كه‌ریم په‌رویزی
له ئه‌فسانه كۆنه‌كاندا وای ده‌گێڕنه‌وه كه له سه‌رده‌می فێرعۆنه‌كاندا، ڕووباری نیل له میسر سه‌رچاوه‌ی كشتوكاڵ و ئاوه‌دانی بۆ ناوچه‌كه بوو. فێرعۆنیش وه‌ك نوێنەری خودا و هه‌ندێجاریش هه‌ر وه‌ك خودای خه‌ڵكه‌كه ده‌ستی به سه‌ر ژیان و ماڵ و نامووسیان داگرتبوو. هه‌ندێ ساڵ ڕووباری نیل هه‌ڵنه‌ده‌ستا و وشكه‌ساڵی وڵاتی دادەگرت. بۆ ئه‌وه‌ی ڕووباری نیل كه به نێعمه‌تی نێردراوی فێرعۆنیان ده‌زانی وه‌ك هه‌موو ساڵێك ئاوه‌كه‌ی زۆر بێ، ده‌یانگوت قوربانی پێشكه‌ش ڕووباری نیل بكه‌ن و له‌و ڕێگه‌وه دڵی فێرعۆن به‌ده‌ست بێنن! قوربانییه‌ك كه پێشكه‌ش ده‌كرا بریتی بوو له جوانترین كچی پاكیزه كه هێشتا مێردی نه‌كردووه. ده‌یانڕازانده‌وه و ده‌یانخسته نێو ڕووباره‌كه تاكوو دڵی فێرعۆن به‌ده‌ست بێنن. به‌پێی ئه‌م ئه‌فسانه‌یه خوێنی جوانترین كچی پاكیزه‌ی شار ده‌بوو پێشكه‌شی ڕۆحی تینووی خوێنی فێرعۆن بكرێ تاكوو ژیانی كۆیله‌تیی خه‌ڵك به‌رده‌وام بێ!
***
ڕۆژێك له كۆتاییه‌كانی مانگی خه‌رمانان، بنه‌ماڵه‌یه‌ك له سه‌قزه‌وه ڕۆیشتن بۆ تارانی پێته‌ختی فێرعۆنی زه‌مان تاكوو سه‌ردانی خزمه‌كانیان بكه‌ن و وێڕای سه‌ردانكردن، هه‌ندێ شتومه‌كی پێویست بۆ كچه نازداره‌كه‌یان ژینا، ڕه‌مزی ژیان و جوانی بكڕن؛ چوونكه به‌ره‌به‌ری پاییز و کرانەوەی زانكۆ بوو، و جگه‌رگۆشه‌كه‌یان وەرزێکی نوێی خوێندنی دەست پێ دەکرد. سه‌فه‌ری تارانیان بۆ سه‌ردان و خۆشی بوو، به‌ڵام بوو به مێژوویترین سه‌فه‌ری په‌راوێزخراوه‌كان بۆ پێته‌خت!
ژینا له سه‌ردانی شه‌قام نه‌گه‌ڕایه‌وه بۆ ماڵی پووری و مه‌ئمووره‌كانی فێرعۆن بردیان و له كوشتارگای خامنه‌ییدا خوێنیان ڕشت؛ چوونكه فێرعۆن نه‌خۆشه و خوێنی پاكیزه‌كانی وڵات، جوانترینه‌كانیان و بێگوناحترینه‌كانیانی بۆ به‌رده‌وامی به ژیانی پڕ له تاوانی پێویسته. فێرعۆن تینووی خوێنه!
سه‌رهه‌ڵدانی خه‌رمانانی ١٤٠١ی هه‌تاوی ده‌سپێكه‌كه‌ی ڕێك له ڕۆژی ٢٦ی خه‌رماناندا هاته ئاراوه كه یاده‌وه‌ریی تاوانێكی گه‌وره‌ی دیكه‌ی فێرعۆنه، كه له بێرلینی ئاڵمان ڕێبه‌ری كورد دوكتور سه‌عید و هاوڕێیانی تێرۆر كرد. له ڕاپه‌رینی خه‌رماناندا كه به‌خێرایی زۆربەی ناوچەکانی وڵاتی ئێرانی گرته‌وه و تا پێته‌ختی فێرعۆنیش بڵێسه‌ی ئه‌ستاند و كڵپه‌ی ئاگره‌كه‌ی هه‌موو ده‌رباری وڕ و كاس كردووه، مه‌ئمووره‌كانی فێرعۆن هێشتا هه‌ر خه‌ریكی كوشتنی پاكیزه‌كانی وڵاتن، خوێنی كچانی جوان و تازه پێگه‌یشتوو ده‌ڕژێنن چوونكه نه‌ك ته‌نیا فێرعۆن، به‌ڵكوو هه‌موو ده‌ستوپێوه‌ندیه‌كانی تینوون به خوێنی لاوان و كچانی وڵات و پێیان وایه به ڕشتنی خوێنی كچانی گه‌نج و لاو و پاكیزه، ده‌توانن ته‌مه‌نی پڕ له نه‌كبه‌تیی ڕێژیمه‌كه‌یان درێژه پێ بده‌ن.
ژینا، نیكا، سارینا ، ئه‌سرا، ... ته‌نیا چه‌ند ناوێك نین، به‌ڵكوو چەپکەگوڵێک له‌و هه‌زاران گوڵه‌ن كه له‌م ڕۆژانه‌دا تێرۆریستان و خوێنمژانی ده‌رباری فێرعۆن خه‌ریكی كوشتن و فڕكردنی خوێنی پاك و سووریانن.
ئه‌وه‌ی له‌م ساتوسووری پڕ له خوێندا دیاره دوو دیوی دیمه‌نه‌كه‌یه:
خامنه‌یی و مه‌ئمووره‌كانی بێبه‌زه‌ییانه، تاوان به تاوان ده‌شۆنه‌وه و بۆ له‌بیربردنه‌وه‌ی تاوانێك تاوانی دیكه ده‌خولقێنن. كوشتنی ژینای كوردان به سه‌ركوت و كوشتار له دیوانده‌ره داده‌شارن و كوشتاری دیوانده‌ره به خوێنڕێژیی كه‌ره‌ج و ده‌سدرێژی بۆ سه‌ر نیكا ده‌شارنه‌وه و كوشتار له شاره‌كانی ئێران به هێرشی مووشه‌كی بۆ سه‌ر وانیاری ساوای یه‌ك ڕۆژه وه‌بیر ده‌به‌نه‌وه و مه‌رگی وانیار به ژینۆساید و هێرشی موغولی بۆ سه‌ر سنه‌ی سه‌ربه‌رز داده‌پۆشن و مه‌رگبارانیان له سنه، به هێرش بۆ سه‌ر قوتابخانه‌ی شاهد له ئه‌رده‌بیل و كوشتنی ئه‌سرا و شه‌لاق لێدان له منداڵانی قوتابخانه وه‌بیر خه‌ڵك ده‌به‌نه‌وه و بۆ هه‌ڵهاتن له‌و شه‌رمه له زیندانی ئێوین ده‌كه‌ونه گیانی بەندییەکانی ده‌ستی سته‌مكار. مه‌رگ به مه‌رگ و خوێن به خوێن داده‌پۆشن تاكوو خه‌ڵك چاوترسێن بكرێ و جیهان تاوانه‌كانیان فه‌رامۆش بكا! له‌و نێوه‌شدا له‌بیریان ناچێ كه له هه‌موو كاره‌ساته‌كاندا ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر گیان و كه‌رامه‌تی مرۆڤه‌كان و به‌تایبه‌ت كچانی گه‌نج و تازه‌پێگه‌یشتوو بكه‌ن چوونكه گرێی ده‌روونییه‌كی مێژووییان به‌رامبه‌ر به ژن و كچانی لاو هه‌یه.
لایه‌كی دیكه‌ی دیمه‌نه‌كه خه‌ڵكن. ئه‌وانه‌ی به ده‌ستی به‌تاڵ به‌ڵام به دڵی پڕ خوێن و به ئیراده‌یه‌كی به‌رز و به وره‌یه‌كی بێ‌وێنه‌وه له گۆڕه‌پانه‌كدا ئاماده‌ن. وره‌ی به‌رزی شۆڕشگێڕان و لاوانی ڕاپه‌ڕیو ته‌نیا وشه‌یه‌كی ئاسایی سه‌ر زمانی من و تۆ نییه، به‌ڵكوو بۆته تیتری به‌ناوبانگترین میدیاكانی جیهان. له پاریسی پێتخه‌تی شۆڕشی كه‌رامه‌تی مرۆڤه‌كان، ڕۆژنامه‌ی لیبراسیۆن به‌واته‌ی ئازادیخوازی، وێنه‌ی سنه‌ی سه‌ربه‌رز داده‌نێ و ده‌ڵێ ئێمه ناترسین! ئه‌مه وێنه‌ی گه‌وره‌ی سه‌ر ڕوومه‌تی مێژووه: سنه‌ی سه‌ربه‌رز ناترسێ! خه‌ڵك به هه‌موو چین و توێژه‌وه و له هه‌موو ناوچه‌كاندا هاتوونه سه‌ر شه‌قام جگه له گرووپێكی تایبه‌ت نه‌بێ كه دوایه باسی ده‌كه‌ین. ئه‌م خه‌ڵكه‌ی سه‌ر شه‌قام به ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ڵێن كه میدیاتان كۆنترۆڵ كردوه و به‌رده‌وام ئیدئۆلۆژیی چه‌قبه‌ستووتانی تێدا بڵاو ده‌كه‌نه‌وه. گۆڕه‌پانه كۆمه‌ڵایه‌تی و وه‌رزشی و ئایینی و سیاسی و هه‌موو شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكیتان قۆرخ كردوه و به ده‌یان هه‌زار دووربینی ئه‌منیه‌تی و هه‌زاران به‌كرێگیراو و جاش و به‌سیجی، چاو له خه‌ڵك زه‌ق ده‌كه‌نه‌وه و هه‌موو قوژبنێكی هه‌ناسه‌دان و بیركردنه‌وه‌و ژیان كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن و قۆرخی ده‌كه‌ن. به‌ڵام شه‌قام هی ئێمه‌یه، شه‌قام له كۆنترۆڵ و فیلتر و سانسۆری ئێوه‌دا نامێنێ و هی ئێمه‌یه، ده‌بێ ئێوه به ترسه‌وه پێ بخه‌نه نێو شه‌قام نه‌ك ئێمه‌ی خه‌ڵك كه خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی خاك و نیشتمانین.
هه‌موو هێزه‌كانی ڕێژیم خه‌ریكی سه‌ركوت كردنن، به هێزی ئینتزامی و گاردی ویژه و به‌سیج و جاش و سوپای پاسداران و گوردانه‌كانی ئیمامی عه‌لییه‌وه، به‌ڵام ڕۆژبه‌ڕۆژ هێزی خه‌ڵك پته‌وتر ده‌بێ و سوورتر له‌سه‌ر ڕاپه‌ڕینه‌كه‌یان، به تاكتیكی جیاوازه‌وه به شه‌و و به ڕۆژ، كۆڵان به كۆڵان و گه‌ڕه‌ك به گه‌ڕه‌ك و شار به شار ده‌خه‌نه ژێر ئیراده‌ی شۆڕشگێڕییان.
راپه‌ڕینی ئه‌مجاره‌ی خه‌ڵك كه خه‌ریكه ده‌بێته شۆڕشێكی نزیك له سه‌ركه‌وتن، بۆ ڕووخانی ڕێژیمه. با ئه‌وه‌ش بڵێین كه ڕاپه‌ڕینێكه گه‌ر بگاته سه‌ركه‌وتن كه زۆر وه‌دره‌نگ ناكه‌وێ، شۆڕشێكی به‌ته‌واو مانایه كه ئامانجه‌كه‌ی ته‌نیا تێكوه‌پێچانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی داسه‌پاو نییه. ئه‌م ڕاپه‌ڕینه ته‌نیا بۆ ئه‌وه نییه كه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستا نه‌مێنن و كه‌سانی دیكه جێگه‌یان بگرنه‌وه، به‌ڵكوو شۆڕشێكی قووڵی كۆمه‌ڵایه‌تی– سیاسی فیكرییه كه به دڵنیاییه‌وه هەر له چوارچێوه‌ی ئێرانیشدا به‌رته‌سك نامێنێ و هەموو ناوچه‌كه ده‌هه‌ژێنێ و مێژوو ده‌كا به دوو به‌شه‌وه، پێش و دوای شۆڕشی ژینای ژینەوە.
بۆ تێگه‌یشتن له‌م شۆڕشه، هه‌ندێ ڕاوه‌سته بكه‌ین و پارامێتره‌كانی وه‌به‌رچاو بخه‌ینه‌وه:
به درێژایی ته‌مه‌نی كۆماری ئیسلامی، به‌ره‌نگاربوونه‌وه و به‌رهه‌ڵست به‌رامبه‌ر به سیاسه‌ته‌كانی ڕێژیم هه‌بووه، چ له شێوازی نێوخۆیی ڕێژیم كه هه‌ندێجار دروشمی ئیسڵاح‌خوازییان ده‌دا و هه‌م له شێوازی دژی ڕێژیم و ئۆپۆزیسیۆنیشدا كه ویستی سیاسیی هه‌بووه كه ڕێژیمی دیكتاتۆری بگۆڕێ بۆ سیستمی دێموكراتیك. له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا هه‌م ناڕه‌زایی‌ده‌ربڕینی كورت‌مه‌ودا و بۆ توێژێكی تایبه‌ت هه‌بووه و به داواكاریی كورت و دیاره‌وه و هه‌م خۆپیشاندانی به‌رفراوانیش هه‌بووه.
له ئاستی ئێران‌دا له ده‌یه‌ی حه‌فتادا له ئیسلام‌شه‌هری تاران، سه‌رده‌می ڕه‌فسه‌نجانی به ده‌سترێژی دۆشكا و له هێلیكۆته‌ره‌وه خه‌ڵكیان وه‌به‌ر دا و له سه‌رده‌می خاته‌میدا زانكۆیان خه‌ڵتانی خوێن كرد و له سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دی‌نژاددا، خۆپیشاندانی میلیۆنی كرا و به سه‌دان كه‌سیان كوشت و له كه‌هریزه‌ك ده‌ستدرێژییان كرده سه‌ر كه‌رامه‌تی مرۆڤایه‌تی. ساڵی ١٣٩٦ و ١٣٩٨یش خۆپیشاندنی گه‌وره و له ئاستی به‌رفراوانی ده‌یان شاری ئێران هاته ئاراوه و كوشتاری خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٩٨ هێشتا خوێنی لێ ده‌چۆڕێ. گه‌ر چاو له كوردستانیش بكه‌ین، هه‌ر له یه‌كه‌م نه‌ورۆزی هاتنه‌سه‌ركاری خومینیدا، كورد له‌گه‌ڵ كوشتاری ڕێژیمی تازه به‌ره‌وروو بووه‌وه، نه‌ورۆزی ئازادی له سنه كرا به نه‌ورۆزی مه‌رگ و خوێن. دوایه‌ش فه‌رمانی جه‌هادی خومه‌ینی به دژی كورد و ده‌یان و سه‌دان كاره‌سات له كوردستان، هاوكات بووه له‌گه‌ڵ خۆڕاگری و سه‌رهه‌ڵدانی كوردستان و كورد و تا ئێستاش كوردستان ملی بۆ ڕێژیمی فێرعۆنه‌كانی جه‌ماران كه‌چ نه‌كردووه.
ئه‌وه‌یكه له درێژایی ئه‌م چه‌ندین ده‌یه‌دا خه‌بات و خۆڕاگری و به‌رهه‌ڵستكاری هه‌بووه، پێویست به هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه و خوێنی هه‌زاران شه‌هیدی ده‌ستی كۆماری ئیسلامی به شان و ملی مێژوودا ده‌چۆڕێ. به‌ڵام له هه‌موو ئه‌م ڕووداوانه‌دا له ئێرانی فره‌نه‌ته‌وه‌ییدا، یه‌ك خاڵی گرنگ هه‌بووه كه بریتیه له خه‌باتی جیاجیا و سه‌رهه‌ڵدانی جیاجیا و هه‌رجاره‌وه به‌شێك له كۆمه‌ڵگە بووه. كاتێك له زانكۆ، بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری خوێنی ده‌دا، به‌شه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگە بێده‌نگ و ته‌نیا چاولێكه‌ر بوون. كاتێك مانگرتنی كرێكاری و سه‌ركوتی یەکیەتییە كرێكارییه‌كان به‌رێوه ده‌چوو، چین و توێژه‌كانی دیكه پشتیوانی كرێكار نه‌بوون. كاتێك له بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز له تاران و چه‌ند شارێك خۆپیشاندان دەكرا، نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ئێران خۆیان له‌و دروشمانه‌دا كه داوای گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رده‌می ئێڕنی خومه‌ینی! ده‌كرد، نه‌ده‌دیتەوە و به‌شدار نه‌بوون. كاتێ كوردستان و ئه‌هواز و به‌لووچستان سه‌ركوت ده‌كران و كاره‌ساتیان به دژ دەخوڵقا، یا خه‌ڵكی دیكه بێده‌نگ بوون، یان هاوكاری سه‌ركوت بوون و ده‌هاتنه كوردستان تاكوو له شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ته‌جزیه‌ته‌ڵباندا شه‌هید ببن!
هه‌موو خۆپیشاندان و ناره‌زاییه‌كان له ئێران و له‌نێو نه‌ته‌وه جیاوازه‌كاندا به جیا ده‌كرا. تاكوو ساڵی ١٣٩٨ كه زۆربه‌ی ئێرانی گرته‌وه، به‌ڵام ئه‌و خۆپیشاندانه‌ش بنه‌مایه‌كی ئابووریی هه‌بوو، هه‌رچه‌ند له باری پانتایی جوغرافیاییه‌وه به‌رفراوان بوو، به‌ڵام له‌باری قووڵایی كۆمه‌ڵگەوه، هه‌موو چین و توێژه‌كانی نه‌گرتبۆوە و؛ چینی مامناوه‌ند و به‌ره‌و سه‌ره‌وه خۆیان پەراوێز گرتبوو. بەڵام له ڕاپه‌ڕینی ئه‌مجاره‌دا، كه به شه‌هیدبوونی ژیناوه ده‌ست پێ ده‌كا، ئیدی ڕه‌وتی ڕووداوه‌كان و ڕه‌وتی مێژووه وه‌ر ده‌سووڕێ. لێره‌دا چی ڕووی داوه؟ بۆ وردبوونه‌وه له قووڵایی بابه‌ته‌كه ته‌نیا پێویسته له كاراكتێری ژینا بڕوانین تاكوو كۆده‌كان بخوێنینه‌وه:
ژینا كچێكی كورده كه بە سەردان چووەتە تاران و كاتێك ده‌زانن كورده و ئایینزای سوننیه، توندتر له‌گه‌ڵی ده‌جووڵێنه‌وه. ناوی كچه‌كه به ڕه‌سمی مه‌هسایه، به‌ڵام به ژینای ناو دەبەن! ئه‌مه ڕاستییه‌كی نێو وڵاتی به‌ڵالێدراوی ئێرانه كه خه‌ڵك ناتوانن به ویست و حه‌زی خۆیان ناویش بۆ منداڵه‌كه‌یان هه‌ڵبژێرن و حكوومه‌ت ناسنامه‌یان پێ نادا و ده‌بێ ناوێكی دڵخوازی حكوومه‌ت دابنێن! كچێكه له‌به‌ر شێوازی جلوبه‌رگه‌كه‌ی هێزی فێرعۆن ده‌سبه‌سه‌ری ده‌كا! ژن‌بوون پرسیاری گه‌وره‌ی له‌سه‌ره! كاتێك ده‌زانن كورده، خوێن به‌رچاویان ده‌گرێ و توندتر ده‌بن له‌سه‌ری، كوردبوون قه‌ده‌غه‌یه! كه ده‌زانن مه‌زهه‌به‌كه‌شی به‌دڵی ویلایه‌تی فه‌قیهـ نیه، زۆرتری لێ ده‌ده‌ن، چوونكه وه‌لیی فه‌قیهـ كه‌سی جگه له تواوه‌كانی له ویلایه‌تدا قبووڵ نییه. لێره‌دایه كه ژینا ده‌ڵێ لێم گه‌ڕێن من لێره غه‌ریبم!
ڕه‌مزی سه‌ره‌كیی شۆڕشی ئه‌مجاره، غه‌ریب‌بوونی خه‌ڵكه. به درێژایی ته‌مه‌نی كۆماری ئیسلامی هه‌موو ئیمتیازه مادی و سیاسی و فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تییە‌كان بۆ به‌شێك له كۆمه‌ڵگە هه‌بووه و بۆ به‌شه‌كانیتر نه‌بووه. بازنەی به‌شداران ساڵ به ساڵ ته‌نگتر و بازنه‌ی بێبه‌شان ساڵ به ساڵ به‌رفراوانتر كراوه.
ساڵی ١٣٥٨ی هه‌تاوی كاتێك كه ڕێفراندۆمی ڕێژیم كرا، ته‌نیا كوردستان ده‌نگی پێ نه‌دا! سه‌ربه‌رزییه‌كی گه‌وره‌یه بۆ كورد كه له دووهه‌م مانگی هاتنی خومینیدا ناسیی كه ئه‌م دڕنده‌یه چی پێیه بۆ وڵاتی ئێران و نه‌ته‌وه‌كانی به‌ڵام زۆربه‌ی هه‌ره زۆر‌ی به‌شه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگەی له‌گه‌ڵ بوو! ته‌نانه‌ت چه‌په‌كان له خودی خومه‌ینی توندتر بوون بۆ دۆزینه‌وه‌ی وێنه‌ی خومه‌ینی له‌سه‌ر مانگ! دوای هێرشی خومه‌ینی بۆ سه‌ر كوردستان و تاوانه‌كانیان له توركمه‌ن سه‌حرا، خومەینی گوشاری بۆ ده‌وڵه‌تی بازرگان هێنا و میللییه‌كانی وه‌ده‌رنا! ساڵی دواتر لە دەستپێکی شه‌ڕی عێراقدا به‌نی‌سه‌در و موجاهیدی وه‌ده‌ر نا. ساڵی دواتر تووده و فیداییەکانی ئه‌كسه‌رییه‌تی وه‌ده‌رنا! له قۆناخی دیكه‌دا تاڵەقانی و لایەنگرانی ئه‌و و له بڕگه‌ی دیكه‌دا مونته‌زیری و لایه‌نگرانی و دواتر به‌شدارانی خودی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی خومه‌ینیشی وه‌لا نا! ته‌نانه‌ت مووسه‌ویی پێڕه‌وی خومه‌ینییش به‌ر وه‌ده‌رنران كه‌وت و تا جێگایه‌ك ڕه‌فسه‌نجانیش له حه‌وزدا خنكێندرا!
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابووری و مه‌زهه‌بیی جه‌ماران، ژنی پێ تاوانباره و هه‌رده‌م شه‌یتان له ڕێگه‌ی ژنه‌وه نفووز ده‌كا! كوردی پێ دارده‌ستی ئیسراییل و ئامریكایه، به‌لووچی پێ بكوژانی ئیمامه‌كانیانه و ئه‌هوازییه‌كانی پێ داره‌ده‌ستی عه‌ره‌بستانه و چه‌وساوه‌كانی ته‌نیا بۆ سه‌رده‌می شه‌ڕ ده‌ویست و دواتر سووته‌مه‌نیی گه‌نده‌ڵی و تاڵانه‌كانیانه. خوێندكار و زانكۆی پێ قوتابی و مه‌كته‌بی فێربوونی زانستی شه‌یتانی و كه‌لتووری ڕۆژاوایه و... . له‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا هه‌موو چین و توێژ و به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵگە و به‌تایبه‌ت هه‌موو نه‌ته‌وه غه‌یره فارسه‌كان په‌راوێزخراون.
چوار ده‌یه سته‌می سیاسی و ئابووری و فه‌رهه‌نگی و ئایینی و كو‌لتووری به‌دژی هه‌موو په‌راوێزخراوه‌كان، قه‌یرانی له‌سه‌ر قه‌یران له ئێران‌دا كۆ كردووەته‌وه و بازنه‌ی ناوه‌ند، واته به‌شدارانی ده‌سه‌ڵات و گه‌نده‌ڵی و ڕانت‌خۆری، ته‌سك و ته‌سكتر كراوه‌ته‌وه و ته‌نیا به‌شدارانی خوانی خوێنن كه ئێستا له‌گه‌ڵ ڕاپه‌رین نین.
ئه‌م ڕاپه‌رینه به ڕه‌مزی غه‌ریبی، ڕاپه‌رینی په‌راوێزخراوه‌كانه به دژی ده‌سه‌ڵات و فیكرێك كه خه‌ڵك وه‌په‌راوێز ده‌خا و به خوێن، خوێن داده‌پۆشێ. دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، به كۆدی "مه‌مكوژه غه‌ریبم" ده‌كرێته‌وه و ده‌بێتە شۆڕشێك كه چیدی سووكایه‌تی به كه‌رامه‌تی هیچ مرۆڤێك قبووڵ ناكات. پێتخه‌تی وڵات نابێ ببێته شوێنێك كه تێیدا هه‌ست به غه‌ریبی بكرێ، ده‌بێ كوردێك له تاران به ڕاده‌ی فارسێك و توركێكی ئازه‌ری و به‌لووچێك و توركمه‌نێك به‌شدار بن له بڕیار و ده‌سه‌ڵات و دارشتنی دواڕۆژدا. سەردەمی غه‌ریبی له‌سه‌ر خاكی خۆت كۆتایی پێ بێ. ده‌بێ ژیان بۆ خه‌ڵك دابین بكرێ و له‌به‌ر هه‌ناسه‌یه‌كی پڕ له چێژی مرۆڤانه له دارستان و پارك و باخێكی وڵات‌دا نه‌درێنه به‌ر باتووم. ده‌بێ به هه‌ناسه ساردییه‌وه له پاییزاندا ڕۆڵه‌كانیان ڕه‌وانه‌ی قوتابخانه نه‌كه‌ن. ده‌بێ ئازادی بریتی نه‌بێ له ئازادیی هه‌ڵبژاردن له نێوان دوو دڕنده‌دا! به‌ڵكوو ئازادی سیمای ڕوانین و تێفكرین و هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤه‌كان و ئیراده‌ی ئازد بڕیاردانی گه‌لان و نه‌ته‌وه‌كان بێ.
بۆیه ئه‌م شۆڕشه ته‌نیا ناوی ده‌سه‌ڵاتداران ناگۆڕێ، به‌ڵكوو شۆڕشێكه له دڵی كۆمه‌ڵگەوه و ده‌بێته شۆڕشێكی كۆمه‌ڵایه‌تی كه بناخه‌كانی كۆمه‌ڵگە ده‌گۆڕێ، ئیدی فارسێك ئه‌و ئیجازه به خۆی نادا كه تۆمەتی جیاییخوازی لە كورد بدا، به‌ڵكوو به شانازییه‌وه دروشمه كوردییه‌كه ده‌ڵێته‌وه و ده‌بێ خۆی دوور بگرێ له فیكری شۆڤێنیستی. ئیدی كوردستان بۆته سه‌رباشقه‌ی ژیان و شۆڕش.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٣ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.