کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکارییەکانی ئێران بەڵگە بۆ ڕەوایی خەباتی میللەتێکن

21:44 - 1 خەزەڵوەر 2722

عومەر باڵەکی

سایتی فەرمیی سپای پاسداران "تەسنیم" لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی  "هۆکار و ئامانجەکانی کردەوەی نیزامیی ئێران بەدژی تاقمە تێرۆریستییەکانی باکووری عیراق" باس لە نامەی نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکا کە بۆ سەرۆکی دەورەیی شوڕای ئەمنییەتی ئەو ڕێکخراوەی ناردووە و هۆکاری هێرشە مووشەکی و پەهبادییەکان بۆ سەر شوێنی نیشتەجێ‌بوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تێدا ڕوون کردووەتەوە.

 ئەوەندەی سایتی تەسنیم لە نێوەرۆکی نامەی نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی  بڵاوی کردۆتەوە بە دەردی کورد گوتەنی تفی بەرەوژوورە و هەر ڕووی خۆیان دەگرێتەوە و تەواوی ئەو تۆمەتانەی جەنابی نوێنەر بۆ تۆمەتبارکردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو نامەیەدا باسیان دەکا، لە ڕاستیدا ڕێک پڕ بە پێستی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامین. بۆ سەلماندنی ئەو قسەیە نموونەیەک لە نێوەرۆکی نامەکەی جەنابی نوێنەر لێرەدا دێنینە بەر باس و بەپێی ئایدۆلۆژیا و کردار و ڕەفتاری ئەو چل ساڵەی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵسنگاندنی بۆ دەکەین.

نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی لەو نامەیەدا باس لەوە دەکا کە "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا خۆی یەکێک لە قوربانییەکانی ئەسڵیی تێرۆریزم بووە"،  ئەگەر هەر سووکەئاوڕێک لە مێژووی پێش هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بدەینەوە دەبینین کە تێڕوانینی دەوڵەتەکان لە ئێران و ناوچەکە بۆ تێرۆر و تێرۆریزم بە چەشنێک بوو کە هەوڵیان دەدا لە کار و کردەوەیاندا لە کۆمەڵگەی جیهانی بە لایەنگری تێرۆریزم نەناسرێن بەڵام زۆر بەڕوونی و ئاشکرا بەپێی هەموو بەڵگەکانی بەردەست بۆمان دەردەکەوی لەو کاتەوە کە نیزامی کۆماری ئیسلامی لە جوغرافیای ئێران دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتووە، نەک تەنیا لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڵکوو بە بوونی سیاسەتی تیرۆریست‌پەروەریی کۆماری ئیسلامی لە سەرانسەری جیهاندا تێرۆریزم پێناسەی دەوڵەتیی بە خۆیەوە گرتووە و لە هەر جێگایەک لەو جیهانەدا کردەوەیەکی تێرۆریستی ڕوو بدا، لە یەکەم چرکەدا هەموو ڕوانینەکان بەرەو دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەبێ، چونکە کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لەو دەوڵەتانەیە کە ڕێبەرانی تەنانەت پێش دامەزرانی ڕێژیمەکەیان تێرۆریان بۆ ئامانجە سیاسییەکانیان بەکار هێناوە و دوای گەیشتن بە دەسەڵاتیش لەپێناو ڕاگرتنی ڕێژیمەکەیاندا بە بەربڵاوی کردەوەی تێرۆریستیان وەک ئامرازی لەنێوبردنی دژبەرانیان گرتۆتە دەست کە ئەوەش بۆ بنەما فیکرییەکانی ڕێبەرانی ڕێژیم دەگەڕێتەوە و لە پێکهاتەی دەسەڵاتیشدا نەهادینە کراوە و جێ خراوە.

نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبوایە پێش ئەوەی ئەو نامەیە بنووسێ و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تێرۆریست ناو بەرێ و حکوومەتەکەی خۆی بێبەری بکا لە کردەوەی تیرۆریستی، باش بوو وەک کەسێکی دیپلۆماتکار چاوێکی بە کارنامەی مەحکوومییەتی دەوڵەتەکەی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتی لەمەڕ کردەوە تێرۆریستیەکانی، خشاندبایە و ئەوکات دەستە چەورەکەی خۆیانی بە لایەنەکانی دژبەری سڕیبا. لە مێژووی دەسەڵاتدارەتیی نیزامی کۆماری ئیسلامیدا، دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامە لە ڕێگای دامودەزگای جۆراوجۆرەوە بە سەدان کردەوەی تێرۆریستییان ئەنجام داوە کە زۆربەی ئەو تێرۆرانە، تێرۆری جیابیران و دژبەرانی ئەو نیزامە بوون، لە گەڵ ئەوەشدا زۆربەی تێرۆریستەکان دوای کردەوە تێرۆریستیەکە توانیویانە لە دەستی پۆلیس و دامودەزگای قەزایی هەڵێن، بەڵام بەو حاڵەش هەتا ئێستا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە دادگاکانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهاندا پەروەندەی کردەوەی تێرۆریستییان بۆ کراوەتەوە؛ بۆ نموونە: لە دەزگای دادی فەڕانسە، ئاڵمان، سویس، ئارژانتین، ئۆتریش و بێلژیکدا کار لەسەر کردەوە تێرۆریستیەکانی کۆماری ئیسلامی کراوە و هەتا ئێستا لانیکەم سێ حوکمی نێودەوڵەتی لە لایەن ئەو دادگایانەوە سەبارەت بە کردەوە تێرۆریستییەکانی ئەو نیزامە بۆ دەسبەسەرکردنی بڕیاردەرانی ڕەدە باڵای تاران و بکەرانی ئەو تێرۆرانە دەرچووە.

بە پێچەوانەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، حیزبەکانی بەرهەڵستکاری ئەو نیزامە لە مێژووی ئەو ٤٣ ساڵەدا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان و لێدانی دژبەرانیان، تێرۆر و تێرۆریزمیان لە ستراتێژیی خەباتی ماف‌خوازانەی خۆیاندا نەگونجاندووە و کاریان لەسەر نەکردووە. بۆ وەبیرهێنانەوە باشە لێرەدا ئاماژە بە نامەی شەهیدی دەستی تێرۆر د. قاسملوو بکەین کە لە کاتی ئاگربەستی شەڕی ئێران-عیراق لە ڕێکەوتی ٣/٨/١٩٨٨زایینی، ڕوو بە سکرتێری گشتیی ئەوکاتی نەتەوە یەکگرتووەکان "پرز دوکۆیلار" نووسیویەتی. د. قاسملوو لە بەشێک لە نامەکەدا ئاوا باسی ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە تێرۆر و تێرۆریزم دەکا: "... ئاغای سکرتێر، حیزبی ئێمە کە ٤٣ ساڵە ڕابردووی تێکۆشانی سیاسیی دژی تێرۆر، بارمتەگرتن، فڕۆکە ڕفاندن و بەگشتی هەموو ئەو کارانە بووە کە گیانی کەسانی غەیرە‌نیزامی و بێ‌دیفاع بخاتە مەترسییەوە، حیزبی ئێمە هەمیشە لایەنگری ئاشتی و دژی شەڕ بووە، ئێستا کە دەتانەوێ ئاشتی و هێمنایەتی باڵ بەسەر سنوورەکانی ئێران-عیراقدا بکێشێ ئەوە ئامانجی ئێمەشە...".

 هەر لە پێوەندی لەگەڵ تێرۆر و تێرۆریزمدا، د. قاسملوو لە وتارێکدا لە ئەنستیتۆی هاودەردی لەگەڵ ئەمریکای لاتین و ئەفریقا کە لە ڕێکەوتی ٦/١٠/١٩٨٨ لە مادریدی پێتەختی ئیسپانیا پێک‌هاتبوو، دەڵێ: "... حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک ڕێکخراوێکی دێموکرات بەپێی ئوسووڵ و ڕێبازی خۆی، هەموو کات تێرۆریزمی لە فڕۆکە ڕفاندنەوە بگرە تا دەگاتە بۆمب دانانەوە و بارمتەگرتن، ڕەت کردووەتەوە و بەگشتی حیزبی ئێمە هەر کردەوەیەکی کە ژیان و هێمنایەتیی ئەفرادی غەیرە‌نیزامی و بێ‌دیفاع بخاتە مەترسییەوە ڕەت دەکاتەوە...".

بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی ساڵی ١٩٩٦ی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی پارلمانی بریتانیا، لە نێوان ساڵەکانی ١٩٧٩ تا ١٩٩٦ واتا نزیک بە ١٧ ساڵ، دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەدا لەسەر یەک، ٢٢٠ کەس لە ئۆپۆزیسیونی ئێرانیی دانیشتووی وڵاتانی دەرەوەی ئێران لەلایەن تێرۆریستە نێردراوەکانیەوە تێرۆر کردوون. ئەوە بێجگە لەو کردەوە تێرۆریستییانەیە کە لەسەر کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لەنێو خاکی باشووری کوردستان لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی دەزگاکانی ئیتلاعات و ئەمنییەتی ئێرانەوە بەڕێوە چوون، کە بەداخەوە ڕادەیان خۆ لە ٤٠٠ کەس نزیک دەکاتەوە. کارنامەی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا پڕە لە کردەوەی تێرۆریستی کە لە نووسێنێکی وادا ناتوانرێ هەموو ئامار و ڕەقەمەکان بهێنرێنە بەر باس. هەر ئەو چەند نموونەیە بەباشی ڕوونی دەکاتەوە کە ئەوە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن کە تێرۆر و تێرۆریزم وەک کەرەستەی مانەوەی دەسەڵاتدارەتیی خۆیان بەدژی دژبەرانیان بەکار دێنن و بەخۆشییەوە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەتی لە هیچ جێگایەکی ئەو جیهانە و لە هیچ دادگایەکدا بە، بەکار‌هێنانی تێرۆر و پەرەپێدانی تێرۆریزم تۆمەتبار نەکراون.

لێرەدا باشە وەبیر نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێتەوە کە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆمەڵێک یاساوڕێسای نێودەوڵەتیی پەسند کردووە کە هەموو ئەندامەکانی ئەو ڕێکخراوەیە لەسەریانە پابەندی جێبەجێ‌کردنیان بن و هیچکام لە ئەندامەکان ناتوانن بەپێچەوانەی ئەو یاساوڕێسایە بجووڵێنەوە، بۆ نموونە پاراستنی سەروەریی سیاسی و جوغرافیایی وڵاتان، واتا دەستێوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆیی و نەبەزاندنی سنووری ئەو وڵاتانە. بەڵام لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی نەک سەروەریی دەسەڵاتی سیاسی و جوغرافیایی وڵاتانی هاوسنووری خۆیان نەپاراستووە بەڵکوو بێ سڵەمینەوە لە یاسا نێودەوڵەتییەکان هەر کردەوەیەکیان ئامانج بووبێ، بەڕێوەیان بردووە کە نزیک بە تەواوی ئەو کردەوانەی کۆماری ئیسلامی، ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتانەیان خستووەتە مەترسییەوە و ئاخرین نموونە بۆمبارانی مووشکی و پەهبادیی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و کەمپی نیشتەجێبوونی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە بەداخەوە بوو بە هۆی شەهیدبوونی ١٧ کەس کە لە نێو شەهیدەکاندا منداڵی تەمەن یەک ڕۆژەش هەبوو.

لە کۆتاییدا ئێستا کە گەلانی ئێران بێ جیاوازیی نەتەوایەتی و ئایینی و سیاسی، زیاتر لە مانگێکە بەدژی زوڵم و زۆری دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ڕاپەریون و دروشمی نەمانی کۆماری ئیسلامی دەدەن کاتی ئەوە هاتووە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕادەی پێوەندییە سیاسیی و دیپلۆماتیکەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوازێک بێننە خوارێ کە کۆماری ئیسلامی نەتوانی بە ئێعتباری سیاسی لە کۆر و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا بەشدار بێ و ئەوە دەتوانێ باشترین پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ خەڵکی ڕاپەریو و وەزاڵەهاتووی ئێران بێت.

بە دڵنیاییەوە بە نەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تێرۆریزم گەورەترین پشتیوانی خۆی لەدەست دەدا و ئەوە دەتوانێ ئارامی و ئاسایش بۆ دەوڵەتانی ناوچەکەش بگێڕێتەوە. نەمانی کۆماری ئیسلامی یانی نەمانی تێرۆریزمی دەوڵەتی، نەمانی بەبارمتەگرتنی دەوڵەتی، نەمانی سەرکوت و زەبروزەنگ بە ناوی دینەوە، نەمانی تەفرەقە و دووبەرەکێی نێوان گەڵانی ناوچەکە و... .

بە هیوای یەکگریی زیاتر لەپێناو سەرکەتنی گەڵانی ڕاپەریوی ئێران و ڕاماڵینی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٣ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.