کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا پەیامێکی ڤیدئۆیی لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئێران بڵاو کردەوە

12:14 - 1 خەزەڵوەر 2722

"پێنی وەنگ'' لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە بە ''ژن، ژیان، ئازادی'' دەستی پێ کرد، پشتیوانی لە ژنان و کچانی ئێران کرد کە بۆ وەدەستھێنانی مافی بەرانبەر تێدەکۆشن.

وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا وتی: ''ئێمە داوا لە ڕێژیمی ئێران دەکەین کە ئەو زوڵمە دژی ژنان بوەستێنێت و دەست لە سەرکوتی خۆپێشاندەران ھەڵگرێت''.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: ''پشتیوانی لە خۆپیشاندانە مەدەنییەکان دەکەین و سەرکوتی ڕێژیم دژی خۆ پێشاندەران شەرمەزار دەکەین کە تا ئێستا بە سەدان ژن، پیاو و منداڵ بە دەستی ھێزەکانی ڕێژیمی ئێران کوژراون. ئێمە ڕۆژانە گوێبیستی زۆر ھەواڵ لەسەر جۆری هەڵسوکەوتی هێزەکانی ڕێژیم بەرانبەر بە خۆپیشاندەران لە سۆشیال میدیا دەبین کە زۆر جێگای داخە''.

"وەنگ" لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە وەزیری پەروەردەی ڕێژیم بۆ پاساوی زیندانیکردنی قوتابیان دەڵێت: "ئەو منداڵە دەسبەسەرکراوانە ڕادەستی ڕاوێژکاری نەخۆشییە دەروونیەکان دەکەین. ھەروەھا دیتمان لەو چەند ڕۆژە دا کچێک لە خۆپیشاندانەکاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستدرێژی کرایە سەر".

وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا لەو پەیامەدا وتوویەتی: ''ئێران دەبێ باش بزانێ دونیا بە چاوی کراوەوە دەڕۆانێتە کردەوەکانتان، ئوسترالیا پشتیوانی لە تەواوی کچان، ژنان و ھەموو خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران دەکات''.