کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەکی گەرمی شۆڕشگێڕانی سەرشەقام

20:51 - 1 خەزەڵوەر 2722

قادر وریا

هاتنە سەرشەقامی خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە ستەم و دڕندەیی ڕێژیمی ئێران، لە مانگێک تێپەڕیوە. زیاتر لە مانگێکە سەرانسەری ئێران بووە بە گۆڕەپانی هاتنە سەرشەقامی خەڵکی تووڕە و بێزار لە ڕێژیمی جەهل و تاوان. بێزاری دەربڕین و  داواکردنی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و مەرگی ڕێبەرە دیکتاتۆرەکەی، لە فۆڕم و شێوەی جۆراوجۆردا خۆی نواندووە. هاتنی کچان و کوڕانی لاو بۆ سەرشەقام و چوارڕێیانەکان بە دانی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "مردن بۆ دیکتاتۆر، مردن بۆ خامەنەیی"، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیدەربڕین و مانگرتنی ڕوو لە زیادبوونی خوێندکارانی دەیان زانستگە و قوتابیانی سەدان خوێندنگەی وڵات،  چەند جار داخستنی گشتیی بازاڕ لە لایەن بازاڕییەکانەوە بە تایبەتی لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەلهاویشتنی مانگرتن بۆ نێو کرێکارانی عەسەلوییە و پێترۆشیمی و نەوت، وەدەنگهاتنی مامۆستایانی بە هەڵوێست بە داکۆکی لەو قوتابییانەیان کە بەرەوڕووی هێرش و هەڕەشەی دەزگا سەرکوتکەرەکان بوونەوە، دابڕان و پشتکردنی سیما دیارەکانی دنیای وەرزش، سینەما، ڕاگەیاندن و هونەر لە دامودەزگا و دامەزراوەکانی ڕیژیم بە پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵک، ئەمانە دیمەنە باو و ڕوو لە زیادبوونی ئەو هەلومەرجە شۆڕشگێڕانەیەن کە سەرانسەری ئێرانی داگرتووە.

ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێراندا بەدی دەکرێ زۆر گەورەترە لەوەی پێی بگوترێ نارەزایەتی‌دەربڕین. ئەمە ڕاپەڕینێکی سەرانسەرییە کە لە دواقۆناغیدا دەبێت بە شۆڕشێکی گشتی. لەم ڕاپەڕینە سەرانسەرییەدا، کچان و ژنان دیارترین ڕۆڵیان هەیە. هەر لە جێدا هەوێنی هەڵگیرسانەکەی، تاوانی سەدان جار دووپاتبۆوە بەرامبەر بە ژنان- ئەمجارە  تاوان بەرامبەر بە ژینا ئەمینی -بوو. ژنان و کچان لە پێشدا لە کوردستان و دواتر لە شارەکانی دیکە هاتنە ڕیزی پێشەوەی خۆپێشاندانەکان و وەک نیشانەیەکی ئاشکرا لە ڕەتکردنەوەی کۆیلەتیی داسەپاو لەلایەن کۆماری ئیسلامی، لەچکەکانیان سووتاند و بەو هۆیەوە دڕیان بە شەوەزەنگی دژ بە خۆیاندا و، وەک دەبینین قوربانیدانی یەک بە دوای یەکیان بۆ سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە لە خۆیان گرتووە.

 لە ڕاپەڕینی ئەمجارەدا، نەتەوەکانی ئێران بە تایبەتی نەتەوە بندەستەکان چالاکانە و لە ڕیزی پێشەوەدان. ئەوان بە جۆرێک نەترسانە بەرەوڕووی هێزی سەرکوتکەر و ئاگری چەکەکانیان بوونەوە کە خۆڕاگری و کۆڵنەدان و قوربانیدان و ناوی شارەکانیان بووە ئیلهامی  هاتنەمەیدانی خەڵک لە بەشەکانی دیکەی ئێران و ئەوانی بۆ هاتنە سەر شەقام بانگەواز کردوە و وەڵامی خۆشی وەرگرتووەتەوە. دیارە لەم ڕاپەڕینەدا چەندین شاری کوردستان بە خوێنی لاوەکانیان نەخشین بوون، بەڵام حەماسەی چەندین شەو و ڕۆژەی شارەکانی شنۆ، سەقز،کرماشان و لە سەرووی هەموویان شاری سنەی قارەمان چووە نێو مێژووی شۆڕشی نوێ. زاهیدان، ئەهواز، ئەردەبیل وەک نوێنگەی هاتنە مەیدانی نەتەوە بندەستەکانی بەلووچ، عەڕەب و تورک هاواری خوێناویی خۆیان دژ بە بێدادی و دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی تێکەڵ بە خرۆشی حەماسیی کوردستان کردووە. تاران کە ناوەندی دەسەڵاتی ڕەشی ئەو ڕێژیمەیە، هەروەها مەشهەد و قوم وەک دوو شار و ناوەندی ئایینی کە بە ڕواڵەت  بە پێگەی نەریتیی ئاخوندە دەسەڵاتدارەکان دەژمێردرێن و سەدان شاری گەورە و بچووکی دیکەی ئێران، بوون بە گۆڕەپانی دەنگهەڵبڕینی کچان و کوڕانی لاو لە دژی  ٤٣ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی پڕ لە نەکبەتیی کۆماری ئیسلامی. هەر ڕۆژێک و هەر شەوێک دەیان دیمەنی پڕ واتا و بەشکۆ لە بەزاندنی تەلیسمی ترس و لە هاوپێوەندی و یەکدڵیی هاونیشتمانانی ئێرانی کە لێبڕاون کۆتایی بە تەمەنی دیکتاتۆریی ئاخوندی بێنن، تێکەڵ بە خوڵقان و لەدایکبوونی سروود و گۆرانی و دروشم و بەرهەمی شۆڕشگێرانەی نوێ دەبن.

جۆغرافیای ئێران لە ڕۆژاوا تا ڕۆژهەڵاتەکەی، لە باکوورەوە تا باشوورەکەی، لە پەراوێزەوە تا ناوەندەکەی، زیاتر لە مانگێکە گۆڕەپانی تەقینەوەی تووڕەیی لاوەکانی بە ڕووی هێزە دڕندە سەرکوتکەرەکانی پارێزەری دیکتاتۆریی دەسەڵاتداردایە. شەقام و زانستگە و قوتابخانە و بازاڕ و کۆڵان، ڕۆژانە و شەوانە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و داوای ڕووخانی ڕێژیمی ژنکوژ و منداڵکوژ و، کۆتایی‌هاتن بە دەسەڵاتی هۆردوویەک ئاخوندی مشەخۆری کۆنەپەرست و، فەرماندەران و کاربەدەستانی خوێنڕێژ و تێرۆریست و دز و تاڵانچیی سامانی خەڵک و وڵاتیان لێ بەرز دەبێتەوە. هیچ  توندوتیژی و پیلان و چاوبەست و بێڕەحمییەک نەماوە ماشێنی سەرکوتی ڕێژیم بۆ بە چۆکداهێنانی خەڵکی ناڕازی، دەستی بۆ نەبردبێ. دەسەڵاتداران بە هۆی بەکرێگیراوانی دەستنیشانکراوی خۆیان قورئان دەسووتێنن و چارشێو لە سەر ژنی چارشێوبەسەر لادەدەن، ئەو بنکە و کەلوپەلانەی بە سامانی گشتی دەژمێردرێن،گڕ تێبەردەدەن و دەیانشکێنن بەو مەبەستەی دیکتاتۆر بۆخۆی وەقسە بێت و هاواری لێ بەرز بێتەوە و بە خەڵک و دنیا بڵێ ئەوانە (خۆپێشاندەران )دژی پیرۆزییەکانن و ئاژاوەگێڕن، هەر بۆیە ئاوا دڕندانە سەرکوتیان دەکەین.

مۆتەکەی ڕووخان وەهای ترساندوون کە سەرەڕای لە گیانی خەڵک بەردانی ڕەوە ڕەوە پۆلیس و هێزی چەکدار و بەسیجی و "لباس شخصی" و تەقەکردنیان بە چەکی گەرم و بەکارهێنانی مودێڕنترین کەرەستەکانی لێدان و سەرکوتکردن، وەفاداران بە ڕێژیمەکەشیان بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ڕاپەڕینی خەڵک، دەنگ داوە. ئەنترنێتیان بەتایبەتی لەو شار و ناوچانەی خەڵکی ڕاپەڕیوە و تەنگی پێهەڵچنیون، بڕیوە بۆ ئەوەی فیلم و وێنەی تاوانەکانیان و بەربەرەکانی و خۆڕاگریی جانانەی خەڵکی دەستبەتاڵ بەرامبەر هێزە پڕچەک و دڕندەکانیان، بە ئاگاداریی بیرورای گشتیی جیهان نەگا.

دیکتاتۆر و سەرانی هێز و دەزگا و دامەزراوە سەرکوتکەرەکانی، هەوڵ دەدەن ترس و داماویی خۆیان لە وەڕێکەوتنی لافاوی ڕووخان، بشارنەوە و بە پێداهەڵگوتنی "ئیقتیدار"ی ڕواڵەتی و "پێشکەوتن"ی نەبوویان ورەی دابەزیوی بەکرێگیراوەکانیان هەستێننەوە. هاوکاتیش بە نیشاندان و بەکارهێنانی چنگ و ددانی خوێناوییان، ئەمجاریش مۆتەکەی ڕووخان لە خۆیان دوور بکەنەوە. بە ڕێکخستنی سیناریۆی بێ‌بنەما و بانگەشەی دەستهەبوونی وڵاتانی بێگانە لە وەڕێکەوتنی ئەم لافاوەدا، هەوڵ دەدەن سەرنجەکان بەرەو ئەو دیوی سنوورەکان لاڕێ بکەن. هەڕەشەی دووپاتکردنەوەی هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەکانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان و هەڕەشەی دەستدرێژیی نیزامی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان دەکەن. وڵاتانی ناوچە بە دەستێوەردان لە نێوخۆی ئێران و، وڵاتانی ڕۆژاوا کە ئەمجار باشتر لە پێشوو دژی سەرکوتی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران بە هۆی ئەو ڕێژیمە هەڵوێستیان گرتووە، بە دنەدانی خەڵکی ئێران بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمەکەیان تاوانبار دەکەن. بەڵام لەگەڵ هەمووی ئەمانەشدا، ئەو بەلووچستان و کوردستانەی خامنەیی بە پێچەوانەی قسەی دڵی خۆی، خەڵکەکەیانی بە هۆگر و ئەوینداری ڕێژیمەکەی ناو برد و، ئەو هێزە سیاسییە خەباتکارانەی خودی خامنەیی و سوپای پاسداران و وەزارەتە ئیتلاعاتەکەی بە "تەجزیەتەڵەب" ناویان دێنن، ئێستا بوون بە چەقی هاودەنگی و یەکگرتوویی خەڵکی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئێران بۆ ڕاپەڕین و شۆڕشی کۆتایی‌هێنان بە تەمەنی ئەو ڕێژیمە.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، سەرانی ئەو ڕێژیمە و دامودەزگا سەرکوتکەر و تەبلیغاتییەکانیان، چەندین جار باسیان لە ناردنی چەک لە دەرەوەی سنوورەکان بۆ نێوخۆی ئێران بە تایبەتی بە هۆی حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵات بە مەبەستی وەڕێخستنی ڕاپەڕین و ڕاگرتنی خەڵک بەرامبەر بەو ڕێژیمە کردووە. ئەم جۆرە بانگەشە و تاوانبارکردنە بێ‌بنەمایانەش شتێکی چاوەڕوانکراون. ئەوان کە ئامادە نین دان بە بێزراوبوونی ڕێژیمەکەیان لەنێو خەڵک و، دان بەداماوییەکەی لە جێبەجێکردنی تەنانەت لانیکەم و سەرەتاییترین چاوەڕوانییەکانی خەڵکدا بنێن و  تەسلیمی ئیرادە و ویستی خەڵکی ئێران بن، سروشتییە کە ڕاپەڕینی خەڵک بە دەسکیسی بێگانە و دوژمن لە قەڵەم بدەن. سروشتییە کە هۆ و هۆکاری ساختە و بە دوور لە ڕاستی بۆ  بەردەوامیی ڕاپەڕینەکە و، شکانی ترسی خەڵک و  نەسڵەمینەوەیان لە باتووم و ساچمە و گوڵلە و، بڕواهێنانیان بە نەسرەوتن تا سەرکەوتن قوت بکەنەوە. یەک لەم  درۆ شاخدارانەیان، تاوانبارکردنی خۆپێشاندەران بە چەکداربوون و بەکارهێنانی چەکی گەرم دژی هێزە سەرکوتکەرەکانە. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە چەکی گەرمی شۆڕشگێرانی سەرشەقام، تەنیا ئەو خوێنانەیە کە لە شەڕی ستاندنەوەی ئێران لە ڕێژیمی جەهل و جینایەتدا، بە سەخاوەتەوە پێشکەشی دەکەن. چەکی گەرمی ئەوان دڵگەرمبوونیان بەو پشتیوانییەیە کە لەلایەن خەڵکی نێوخۆ و ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات دەکرێ. چەکی گەرمی ئەوان ئەو هاوپێوەندییە جیهانییەیە کە ڕۆژ بەڕۆژ لە هەڵکشان دایە. چەکی گەرمی ئەوان بیستنی دەنگی قرچە و تێکڕمانی کۆڵەکەکانی ئەو ڕێژیمەیە.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٣ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.