د. کامران ئەمینئاوە
یەکێک لە ئامرازەکانی ڕاکێشانی جەماوەری خەڵک بۆ نێو ناڕەزایەتییەکانی دژ به دیکتاتۆریی، هەڵبژاردنی دروشمی دروستە لە ساتەوەختی گونجاودا. لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دوای ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی نەمر ژینا ئەمینی لە سەقز، دەستبەجێ هەموو شارەکانی ئێرانی تەنییەوە و گەیشتە ئەودیوی سنوورەکانیش.
ژنانی ئێران وێڕای تاقەتهێنانی ئازار و مەینەتی هاوبەش بۆ هەموو گەلانی ئێران، هاوکات ڕوبەڕووی دوو هێندە ئازار و ستەمێکن کە پێوەندی ڕاستەوخۆی بە ڕەگەزەکەیانەوە هەیە، واتە ژنبوونیان. کۆماری ئیسلامیی وێرای دەستێوەردان لە هەموو بوارەکانی ژیانی خەڵک بەگشتی و، ژیانی ژنان به تایبەتی، ئەوانی لە سەرەتایترین ماف و ئازادی تاکەکەسی وەکو هەبوونی مافی جەسته و لەبەرکردنی جلوبەرگ بێبەش کردووە، سووکایەتیی پێ کردوون و، هەرێمی خۆیی ئەوانی پێشێل کردوە. هەر لەبەر ئەوەش لەم ماوەیەدا، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بهپێی هەستیاری به ستەمی ڕەگەزیی نیوەی کۆمەڵگە، بوو به دروشمێکی گشتگیر و کۆکەرەوە لە بزووتنەوەی بەرهەڵستیی کچان و کوڕان و، ژنان و پیاوانی ئێران لەسەر شەقامەکان.
نێوەڕۆکی هەموو دروشمێک بێ لەبەرچاوگرتنی شێوەی شکڵگرتن و بەسەر زمان کەوتنی، دەکرێ لە لایەن بیسەر و خوێنەری به شێوەی جۆراوجۆر لێک بدرێتەوە یا تێگەیشتنی جێاوازی لێ بکەوێتەوە. ئەم پرسە، تێگەیشتن لە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یش لەخۆدەگرێت.
سەبارەت به مێژووی ئهم دروشمه بۆچوونێکی هاوبەش نییه، ههندێك پێوەندیی دەدەن به بزووتنەوەی ڕزگاریخوانەی ژنانی کوردی تورکیە لە ساڵی ١٩٨٧ و دواتر و به مانگرتنی "دایکانی شەممه" لە ئەستەمبوڵ لە کاتی ناڕەزاییەتی دەربڕین له بزربوونی منداڵەکانیان . کەسانێکیش پێیان وایه درووشمەکە لە عەبدوڵڵا ئۆجەڵان ڕێبەری بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە سەری هەڵداوە؛ هەندێک کەسیش ئەم چەشنە ئەگەرانە به تەواوەتی ڕەت دەکەنەوە.
ئەوەی ڕوونە، ئەم دروشمە زۆرتر لەم ساڵانەی دواییدا و، بە تایبەت لە پێوەندیی لەگەڵ بەرخۆدانی شاری کۆبانی لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە ژنان و شەڕڤانانی بوێری کورد بە سەرکردایەتی "یەکینەکانی پاراستنی گەل" لە شەڕی دژ به هێزە هەتا ددان چەکدارکراوەکانی داعش حەماسەیان خوڵقاند، بەرز بۆتەوە، هەتا ئەو جێگایەی له فیلمی "کچانی خۆر"دا کە هونەرمەندی بهناوبانگی ئێرانی خاتوو گۆڵشیفتە فەراهانی ڕۆڵی سەرەکی تێدا گێڕا، ڕەنگدانەوەی بووە.
ئەم دروشمە و زۆر دروشمی دیکه وەک "نان، ماڵ، ئازادی" لەو هەلومەرجەیدا کە ڕەنگدانەوەی خواستی ئەو ساتە بوون، لە شوێنی جوغرافیای سەرچاوەگرتنیان تێپەڕیوون و ڕەنگدانەوەیان لە ئاستی جیهاندا بووە. لە ڕاستیدا پەرەسەندن و جەماوەری بوونی سەرکەوتووانەی دروشمێک پێوندی به بوونی بەستێنی شیاو لە کۆمەڵگەدا هەیە. دروشمێک لە شوێنێکدا بەر و بەرهەمی دەبێ که پاشخانی پێویست بۆ وەدیهێنانی تەیار کرابێ. جیهانیبوونی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دوای ناشتنی تەرمی نەمر ژینا ئەمینی، نموونەیەکی بەرچاوی ئەم ڕاستییەیە.
لە ڕاستیدا، هەموو ئەو زەمینە عەینی و زەینیانەی کە پێویستن بۆ جەماوەریبوونی ئەم دروشمە، لە کۆمەڵگەی ئێراندا ئامادە بوون. سەرکوتی بەردەوام و ٤٠ ساڵەی ژنان لە ڕێژیمی ئیسلامی، کوشتنی قێزەونی ژینا ئەمینی و خۆڕاگری بنەماڵەی خەمباری ئەو لە بەرامبەر گوشاری هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ ناشتنی نهێنی کچەکەیان و، بەشداریی بەرفراوانی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی سەقز و دەوروبەر له ڕێوڕەسمی ناشتنیدا، مێژووی خەباتی دژە حکوومەتیی لە کوردستانی ئێران و ڕۆڵی بەرچاوی حیزبە کوردستانییەکان لە ڕێکخستنی خەباتە مەدەنییەکانی خەڵک، پێشینەی چەندین مانگرتنی سەرکەوتوو لە کوردستان بە بانگەوازی ئەو حیزبانە، گەشەکردنی خەباتی مەدەنی و بەرگری لە مافی مرۆڤ لە کوردستان و، هێنانە ئارای بەوەختی ئەم دروشمە لەلایەن یەکێک لە بەشداربووانی ئەم ڕێوڕەسمه، توانی بەپێی گونجاوبوونی لەگەڵ بارودۆخی عەینی و زەینی ئەم ساتەوەختە، لە کورتخایەندا سنوورەکانی شاری سەقز و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێپەڕێنێ و لە لایەن میلیۆنان مرۆڤی ئازادیخواز لە ئێران و جیهان پێشوازیی لێبکرێ.
بێگومان ئەو کەسەی بۆ هەوەڵ کەرەت له تورکیا ئەم درووشمەی گەڵاله کرد و، ئەوەی بۆ یەکەم جار لە ڕێورەسمی ناشتنی نەمر ژینا هێنایە ئاراوە، دەتوانن شانازیی بهوە بکەن که ئەم دروشمه نەخشێکی شیاوی لە ووروژاندنی بزووتنەوەیەکی ئاوا گشتگیردا بووە. بەڵام، بڵێی ئەوە بەم مانایه بێ کە ئەو حیزب یان کەسانەی داهێنەری سەرەتایی ئەم درووشمە بوون ڕۆڵی سەرەکییان لە ڕووداوەکانی ئەم دواییهی کوردستاندا گێرابێ؟ و مافی پاوانکاریی و خاوەنداریەتی ئەم دروشمەیان هەبێ؟! یاخود بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی گرینگی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و حیزبەکانی دیکهی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی ڕووداوەکانی ئەم دواییەدا و بە تایبەت بەرخۆدانی بێهاوتای خەڵکی کورد له ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نکۆڵی له سەرچاوە، یاخود یەکەم داهێنەری ئەم دروشمە بکرێ که بۆ ساڵانی دەیەی هەشتای سەدەی ڕابردوو له تورکیە دەگەرێتەوە؟ وەڵامی هەردوو پرسیارەکە نەرێنییه!
جەماوەریی بوونی دروشمی ڕاگەیەندراوە لە لایەن کەس یا حیزب و گرووپێک مافی پاوانکاریی و خاوەنداریەتی دروشمەکەیان پێ نادات. چونکە ڕەنگدانەوە و جەماوەریی بوونی دروشمێک لەنێو خەڵکدا، لەکردەوەدا ئەم دروشمە لە خاوەنداریەتی حیزب و کەسی داهێنەری دەهێنێتە دەرێ و دەیکاته موڵکی جەماوەرێک کە ویست و پێداویستییەکانی خۆیان تێدا دەبینن و زۆربەیان هیچ زانیارییەکیان لەسەر داهێنەرەکەی نییه و، لەودەچێ کێشەی فیکریی ئەوانیش هەر نەبێ! لە لایەکی دیکەشەوە ناکری لەبەر بەرژوەندی یاخود ڕکەبەرکێی تاکەکەسی یان حیزبی نکۆڵی له مێژوو و سەرچاوەی سەرهەڵدانی دروشمێک بکرێ.
بەم پێیه، راکێشانی بیر و سەرنجی خەڵک لە فەزای مەجازی بۆ ئەم جۆرە پرسانە، نەخشاندنی درۆیینی دەور و خۆگەورەنیشاندانێک کە جاروبار دەکێشرێتە نێو فەزای مەجازی و دەزگا بڵاوکردنەوە گشتییەکانی پڕبینەریش، تەنیا دەبێته هۆی بهلاڕێدا بردنی بیری خەڵک لە پرسە سەرکییەکان، که هەمان هاودەنگی و یەکیەتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بۆ گەیشتن به ئامانجێکی هاوبەش و گشتگیر، گۆڕانکاریی کۆمەڵگە و ڕووخاندنی حکومەتی ئیسلامیی ئێرانه.
خەڵکی ئێران لەم قۆناغە هەستیار و چارەنووسسازەدا، بە دوور لە هەر جۆرە جیاوازییەکی ئایدۆلۆژی - نەتەوەیی و، بەبێ هەبوونی سەرکردایەتییەکی دیار، به درەبڕینی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ گەیشتن به دیموکراسی، ئازادی و مافه پێشێلکراوەکانیان لە ئێران تێدەکۆشن. ئەوەشمان لەبەر چاو بێ، بۆ یەکەمجار لە مێژووی پتر لە ٤٠ ساڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات لە تەواوی جیهان، بە شێوەیەکی بەرفراوان پشتگیری لەم ڕاپەڕینە دەکەن.
بۆیە وروژاندنی بابەتگەلێک کە دەتوانێ زیان بەم یەکیەتییه بگەیەنێ، هیچ سوودێکی بۆ بزووتنەوەی جەماوەری لە ئێران نابێ.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٣ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.