![](/content/upload/1/news/56432_w920.jpg)
ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی بەرامبەر بە ٢٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢ی زایینی، هاوکات لەگەڵ هەموو شارە گەورەکانی دیکەی جیهان، ئێرانیان و کوردانی دانیشتووی ڤانکۆڤێری وڵاتی کانادا و دەوروبەری بە ڕێکخستنی خۆپێشاندانێکی جەماوەری بەرفراوان پشتیوانیی خۆیان بۆ سەرهەڵدانی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربری و جینایەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بە دژی خۆپیشاندەران مەحکووم و ڕیسوا کرد.
خۆپیشاندانەکە لەبەر دەرگای "ئارت گەلەری" شاری ڤانکۆڤێر دەستی پێ کرد و دواتر بە ڕێپێوان بەناو شەقامەکانی ڤانکۆڤێردا درێژەی کێشا.
خۆپیشاندانەکە بە هاوئاهەنگی چەندین دەستە و ڕێکخراوی سیاسی و مەدەنی ئێرانی و کوردستانی لە ڤانکۆڤێری ڕێک خرابوو کە کوردستانیانی ڤانکۆڤێر بەشداری چالاکانەیان تێیدا هەبوو.
خۆپیشاندەرانی کورد بە جلوبەرگی کوردی و ئاڵای کوردستان بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد.
کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو شارە وەک یەکێک لە ڕێکخەرانی ئەو خۆپێشاندانە ڕۆڵی هەبوو و ئەندامەکان بەشداریی چالاکانەیان لە خۆپیشاندانەکەدا هەبوو.
لە بەشێکی ڕێوڕەسمەکەدا "سۆهراب کەریمی" بە نوێنەرایەتی هێزە کوردییەکان لە ڤانکۆڤێر، وتارێکی بە پێز و بە بایەخی پێشکەشی بەشداربووان کرد و لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی پێشەنگانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرهەڵدانی ئەمجارەی خەڵکی ئێراندا کرد و ئاماژەی بە کوردستان وەکوو سەرچاوەی سەرهەڵدان کرد و باسی لە گرینگیی بزووتنەوەی کورد وەکوو بەشێکی گرینگ لە بزووتنەوەی سەرانسەریی ئێران کرد.
هەروەها لە درێژەی ئەو خۆپیشاندان و کۆبوونەوە جەماوەرییەدا، چەندین سروود و هەڵپەڕکێی شۆڕشگێڕانە پێشکەشی بەشداربووان کرا.