کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بیاڤی گشتیی ئێران و هەڵسەنگاندنی دەوری ڕۆژاوا

21:25 - 1 خەزەڵوەر 2722

کەیوان دروودی

کاردانەوەی ڕەش‌وسپیی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی ژێست و لێدوانەکانی وڵاتانی ڕۆژاوایی، لەبارەی ڕووداوەکانی نێوخۆی ئێران، پاڵنەری ئەم وتارەیە کە تێیدا ڕۆشنایی دەخرێتە سەر بۆچوونە جیاوازەکان.

ئەوەی ڕاستی بێ جۆرێک لە دژایەتیی ڕۆژاوا لەنێو کەشی ڕووناکبیریی ئێرانیدا هەیە کە زاڵە بەسەر بۆچوونی بیاڤی گشتیدا و درێژکراوەی ئەم‌ جۆرە لە دژبەری، کاریگەریی لەسەر بۆچوونی کۆمەڵە خەڵکێک لەم ڕۆژانەدا بووە. ئەم‌ جۆرە لە دژبەری، خاوەنی هیچ جۆرە پاشخانێکی فیکری نییە و جگە لە پەلەقاژەیەک بۆ دەربازبوون لە دەستەمۆیی دامەزراوەیی و ئابووری و ئایدیۆلۆژییەک چیی تر نییە. چەقی ئەم جۆرە لە دژبەری، نۆستالژییەکە لە گەڕانەوەیەکی کتوپڕ بۆ هەیمەنەیەکی ساختە، کە لای وایە چەقی شارستانییەتی کۆن لە ئێراندا بووە و بۆ ژیاندنەوەی ئەم تەرمە، پێویستە لە پێشدا ئەویتری بۆ خۆسازی بەرز بکرێتەوە. ئەم ئەویترەش جگە لە عەرەبەکان و پێکهاتەکانی تری ناوچە، ڕوژاواش دەگرێتەوە.

لایەنگرانی ئەم دژبەرییە لەوپەڕی هەژاری لە گوتار و کرداردا، دەست بۆ گێڕانەوەیەک دەبەن کە سەروبنی لە بوونی شارستانییەتێکی بێ‌وێنەوە سەرچاوە دەگرێ و کۆی ئەم شارستانییەتەش بریتییە لە کۆمەڵێ ئیدیعا. بەلای ئەوانەی تۆزقاڵێ تێگەیشتنیان لە ئیستبدادی ئێرانی هەیە، ڕوونە کە پاشاکان لەم جوغرافیایەدا بە درێژایی سەدان ساڵ خاوەنی ماڵ و گیانی خەڵکی ڕەشۆکی (رعیت) بوونە و هیچ گرێبەست و پەیمانێکی کۆمەڵایەتی لەو شارستانییەتە لەئارادا نەبووە. بۆ نموونە، هەرکات باس لە بشێوی و ئاژاوە لە گێڕانەوەی مێژوویی ئێران دەکرێ، بێگومان ڕاپەڕینی دژی دەسەڵاتداران کراوە کە بە جیاوازییەکی کەمەوە هاوشێوەی ڕاپەڕینی ئەم ڕۆژانەی سەرتاسەری لە ئێران بووە.

وەکی تر له بەرانبەر ڕەشنوێنی و تۆمەتبارکردنی ڕەشۆکییەکاندا، بە بەردەوامی پێ لەسەر شیاویەتی و ڕەوایی دەسەڵاتی خانەدانی (دودمانی) دەگیرێ. ئەم ڕەواییەش خۆی لە ئوستوورە و ئەفسانە و گێڕانەوەی ساختەدا دەبینێتەوە. دیسان بۆ نموونە؛ هەڵگیرساندنی شەڕی زنجیرەیی لەتەک دراوسێکان بۆ پەرەپێدانی ناوچەی ئۆتۆریتەی دەسەڵاتی خانەدانی، بە پێوەری سەرەکیی ڕەوایەتی و شیاویەتی دادەنرێ کە ئەگەر ئەمە بنەما بێ، دەبێ ئاڵمانییەکان شانازی بە تاوانەکانی کیش‌شەخسییەتیی هیتلێر و ئایدیۆلۆژیی نازیسم بکەن!

ئەم تێگەیشتنە وا دەکات کە ڕۆژاوا لە وڵاتانی جیاواز و فرەیی فەرهەنگی و سیاسیدا، دابەزێنرێن بۆ هەیکەلێکی ڕەش و دژبەر کە نابێ هیچ گومانی تێدا بکرێ و دەرفەتی هیچ‌جۆرە کرانەوەیەک ناهێڵێتەوە، تەنانەت ئەگەر ڕۆژاواییەکان ڕووگەیەکی کردەیی و گوتاری بۆ لابردنی کۆماری ئیسلامی بگرنە بەر. هۆیەکەشی ئەوەیە کە وەک باس کرا، شارستانییەتی ئێرانی سەربەخۆ و پیرۆز و بێ‌کەم‌وکورتییە و ژیاندنەوەی بەندە بەوەی نکۆڵی لە هەرجۆرە تەعامولێک لەگەڵ مودێڕنیتەی ڕۆژاوایی بکرێ.

ڕوانگەیەکی لەم چەشنە لە جیهانێکدا کە مرۆڤ سووژەی ئاوەزمەندە و لە کاتەگۆریی ڕەشۆکی دەرچووە و دەسەڵاتەکان لە پێگەی پیرۆزی داماڵێنراون، جگە لە تراویلکەیەک و وەنەوزێکی فیکری هیچی تر نییە. سڕینەوەی کاریگەریی ڕۆژاوا، کە ئایدیای سەرەکیی ئەم کەسانەیە، بابەتێک نییە کە بە ورووژاندن و دنەدان جێبەجێ بکرێ؛ بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەریی تەکنۆلۆژی-مودێڕنیتە و دامەزراوەی دەوڵەت و سیستەمی ئابووریی جیهانی و دارایی و .. کە ئەمانەش بە نکۆڵی، حاشا و چاوپۆشی ناسڕدرێنەوە.

بۆچوونی دووەم کە سپییە و دەکەوێتە بەرامبەری ئەم ئایدیایەوە، بە گەشبینییەکی تایبەتەوە دەڕوانێتە نەزمی هەنووکەیی و لای وایە ڕۆژاوا بەدوای پەرەسەندوویی و گەشەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتانی دواکەوتوویە. بەشێ لە لایەنگرانی ئەم بۆچوونە پێیان ‌وایە ڕۆژاواییەکان سەقامگیرییەکی هەمەلایەنەیان دەوێ لەم ناوچەیە تا نەزمی هەنووکەیی پتەوتر بکرێ و بەشێکی تریان لایان وایە نەمانی سەرەڕۆیی و جێگیربوونی دەسەڵاتی ڕەوای خەڵکی، لە خۆیدا بە قازانجی ڕۆژاوایە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە نەزمی هەنووکەییدا، ئازادی و دادپەروەری بنەما نییە، بەڵکوو بەرژەوەندیی وڵاتان کۆڵەکەی سیاسەت دیاری دەکات. ڕوونیشە لە فەزایەکدا کە بەرژەوەندی یەکلاکەرەوەیە، پەرەسەندن و دێموکراتیزاسیۆنی وڵاتان هەر بەو ڕادەیە کە دەتوانێ قازانجی ڕۆژاوا دابین بکات، هەڕەشەیەکی جیدییە لەسەر هێژمۆنیی ئەوان. بەدیوێکی تردا لە ناوچەیەک کە پیشەسازی گەشە دەکات و لە هەمان کاتدا باری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی بەرەو ئاشتەوایی دەچێ، بەستێنی بەستنەوەی بەرژەوەندیی دەرەکی بە مانەوەی دەسەڵاتی ناڕەوای نێوخۆی ئەو وڵاتانە لەبار ئەچێ. واتە، ئەگەر وڵاتێکی وەکوو ئێران، بەهۆی پێشکەوتنەوە، بەپێچەوانەی ئێستا و ڕابردوو بەرژەوەندیی خەڵک و وڵات لەبەر چاو بگرێ و سیاسەتی دەرەکیی بۆ دەسەڵاتی کەمینە تەرخان نەکات، دەتوانێ دەورێکی جیاواز لە پێشوو بگێڕێ.

جێگیربوونی بەرژەوەندیی گشتی لە ڕووگەی سیاسی، ئابووری و .. وڵاتێک، ئیمکانی پێملکردنی بۆ زلهێزەکان سەختتر دەکات. لێرەدا پێویستە ئەو جیاکارییە لەبەرچاو بگرین کە پرسگەلێکی وەکوو مافی مرۆڤ، لەگەڵ ئەوەی بەهایەکی گەردوونییە، بەڵام جێگیرکردنی لە هەر یەکەیەکی سیاسی، جوغرافیایی و کۆمەڵایەتی پێویستی بە گەشەسەندوویی هەمەلایەنەی نێوخۆیی هەیە، نەک پەیوەندی و سازانی دەرەکی! لە ئێستەدا وڵاتێکی وەکوو تورکیە و سعوودیە لەگەڵ ئەوەی هاوبەشی ڕۆژاوان، بەڵام لەڕووی نێوخۆییەوە قۆناغی گەشەسەندوویی هەمەلایەنەیان تێپەڕ نەکردووە و ئەوەش لە داخراویی سیستەمی سیاسیدا ڕەنگ ئەداتەوە. وەکی‌تر وڵاتێکی وەکوو ژاپۆن هاوکات کە هاوپەیمانێکی ئیستراتێژیکی ڕۆژاوایە، بەڵام خاوەنی پاشخانێکی دەوڵەمەندی نێوخۆییە لە کۆی گەشەکردندا.

هەربۆیە، بۆچوونی گەشبینی، ئەوەندەی کە دەتوانێ ڕێگە بۆ پەیوەندی بکاتەوە و باز بەسەر داخراوەیی و تەریککەوتەیی بدات، دەشێت بن‌پێی دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ پتەوتر بکات و بیاڤی گشتی لە شانۆی سیاسی وەدەر بنێ. لەبەر ئەوەش، سەرەتا دەبێ جۆرێک لە کرانەوەی نێوخۆیی و بەشداریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی گشتگیر بێتە کایەوە، تاکوو لە جێگیرکردنی بەرژەوەندیی گشتی لە کاروبار و سیاسەتی دەرەکیدا ڕەنگ بداتەوە. هەربۆیە بەستنەوی چارەنووسی داهاتوو بە فاکتەری دەرەکی و چاوپۆشی لە مەترسییەکانی، وا دەکات کە دینامیزمی نێوخۆیی لەبەرچاو نەگیردرێ.

کەواتە، یەکەم ئەوەی کە خوێندنەوەی ڕەش و سپی، واتە ڕەشبینیی پەتی و لە هەمان کاتدا گەشبینیی پەتی بەرامبەر ڕۆژاوا لە کۆی خۆیدا، جۆرێکە لە دابەزاندن و هێنانەخوارێی ئاستی پرسێکی فرەلایەن و ئەمەش هەڵەتێگەیشتنێک لە گێڕانەوەی دۆخەکە دروست دەکات. لەڕاستیدا گەشەسەندوویی پێش لەوەی پەیوەندیی دەرەکی و خۆگونجاندن لەتەک جیهانی دەرەوە و بەتایبەتی ڕۆژاوا بێ، بابەتێکی نێوخۆیی کە لەلایەکەوە خاوەنداریەتیی بیاڤی گشتی بە مافی خەڵک بزانێ و لەلایەکی ترەوە ئەم ئیرادە گشتییە بە شانۆی سیاسی ببەستێتەوە تاکوو ڕێگری لە سازانێ بکرێ کە بە درێژایی سەدەی ڕابردوو لە ئێران پەیڕەو کراوە. وەکی‌تر هەر جۆرە بەستنەوەیەکی باری نێوخۆیی بە وڵاتانی تر بەتایبەت زلهێزەکان، جگە لەوەی دەسەڵات - بە‌بێ لەبەرچاوگرتنی ڕەوایەتی و شیاویەتی- بە وڵاتانی تر دەبەستێتەوە و زەمینە بۆ درێژەپێدانی دێسپۆتیزم خۆش دەکات، هیچی تر نییە. هەر وەک چۆن ڕەشنوێنی و دژبەریی بێ‌ئەملاولا دەتوانێ ڕێخۆشکەر بێ بۆ ئەوەی هاوشێوەیەکی تری سیستەمی کۆماری ئیسلامی (بەبیانووی دژایەتیی ئەمپریالیزم) لە هەناوی ئەم فامکردنەوە لەدایک بێ.

هەربۆیە ئەسڵی تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی هەڵوێست و ڕووگەی وڵاتان، ئەوەیە کە تا چ ڕادەیەک ڕێز لە بیاڤی گشتی و بەرژەوەندیی هەمەلایەنەی خەڵکی وڵاتێکی وەکوو ئێران، بە سەرجەم پێکهاتەکانیەوە دەگرن و ئامادەیی خۆیان بۆ پاڵپشتیی خەڵک لە قۆناغی تێپەڕاندنی خەڵکی ڕەشۆکییەوە بۆ هاووڵاتی ڕادەگەیەنن. بێگومان ئێرانی داهاتوو دەمڕاست و خاوەنی پێشوەختەی نییە و بەشداریی چالاکانەی سیاسی و دابەشکردنی ئەستوونی و ئاسۆیی دەسەڵات بەسەر پێکهاتەکاندا، تاقە ڕێگەی چەسپاندنی ئیرادەی هەمەلایەنەیە؛ ئیرادەیەک کە دەبێ ببێتە بەردی بناغەی سیاسەتی دەرەکی کە تەعبیر لە هەمان بەرژەوەندیی گشتی بکات.

بێگومان دانانی فورمووڵی پێکانی ئەم ئامانجە، جێی باس و مشتومڕە و دەکرێ لەسەری قسە بکرێ؛ وەکی‌تر هەر جۆرە هەڵوێست و ڕێکارێ کە وڵاتانی تر دەیگرنە پێش بەبێ ڕێزدانان بۆ ئەم واقیعە سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە، کەڵکی ئەوەی نییە حسێبی تایبەتی لەسەر بکرێ و دەبێ لە ئێستەوە بەو پێوەرە هەڵسەنگاندن بۆ هاوبەشی و هاوپەیمانی بکرێ.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٣ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.