کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ژینا گیان تۆ نامری، ناوت ئەبێتە ڕەمز"

21:53 - 1 خەزەڵوەر 2722

سۆران عەلیپوور

لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٢٨ی زایینی مامۆستایەکی ئایینی لە ناوچەکانی دەوروبەری سەردەشت ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەیەکی بەرەنگاریخوازانە دەکا دژ بە سیاسەتی شۆڤێنیستی یەکدەست‌کردن و یەکڕەنگ‌کردنی ڕەزاشای پەهلەوی. ئەو زانا ئایینییە مەلا خەلیلی گۆڕەمەری بووە و هۆکاری سەرەکیی ئەو ڕاپەرینەش بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان قەدەغەکردنی جلوبەرگی کوردی و سەپاندن و یەکدەست‌کردنی جلوبەرگێک بوو بۆ ئەوەی ڕەزاشا پێی‌وابێ کە بە سەپاندنی شێوازێکی دیاریکراوی جلوبەرگ نەتەوەیەکی یەکدەست و بەهێزی دروست کردبێ. لەوانەیە پێویست بە پرسیار نەکا کە ئەو سیاسەتە چەندە سەرکەوتوو بوو، خەڵکی ئێران هەم سیاسەتەکانی و هەم خودی پاشایەتیی ئەویشیان کرد بە بەشێک لە مێژوو. پارێزگاری‌کردن لە جلوبەرگی کوردی وەک بەشێک لە کولتوور و ناسنامە و نەکەوتنە ژێرباری سیاسەتی تواندنەوە و یەکخستنی ڕەزاشا، بەشێک بوو لە بزووتنەوەیەکی گەورەتر کە لە قۆناغ و ناوچەی جۆراوجۆری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەریان هەڵدەدا.

ئەو کورتە پێشەکییە بۆ ئەوەیە کە وێکچوونی نێوەرۆکی تۆتالیتاری دەوڵەت- نەتەوەی ڕەزاشا لەگەڵ نێوەرۆکی ئیدۆلۆژیکی پاوانخوازی کۆماری ئیسلامیدا لێک گرێ بدەینەوە. لە هەردووکیاندا یەکڕەنگ‌کردن و یەکدەست‌کردن لە جلوبەرگ و کولتوور و زمانەوە دەست پێ دەکا تا دەگاتە سیاسەت و حوکمڕانی کردن. نەهادەکانی دەوڵەت چ ئیداری بن یا خزمەتگوزاری دەخرێنە خزمەت سیستمێکی چڕوپڕی چاودێری‌کردن، لە کۆنتێکستێکی ئەوهادا پۆلیسی مۆرال "گەشتی ئیرشاد" دەتوانێ ژینا بە تاوانی نەگونجان لە فۆرمی لەپێشدا دەستنیشانکراوی ئەواندا، قۆڵبەست بکا و پاش ئەشکەنجە و ئازاردان گیانیشی لێ بستێنن.

وەک چۆن قەدەغەکردنی جلوبەرگی کوردی تاکە هۆکاری سەرهەڵدانەکەی مەلاخەلیل نەبوو، بەهەمان شێوە کوشتنی ژینا و پرسی حیجابی زۆرەملێ تاکە هۆکاری ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان و ئێران نین، کۆمەڵگەی ئێرانی لەمێژە لە ناخی خۆیدا دەکوڵێ و وەک بۆمبێک ئامادەی تەقینەوەیە. ئەو کەسەی لە سەر کێلی ژینا نووسیویەتی: "ژینا گیان تۆ نامری، ناوت ئەبێتە ڕەمز" لەوانەیە هیچ کات پێشبینیی ئەوەی نەکردبێ کە ناوی ژینا سنووری سەقز و ڕۆژهەڵات تێپەر دەکا و دەبێ بە ناوێک کە لە ئاستی جیهانیدا ببێ بە ڕەمزێک بۆ خەبات و بەرەنگاری و ئازادیخوازی و سەرەتای ڕاپەرینێکی گشتی دژ بە یەکێک لە دیکتاتۆرە هەر قێزەونەکانی سەردەم، بەڵام ئەگەر بە ڕێکەوتیش ئەو ڕستەیەی نووسیبێ، ڕەوتی ڕووداوەکان ڕاستی ئەو نووسراوەیان سەلماند.

نەوەیەکی لاو و تازەلاوی پڕلە وزە، خوێندەوار و وشیار لە ڕیزی پێشەوەی ئەو ڕاپەڕینەدان کە سەرەرای ئەوەی بە سیستمی پەروەردەی ئەو ڕێژیمە گەورە کراون، مەودایەکی زۆریان لەگەڵ بەها و پێوەرەکانی کۆماری ئیسلامی گرتووە. ئەو نەوەیە وشیارە بەوەی کە  کۆماری ئیسلامی لە چ قەیرانێکی حاکمییەت‌دایە و چۆن لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا خراوەتە پەراوێزەوە. ئەوان ئاگادارن کە بە تاڵانبردنی سامانی وڵات و خەرجکردنی لە سیاسەتە ئەودیوو سنوورییەکانی ڕێژیمدا چۆن خەڵکی ئێرانی تووشی قەیرانی هەژاری، بێکاری و ئابوورییەکی لاوازی داڕماو کردووە. کچان و ژنانی ئێران کە لە زانکۆکاندا ڕێژەی زۆرینەن، ئاگادارن لەوەی کە چۆن سیاسەتی هەڵاواردنی بنگەیی، ئەوانی لە بازاڕی کار و مەیدانە سیاسی، کولتووری و ئابوورییەکان دوور خستۆتەوە. هەموو ئەو هۆکارانە و هاوکات پێگەیشتوویی شعووری سیاسی لەو نەوەیەدا کە بەئاسانی توانای بەراوردکردن و هەڵسەنگاندنی هەیە ژنان و لاوان و چین و توێژەکانی دیکەی هێناوەتە سەر شەقام.

مانگێک بە سەر دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکاندا تێپەڕیوە. ئەم ڕاپەڕینەی بە فڕێدانی پەچەی بەسەردا سەپێنراو و بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە کوردستانەوە دەستیان پێ کرد و هەر زوو ویستە ڕادیکال و داخوازییە ڕاستەقینەکانی خەڵک لە دروشمەکانی دیکەدا کە جەوهەر و سێمبولەکانی کۆماری ئیسلامی دەکردە ئامانج، ڕەنگی دایەوە. خەڵک ڕووی دروشمی لە ماهییەت و بوونی ئەو ڕێژیمەیە و هەر سیمبۆلێک نوێنەرایەتیی ئەو حکومەتە بکا دەکرێتە ئامانج، لە پەیکەری خومەینیەوە تا بەسیجی و بەکرێگیراوانی ڕێژیم.

ئەگەر درێژەکێشان و چروپڕیی خۆپێشاندانەکان و بڵاوبوونەوەیان بە هەموو ئێراندا تایبەتمەندییەکی ئەو ڕاپەرینە بێ، ئەوا لە مەیداندا بوونی ژنان و کچان وەک بزوێنەر و پێشڕەو پێناسەیەکی دیکەی ئەو ڕاپەڕینەیە. جیاواز لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دوو دەیەی پێشوو، هیچ باڵێکی ڕیفۆرمخواز یا کەسایەتییەکی ڕێفۆرمیست نەیتوانیوە مۆرکی خۆی بەو ڕاپەرینەوە بنێ و پێدەچێ بە یەکجاری سیناریۆی ڕێفۆرم لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا پێگەی خۆی لەدەست دابێ. نەبوونی ڕێبەرێکی دیاریکراو بۆ ئەو بزووتنەوەیە لە لایەکەوە کۆماری ئیسلامیی لە زوو کۆنترۆل‌کردن و سسست‌کردنی دەستەوەستان کردووە، و لە لایەکی دیکەشەوە شێوازێکی دیکەی لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان خستۆتە ڕوو کە پێویستی بە هیرارکییەکی ستوونیی نییە کە هێڵ و فەرمانی لێ وەربگرێ، بەڵکوو ویست و دروشمێکی یەکگرتوو لەنێو پێکهاتە جیاوازەکاندا هەیە کە ڕێبەریی ڕاپەرینەکەیان بە شێوەیەکی ئاسۆیی بەسەر هەموواندا دابەش کردووە.

یەکگرتوویی و هاودەنگییەک لە دەوری دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"دا هەیە کە وایکردووە نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی بێ‌ئەوەی ترسیان لە لەدەستدانی داخوازییە سیاسییەکان یا ئەجێندای سیاسیی خۆیان هەبێ، ئەو دروشمە بە ئی خۆیان بزانن، ئەوە بەو مانایە نییە کە کوردەکان یان پێکهاتەیەکی دیکەی ئەو کۆمەڵگەیە پشت لە داوا ئێتنیکی و ویستە سیاسیەکانی خۆیان بکەن، ئەو قۆناغە پێویستی بە یەکدەنگییەک هەیە، پێویستی بە فۆرمی تازەی سیاسەت کردن و مامەڵەکردن هەیە کە بتوانێ هەم لە ئاستێکی بەرفراوانی گوتاریدا و لەگەڵ هەموو پێکهاتە سیاسی و ئێتنیەکانی دیکە برەوەی پێ بدا، هەم بتوانێ پەرچەمی داخوازییە لۆکاڵییەکانیش شەکاوە ڕاگرێ. بۆ وەبیر هێنانەوەش بێ گرینگە بزانین کە کوردەکان لەمێژە مافەکانی خۆیان و گەیشتن بەو مافانەیان بە هەبوونی دێموکراسی لە ناوەند و هەموو ئێراندا گرێ داوە، بۆیە ناکرێ هەموو بەرپرسایەتیی پاراستنی ئەو گوتارە هاوبەشە بە تەنیا بخرێتە سەر نەتەوەیەک کە لەمێژە نیازپاکیی خۆی لەو بوارەدا سەلماندووە و قوربانیشی بۆ داوە.

بێ‌ئەوەی پێشبینی درێژەدانی ئەو ڕاپەرینە بکەین، دەتوانین بڵێین ئەوەی کە تا ئێستا سەرکەوتوو بووە بەرەی خەڵکە، کۆماری ئیسلامی نە ستراتیژییەکی یەکدەست و کاریگەری هەیە بۆ ڕووبەرووبوونەوەی خۆپێشاندانەکان و نە لە ڕێگەی بەڵێن و وادەکانیشیەوە توانیویەتی ڕەوتی ڕووداوەکان بەلاڕێدا ببا. ئەوە بەرپرسایەتییەکی زیاتر و قورستر دەخاتە سەر بەرەی ئۆرگانیزەکراوی ئۆپۆزیسیۆن و چاوەڕوانییەکان لە نێوخۆ و دەرەوە زیاتر دەکا.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٣ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.