کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنان، لە قوربانی‌بوونەوە بۆ پێشەنگایەتی

21:01 - 1 خەزەڵوەر 2722

ئاسۆ مینبەری

بەدرێژایی تەمەنی ئەو دەسەڵاتانەی کە حوکمیان بەسەر کوردستاندا کردووە و بەتایبەتیش تەمەنی کۆماری ئیسلامی کە هەمیشە وەکوو دەسەڵاتێکی دژەژن پێناسەی بۆ کراوە، ژنان لە ڕیزی یەکەمین قوربانییەکاندا بوون.

ژنان وەکوو توێژێکی خاوەن بەهرە و توانای تایبەتی کۆمەڵگە بە بەردەوامی کەوتوونەتە بەر هێرشی ناڕەوای دەسەڵات و یاسا داڕێژراوەکانی ئەو دەسەڵاتەی کە داڕیژەران و بونیاتنەرانی پیاوانێک لە ڕەگەزی ئاخوندەکان بوون، کە هیچکات توانای بینین و هەستکردن بە توانایی و لێهاتوویی ژنانیان نەبووە و چاویان بەرایی دیتنی سەرکەوتن و بەشداریی ژنان لە کایە سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی نەداوە. خودی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەر لە هاتنەسەرکاریەوە تاکوو ئەمڕۆ، بە هەموو جومگە و ناوەند و بەرپرسانیشیەوە بوونەتە قەڵغانێک بۆ بەرگری لە هێرشی ژنان، ئەویش هێرشی هزر و ئەندێشەیان!

وەستانەوەی ژنان لە بەرانبەر بیری دواکەوتووانەی دەسەڵاتدارانی ئەم ڕێژیمە، هەر لە سەرەتای شۆڕشی ٥٧ەوە خۆی نیشان دا، ژنان لە یەکەمین ڕۆژەکانی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیدا، بەگژ بیری دواکەوتووی بەناو بەرپرسانی تازەبەدەسەڵاتگەیشتوودا چوونەوە و بە ڕێپێوان و ناڕەزایەتی‌دەربڕین لە سەر شەقام و لە زانکۆکاندا هەر ئەوکات دژی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ هەڵوێستی توندیان گرت، بەڵام بەداخەوە جێگیربوونی دەسەڵاتی دژەن و بەدوور لە بیری مرۆڤ‌تەوەرانە وای کرد کە ژنان هەر لەو کاتەوە وەکوو شارۆمەندی پلە چەندی کۆمەڵگە سەیر بکرێن و بکەونە پەراوێزەوە و بە بەردەوامی قوربانیی دەستی یاسا و خواست و ویستەکانی ئاخوندەکانی جەماران بن.

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ژنان هیچ‌کات نەیانویستووە لە پێگەی لاوازی توێژی قوربانیی کۆمەڵگەدا جێگایان بێتەوە، یان پێناسەیان بۆ بکرێ، بۆیە لە ماوەی هەموو ساڵانی ڕابردوودا، هەرکات کە بۆیان لوابێ و هەرکات کە دەرفەتێ ڕەخسابێ، هاتوونەتە مەیدان و دژی هەموو یاسا داڕێژراوە بێێبنەماکان و بیری دواکەوتووانەی دەسەڵات وەستاونەتەوە کە بێگومان کوردستان و ژنانی کورد لەم بوارەدا هەمیشە پێشەنگایەتییان لە ئەستۆ بووە.

قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی لەم زەمەنەی ئێستادا خاڵێکی وەرچەخان بوو بۆ دووبارە هەستانەوە و دووبارە هاتنە مەیدانی ژنان، وزەیەک بوو کە توانیی نەک تەنیا ژنانی دیکەش کە هەموو کۆمەڵگە بە هەموو چین و توێژەکانەوە بێنێتە سەر شەقام و بۆ جارێکی دیکە شەقام بهەژێنێ.

ڕەنگە ئەم بۆ زۆربەی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی بازنەی جوغرافیای دەسکردی ئێراندا دەژین، سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا سەرسووڕهێنەر بووبێت، چونکە ڕۆژانە بە دەیان ژن لە کۆمەڵگەی ئێراندا دەبنە قوربانی، دەکوژرێن، خۆیان دەکوژن، تووشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و دوورەپەریزی دەبن؛ بەڵام بۆچی وەکوو مەرگی ژینا هیچ کردەوەیەکی تۆکمەی وەک ئەوەی ئێستایان بەدوادا نایەت؟

مەگەر کچی شین (دختر آبی) قوربانیی سیاسەتی دژەژنی کۆماری ئیسلامی نەبوو کە بەهۆی ئەوەیکە نەیتوانی یاریی تیمە دڵخوازەکەی ببینێ خۆی سووتاند و گیانی لەدەست دا؟ ئەی بۆچی هیچ کاردانەوەیەکی لە چەشنی ئەوەی ئەمڕۆی سەر شەقامەکانی کورستان و ئێرانی بەدوادا نەهات؟ ئەویش وەک هەزاران ژینای دیکە قوربانیی دەستی دەسەڵاتێک بوو کە باوباپیرانیشی ڕەنگە بەدڵیان نەبووبێ، بەڵام ملکەچ بوون و دەنگیان لێوە نەهات و گوتیان با قوربانی بین!

ئەمە ئەو ڕاستییەیە کە دەبێ لە سەری ڕاوەستین. کورد بە درێژایی مێژووی خوێناویی خۆی هیچ‌کات نەیویستووە کە قوربانی بێت. هەمیشە هەموو سەرکردەیەکی کورد لە هەر بڕگەیەکی مێژوودا و لە هەر بەشێکی ئەم جوغرافیا لەتکراوەدا، هەوڵی ئەوە بووە کە بوون و شوناسی خۆی بسەلمێنێ، هەوڵی داوە بە پێناسەی دروست لە خواست و ویستی نەتەوەیی، ڕێگا بۆ نەوەکانی داهاتوو ڕوون بکاتەوە، بەڵام لەم پێناوەدا هەمیشە تووشی لەمپەر بووە، بۆیە لە هیچ جیگایەکی مێژووی ئێمەی کورددا نابینرێ کە جیا لە مافی خۆمان، دەستدرێژیمان بۆ سەر ماف و خاک و نیشتمانی کەسی دیکە کردبێ هەمیشە هەوڵمان داوە لە بەرانبەر هێرشەکاندا بەرگری لە خۆمان بکەین و مافی خۆمان وەدەست بێنین.

مەرگی ژینا بۆ ئێمەی کورد دەستدرێژی بۆ سەر بوون و شوناسمان بوو، هەر بۆیە بە هەموو هێز و تواناوە هەوڵمان دا لە بەرانبەر دوژمنی سەرەکیماندا کە کۆماری ئیسلامییە ڕاوەستین، ئێمە وەکوو نەتەوەی کورد خاوەندارەتیمان لە خۆمان کرد و بێدەنگیمان هەڵنەبژارد، هاتینە مەیدان و بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، بۆ جارێکی دیکە "نا"مان  بە کۆماری ئیسلامی گوت و بەڕاشکاوی پێمان ڕاگەیاند کە ئێمە هەر وەک ٤٣ ساڵی ڕابردوو کە بۆ نەهاتنەسەرکاری ئەم ڕێژیمە هاتینە مەیدان و بە کردەوە دژکایەتیمان لەگەڵ بوونی کرد، ئەوە ئێستاش پاش ٤٣ و پاش وەخەبەرهاتنەوەی باقی توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران، دیسان هەر لەو مەیدانی کردەوەیەداین و بە کردەوە سەلماندوومانە نامانەوێ قوربانی بین.

بەڵام خاڵی گرینگی ئەمجارە بوون و ڕۆڵی ژنان بو، ژنان لە کوردستان بە بەردەوامبوون لە ڕاپەڕینی ئەمجارە، سەلماندیانەوە کە وەک هەمیشە نەک ڕۆڵی قوربانییان بۆ خۆیان پێناسە و قەبووڵ نەکردووە، بەڵکوو بەپەڕی هەست بە بەرپرسایەتی و باوەڕبەخۆبوونەوە، پێشەنگایەتی ئەم ڕاپەڕینە دەکەن و ئامادەن لە پێناو دەستەبەرکردنی و ماف و ئازادییەکانیادا هەموو جۆرە نرخێک بدەن.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٣ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.