کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی پێش ڕووخانی لە تاران، لە کوردستان ڕووخاوە!

21:07 - 1 خەزەڵوەر 2722

شەمزین ئەحمەدنژاد

(تەتەڵەی هەوڵێکی نەزۆکی دیکەی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە بزووتنەوەی کورد)
 

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی ٢٣ی ڕەزبەری ئەمساڵ، لە چاوپێکەوتنێکدا دەگەڵ قاسم ئەعرەجی، سکرتێری شوڕای بەرزی ئەمنیییەتی عێراق جارێکی دیکە ڕایگەیاندووە کە "ناتوانن ببینن چیدی هێزە چەکدارە تێرۆریستەکان و جووڵەی ئەوان لە باشوری کوردستان بەردەامە." ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هاوکات داوای کردووە هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بەرپرسایەتیی تەواوی خۆیان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە دەگەڵ بە گوتەی خۆی لە هەرێمی کوردستانن جێبەجێ بکات. بەرپرسانی ئێران لە ماوەی ڕۆژانی ئەم ڕاپەڕینەدا زۆرترین جار وشەی تێرۆریستیان بەرامبەر بە حیزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکار هێناوە.

گۆڕینی سیاسەتی ڕێژیم بەرامبەر بە بزووتنەوەی کوردستان لە "تەجزیەهەراسی" و "دژەشۆڕش"بوونەوە بۆ بە "تێرۆریست" ناوبردنی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بە خەستی بۆتە بەشێک لە بەرنامەی کاری ڕێژیمی ئێران و حکومەت و وەزارەتی دەرەوە و، سەرجەم دامودەزگاکانی ڕێژیم زۆر بە چڕی خەریکن کار لەسەر ئەم بابەتە و بۆڵدکردنی دەکەن.

کۆماری ئیسلامی پتر لە چوار دەیەیە بزووتنەوەی سیاسیی کورد و نوێنەرانی ئەم بزووتنەوە کە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە "مونحەلە-هەڵوەشاو"، "دژبەر"، "تەجزیەتەڵەب"، "دژەشۆڕش"، "دەستوپێوەندیی ئیستکبار و ئیمپریالیزم" و... ناو دەبات. هەموو ئەو ناسناوانەش لە قۆناغی جیاجیا و بە سرنجدان بە تێگەیشتنی ڕێژیم لە پێگەی خۆی و بیروڕای گشتیی ئێران ئەندازیاری کراون.


ئینقلابی‌بوونی ڕێژیم و خەڵک

سەردەمێک کە ئینقلابی‌بوون بە مانای پێڕەوی خومەینی و شۆڕشی ئیسلامی‌بوون لە ئێراندا خاوەن پێگەیەکی جەماوەریی بەهێز بوو، دژەشۆڕش بوون باشترین چەکی دەستی ڕێژیم بوو کە دەیتوانی لە ڕێگەی ئەوەوە ڕەوایی بۆ سەرکوتی بزووتنەوەی کوردستان و هەموو گەلانی دیکەی ژێردەست لە ئێراندا وەربگرێت. کانسێپتی پیرۆزبوونی شۆڕشی ٥٧ ئیدی ماوبەسەرچووە و ژوورە فکرییەکانی ڕێژیم ئەوە باش دەزانن ئەوەی ئێستا دژی شۆڕشە، زۆرینەی ڕەهای خەڵکی ئێرانە بە زۆرینەی ئەو نەوەشەوە کە بەشێک بوون لە سترۆکتۆری شۆڕشە ئیسلامیەکە و وەک دەگوترێ خاوەنەکانی شۆڕش بوون.

تەجزیەتەڵەبی

تەجزیەتەڵەبی کارکردێکی پارالێلی هەبوو و لە ڕاستیدا یەکێک لە کۆڵەکەکانی ڕاگرتنی ناسیۆنالیزمی ئێرانی فارسی بووە. هاوکار دەگەڵ دەسەڵاتی جێگیر لە تاران زۆرینەی ڕەهای دژبەرانی ڕێژیم و ئازادیخوازانی ئێرانییش لە ترسی بە گوتەی خۆیان دابەشبوونی ئێران بەشدار دەبوون لە سەرکوتی سیاسیی کوردستان و ئامانجەکانی، بەڵام بە مێتۆدی جیاوازتر. سەرکوتی سپی کە بریتی بوو لە دانپێدانەنان بە مافەکانی کورد و بە هەڕەشەبینینی کورد دوکتورینی چەندین ساڵەی ئەم ڕەوتانە بووە. ئەم سەرکوت و سانسۆرکردنە بەتەواوەتی لە دووریکردنی هێزە سەرتاسەرییەکان لە هێزە سیاسییەکانی کوردستان و نەتەوە ژێردەستەکانی دیکەی ئێراندا دەبیندرا و هەتا ئەم دواییەش لانیکەم لە ئاستی دەرەوەی ئێراندا زۆر بەهێز درێژەی بە ژیانی خۆی داوە.

ئەوان ئامادە نین پڕۆژەی سیاسی ڕوون بدەن و گشتبێژیی (کلی گویی) سیاسی بە ئامانجی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و پشتگوێ‌خستنی مافی نەتەوەیی و ئینسانیانییەکانی ئیتنیکە جۆراوجۆرەکانی ئێران و دووبارە بونیادنانەوەی لێڤیاتانەکەی تاران ئامانجی سەرەکییانە. بەکورتی قۆناغی پۆست کۆماری ئیسلامی لای ئەوان قۆناغی پۆست‌سانترالیزم و شۆڤێنیزم نییە. بەڵام لە ئاستی نێوخۆییدا و بەهۆی سیاسەتی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، فەرهەنگی سیاسیی دێموکرات و سێکۆلاری کورد لە ئێران، بەرگریی بێوێنەی بزووتنەوەی کوردستان، کەسایەتییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان و سیما وەرزشوانەکانی لە چەمکە مۆدێرنەکانی وەک مافی مرۆڤ، جیایی دین لە دەوڵەت، شکاندن و لەهێزخستنی ئۆتۆریتەی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و بەکورتی، بوونی کوردستان بە هێمای بەرزی ڕوبەڕووبوونەوە دەگەڵ ڕێژیمی دژە ئازادیی ئێران وای کردووە کە، خەڵک سەربەخۆتر و هاوسەنگتر لە ڕەوتە سیاسیەکانیان، لە کورد، کوردستان و پرسەکەی بڕوانن.

لێرەدا ڕووی قسە زیاتر لە شەقامە. ئەم هاوپێوەندییە و هەروەها هاودەنگ‌بوونی کورد دەگەڵ درووشمە سەرتاسەرییەکان وای کردووە پڕۆژەی تەجزیەهەراسیی حاکمییەت لەنێو بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگەی ئێرانیدا قورسایی جارانی نەمێنێت. پرسی ئەوەی کە کۆلۆنیالیزمی وەخۆگری ئێرانی چۆن لەو بارودۆخەشدا خەریکە ساپۆرتی ئاجێنداکانی خۆی دەکات باسێکی گرینگی تایبەت بەم دۆخەیە نوێیەیە، بەڵام وەک دەرفەتێکی تاکتیکی، کورد و هەموو نەتەوەکانی دیکە لانیکەم هەتا قۆناغی ڕووخانی ڕێژیم دەتوانن کەڵکی لێوەرگرن.

بە کورتی بە هەمان شێوەی حاڵەتەکانی سەرەوە، بە دوژمن و داردەست ناوبردنی خەڵکی کوردستان چیتر ناتوانێ ڕەوایی بۆ سەرکوتی خەڵکی کوردستان لانیکەم لە ئاستی شەقامی نێوخۆیی ئێراندا بەرهەم بێنێت. دروشمەکانی ئەم ساڵانەی ڕابردووی خەڵک وەک "دشمن ما همین جاست، دروغ میگن آمریکاست" بەڵگەن بۆ ئەوەی خەڵک سەرچاوەی هەموو کێشە، نەهامەتی، قەیران و ماڵوێرانییەک لە ڕێژیمدا دەبینن. بە سرنجدان بە دۆڕانی چەمکە شەڕانخێوییەکانی ڕێژیمی ئێران لە مەیدانی گوتاری لە بەرانبەر بزووتنەوەی کوردستاندا، ئێستا دەسەڵاتدارانی تاران کە لە لێواری پێوەستبوون بە ئارشیوی حکومەتە ڕووخاوەکانی مێژوودا و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی ئەوە دەدەن لە ڕووخان قوتاریان بێت، مەیدانێکی گوتاری و مانایی دیکەیان بۆ شەڕ دەگەڵ بزووتنەوەی کوردستان و هەموو نەتەوەژێردەستەکانی دیکە لە ئێراندا چالاک کردووە.


کۆماری ئیسلامی بۆچی چەمکی تێرۆریزم لەسەر هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زەق دەکاتەوە؟
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە درێژایی زیاتر لە ٤ دەیە خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەمووکات پڕەنسیپە یاسایی و ئەخلاقییەکانی شەڕیان بەرانبەر بە دوژمنەکەیان لە هەموو مەیدانێکدا و بەتایبەت لە مەیدانی شەڕدا پاراستووە. نوێنەرایەتیی سیاسی و باڵیۆزی سیاسیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە جیهانی ڕۆژئاوادا هەمووکات ڕێزلێگیراو بوون و هیچ کات دەرگەی ژوورێکی دیپلۆماسی یان ڕێکخراوەیەکی سەر بەو پارتانە لەو وڵاتانە بە هیچ پاساوێک دانەخرا و دیپلۆماتێکیان دەرنەکرا، ئەویش لە کاتێکدا کە بەشی زۆری دیپلۆمات و نوێنەرایەتیی سیاسی حیزبی دێموکرات لەو کادر و پێشمەرگانە پێک‌ هاتوون کە بەهۆی برینداربوون، چوونەسەرێی تەمەن و... کوردستان و گۆڕەپانەکانی شەڕیان جێ هێشتبوو و ڕوویان لەو وڵاتانە کردبوو.
ئەو جیهانەی لە دوای شەڕی جیهانیی دووهەم و بەتایبەت لە دوای هێرشەکانی ١١ی سێپتامبر بۆ سەر ئەمریکا زۆر بە پارێزەوە دەگەڵ هێزە نادەوڵەتییەکان هەڵسوکەوتی دەکرد، بەڵام بەرانبەر بە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبەکانی، هەموکات دەرگای ئاواڵا بووە. نامەیەکی پشتیوانیی سیاسیی حیزبی دێموکرات بەس بووە بۆ ئەوەی مافی مانەوەی یەکجاری لە هەرکام لە وڵاتانی ئورووپای ڕۆژئاوا یان ئەمریکا بدرێت بە هەر پەنابەرێک کە هەڵگری نامەکە بووبێت و ئەمەش دەرخەری قورسایی سیاسی و پرەستیژی نێودەوڵەتیی حیزبی دێموکرات و هێزەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات بووە. دوو سکرتێر و چەندین ئەندامی ڕێبەری حیزبی دێموکرات لە کاتی دانوستان دەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی و نوێنەرانی ئۆپۆزۆسیۆنی ئێرانی، لە لایەن تیمە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی تێرۆر کران و دادگای میکۆنوس کە بە خوێنی ڕۆڵەکانی دێموکرات ڕووی سوور بوو، بوو بە گەورەترین بەڵگە لەسەر تێرۆریست‌بوونی ڕێژیمێک و ئەمەش لە چەشنی خۆیدا خاڵگۆڕانێک بوو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کە دەوڵەتێک نەک گرووپ، یان هێزێک یان ڕێکخراوێک بە تێرۆریست بناسرێت.

لە درێژەی بەکارگرتنی چەمکەکان بۆ خۆشڕاگرتن و ڕادیکاڵ‌ڕاگرتنی مەیدانەکانی شەڕ دەگەڵ بزووتنەوەی کوردستان وەک باس کرا ئەمجارەیان کۆماری ئیسلامی خەریکە چەمکێکی دۆڕاوی دیکە چالاک دەکات ئەویش چەمکی تێرۆریزمە. پرسیار ئەوەیە لەم بارودۆخەی ئێستادا کە چالاکییە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی وێردی زمانی ڕێبەرانی وڵاتانی ناوچە و میدیا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی جیهان و بە گشتی ڕۆژئاوایە، کۆماری ئیسلامی بەکام مەبەست ئەم چەمکە دۆڕاوە بەرامبەر بە هیۆمانیستیترین بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە چالاک دەکات؟

بۆ دیتنەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێ سەرەتا ئەوە باس بکەین کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مێژووی ژیانی نگریسی سیاسیی خۆیدا وەک ڕووداوەکانی دوای تێرۆرکردنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی تارانەوە ڕووبەڕووی کێشە و ئاستەنگی جدی نەبۆتەوە. ڕەنگە خوێندنەوەکان جیاواز بن، بەڵام کۆماری ئیسلامی پێش و پاش ٢٣ی خەرمانانی ئەمساڵ دوو کۆماری ئیسلامیی جیاوازن.

ڕەنگە زۆر سیمبولیک ببێتەوە، بەڵام بۆ سەلماندنی جیاوازییەکەی تەنیا قسەی بابی شەهید "فەرەیدوون محەمەدی" تان وەبیر دێنمەوە کە لە کاتی بەخاکسپاردنی تەرمی کوڕەکەی لە شاری سەقز بە زمانێکی زۆر ساکار گووتی: "ئەمە کۆنە! ئەم کۆنەپەرەستییە و ئەشی بڕوات، ئەشێ نەمێنێت!" بۆیە دەکرێ هۆکاری چالاک‌کردنی چەمکی تێرۆریزم بەرانبەر بە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان بەم شێوەیە پۆلێن بکرێت:

یەکەم، بێدەنگ‌کردنی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی جیهان لەحاند هێرشەکانی بۆ سەر بزووتنەوەی سیاسهی ڕۆژهەڵات لە باشور و پێشاندانی ئەم دەستدرێژییانە وەک خۆپاراستن لە بەرامبەر هەڕەشە و مەترسیی تێرۆردا.

دووهەم، هەوڵدان بۆ گوشارخستنە سەر حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و تاوانبارکردنیان بەوەی داڵدەی هێزی تێرۆریستی دەدەن و بەمەش بردنەپێشی سیاسەتی خۆی لەو پێوەندییەدا.

سێهەم، دروستکردنی کلێشەی نوێ لە بیروڕای گشتی ئێرانیدا سەبارەت بە بزووتنەوەی کوردستان کە ئێستا ئیدی لە ئاستی هەموو ئێراندا خاوەنی قووڵایی نفوزە و کاریگەریی سەرتاسەریی هەیە. بە سرنجدان بەوەش کە لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی بە هۆکاری نائارامی کوردستان ناو بردووە، ڕەوایی زیاتر بۆ سەرکوتی دڕندانە لە کوردستان بەدەست بێنێت.

چوارەم، ناسیۆنالیزمی ئێرانی-شیعە، خەریکە لە ئێستاوە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا و لەو ڕێگایەوە کۆسپی جدی  لە بەردەم پرسی کورد و گەلانیتر لە داڕشتنەوەی ئێرانی نوێدا دروست بکات و ڕەنگە بەشی زۆری نوخبەی سەر بە ناسیۆنالیزمی سێکۆلار-کەونارگەرای ئێرانیش ئەمەی پێ ناخۆش نەبێت.

پێنجەم، ڕێگریکردن لەوەی پێشمەرگە ببێتە سیمبولی ئازادی لە هەموو ئێراندا. لە حاڵەتی هێماییدا بەدەستهێنانی ئەو ناسنامە لەلایەن کوردەوە، کۆگای کەرەسەکانی شەڕی نەرمی کوردستان یەکجار دەوڵەمەند دەکات و قووڵایی نفوزی کوردستان زیاتر پەرە پێ دەدات.

شەشەم، ئامادەکاری بۆ هێرشێکی گەورەتر و بەربڵاوتر بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە بە سیاسەتی ئێستای بزووتنەوەی کوردستان و ناوەندی هاوکاری و بە تایبەت وڵامدانەوەی ئەم دواییەی ناوەند بە بانگەشەکانی سوپا بۆ هێرشی زەمینی، ئەگەرێکی زۆر بەهێزە.
حەوتەم، ئامادەکردنی ڕووسیە و چین و هاوپەیمانەکانی بۆ ئەوەی لە ئەگەری باسکردنی هێرشی هاوشێوەی ئەمە و ئیدانەکردنی لە ئەنجومەنی ئاسایشدا، پاساوی پێویست بۆ ڤێتۆکردنی ئەم بابەتە هەبێت. بەتایبەت بە بەرجەستکردنی ئەم بابەتە کە دەوڵەت نەتەوەیەک -دەوڵەت نەتەوەی ئێرانی- دەکەوێتە مەترسی و سیستەمی جیهانییش بەم بابەتە هەستیارە. نامەی نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تێرۆریست ناوبردنی حیزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات لەپاش کردەوە تێرۆریستیەکانی ڕێژیم بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەم حیزبانە بەشێکن لەو پلانە نوێیە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێستادا  بەتەواوی تەمابڕاو بووە و لە ڕووی داماوییەکی قووڵەوە کە تووشی بووە، پەنا بۆ هەموو شتێک دەبات. جیهان ئەم ڕێژیمە بە ڕێژیمێکی یاغی، بارمتەگر و پشتیوانی پلەیەکی تێرۆر دەناسێت. گەورەترین هێزی چەکداری ئەو وڵاتە لە لیستی تێرۆری ئەمریکادایە و سەرکردەی مەترسیدارترین گرووپە تێرۆریستییەکانی جیهان لەو وڵاتەدا دەژین. ئەم ڕێژیمە هێمای حکومەتێکی توندئاژۆی دینیی پاوانخوازە کە بەتەواوی ڕێگەی خۆی لە فرەیی و پلۆڕالیزم جیا کردۆتەوە. بۆیە ئەگەر هەر دەسەڵاتێک بتوانێ دۆخی ئانارشیکی نێودەوڵەتی بۆ خوێندنەوەی بەرژەوەندیخوازانە لەسەر تێرۆر بەکار بێنێ، کۆماری ئیسلامی کە بۆخۆی ماکەی تێرۆرە ناتوانێ ئەوە بکات.

ئەو هەموو ترسەی کۆماری ئیسلامی لە بزووتنەوەی سیاسی کوردستان و حیزبەکانی ڕاستییەکی گەورەی تێدایە، ئەویش ئەوەیە کۆماری ئیسلامی پێش ڕووخانی لە تاران دەمێکە بە دەستی کورد ڕووخاوە. ئەم ڕووخاوبوونەیە ئاوا هیستریکی کردۆتەوە بەرامبەر بە کۆمەڵگەی کوردستان و، کوردستانی کردۆتە سەنگەری یەکەمی جێبەجێکردنی هەموو سیاسەتێکی دژەمرۆیی خۆی.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٣ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.