ئێران مەحکووم و ڕیسوا بکەن تا دووپات نەبێتەوە و کارەسات بۆ قوتابخانە و قوتابییانی کوردی ئاوارەی ڕۆژهەڵات دووپات نەبێتەوە.