کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەوەی Z و شۆڕش

15:44 - 2 خەزەڵوەر 2722

ئەلبورز ڕۆئین تەن

لاو بوون و شۆڕشگێڕبوون و ویستی ڕادیکاڵ لە دەق و ئەدەبییاتی شۆڕشدا باسی لە سەرکراوە و لە هەموو شۆڕشەکانیشدا ئەو نەوەیە ڕۆڵی تایبەت دەگێڕن، ئەو بابەتە لە شۆڕشی ئێستاشدا بەڕوونی دەبیندرێ کە چۆن لاوەکان بەشێکی گرینگی خەباتی نەتەوەکەمانن بۆ بەرەو پێشبردنی سەرهەڵدان، تەنانەت بەشی هەرە زۆری قوربانییانی ئەو شۆڕشەش لاوەکانن.

بەڵام گرینگتر لە بەشداریی لاوەکان بەشداریی مێردمنداڵانە، کە بە یەکێک لە بەرچاوترین تایبەتمەندییەکانی سەرهەڵدانی ئەمجارە هەژمار دەکرێ. بەشداریی قوتابیانی قوتابخانەکانی ناوەندی و دواناوەندی کە توانیویانە لە چەند ئاستدا پشتیوانێکی بەهێز بن بۆ ئەو سەرهەڵدانە، ئەوان بە دڕاندنی وێنەی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی و بەشداری لە مانگرتن و تەنانەت بەردەوامی‌پێدانی خۆپێشاندانەکان خۆیان نیشان دا و کاریگەرییەکی زۆریان بە سەر ڕەوتی شۆڕشی ئەمجارەدا هەبووە.

ئەو توێژە کە لە زمانی فارسیدا زیاتر بە "دەیە هەشتاییەکان" دەناسرێن وێڕای ئەوەی کە بوونەتە جێگای سەرسووڕمانی زۆربەی خەڵک و توێژەران لە کۆمەڵگەی ئێراندا، بەدەر لەو چاوەڕوانییەی کە لەوان دەکرا، بە بەشداریی چالاکانەیان لە شۆڕشدا، وێڕای زیندووکردنەوەی هیوا زۆر پەیامی ڕوونیشی بە ڕێژیم و خەڵک دا، بەڵام بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەو بابەتە پێویستە خوێندنەوەیەکی نوێمان هەبێ بۆ ئەو توێژە، ئەو خوێندنەوەش تەنیا تایبەت نییە بە نەوەی مێردمنداڵ و لاوی کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران بەڵکوو پەیوەندی بە هەموو دونیا هەیە، چونکە ئەو نەوەیە لە لێکۆلینەوە زانستی و کۆمەڵناسییەکاندا بە نەوەی Z  دەناسرێت و زۆر جیاوز دەردەکەوێت.

نەوەی Z بە کێ دەگووترێ؟

بە گوێرەی ئەو دابەشکارییەی کە بەگوێرەی سەردەمی لەدایکبوونی نەوەکان دەکرێت بەوانەی کە لەنێوان ساڵەکانی ١٩٩٦ تا ٢٠١٠  لەدایک بوون، نەوەی Z دەگوترێ. بەوانەی پێش ئەو ماوەیەش لەدایک بوون ئەلفا و ئەوانەی پێشتر بە نەوەی x ناو دەبرێن. ئەو نەوەیە بە تایبەتی ئەوانەی دوای هەزارەی نوێ لەدایک بوون و ڕووداوەکانی یازدەی سپتامبێریان لەبیر نییە و لەگەڵ پێشکەوتنەکانی دونیای ئینتێرنێت و تەکنۆلۆژیا و شۆڕشی گواستنەوەی زانیاری گەورە بوون، بەهۆی هەبوونی پەیوەندییەکی توندوتۆڵ کە لەگەڵ تەکنۆلۆژی و بەرهەمەکانی و هەروەها دەست وێڕاگەیشتنییان بە ئینتێرنێت هەیە، پەروەردەیەکی جیاواز لە نەوەکانی پێشتریان هەیە کە تەنیا لە ڕێگەی بنەماڵە و دەوروبەریانەوە پێ گەیشتبوون. ئەو نەوەیە دەبنە خاوەنی هەندێک تایبەتمەندیی جیاواز کە لە زۆر ڕووەوە وێڕای ئەوەی سەرنجڕاکێشن، بووەتە هۆی دروستبوونی گۆڕانکاریی جیدی بە بەراورد لەگەڵ نەوەکانی پێشووی خۆیان.

لە یەکەم چاوخشاندندا ئەو نەوەیە کە زۆربەی کاتی خۆی لە سەر ئامێرەکانی دونیای دیجیتاڵ و توڕەکانی سۆسیال میدیا بە سەر دەبرد، زۆر هیوابەخش نەبوون بۆ دەورووبەر، بەڵام بە لێکۆڵینەوە جیاوازەکان لە کۆمەڵگە جیاوازەکان دەرکەوت کە ئەو نەوەیە بە پێچەوانەی ئەو چاوەڕوانییە گەلێک تایبەتمەندیی سەرنجڕاکێش و گرینگیان هەیە کە بۆ کۆمەڵناسان و بە تایبەتیش بۆ سیاسەتوانان گرینگییەکی زۆری هەبوو؛ چونکە هەڵسوکەوت و شێوازی بڕیاردانیان جیاواز بوون.

یەکێک لە گرینگترین بنەماکانی جیاوازیی ئەو نەوەیە گرینگیدان بە چەمکی ئازادییە کە ڕێگا نادات ئەو ئازادییەی هەیەتی کورت بکرێتەوە و تەنانەت لە بەرانبەر ئەو کورتکردنەوەیە ڕادەوستێت. بە پێچەوانەی نەوەکانی پێشووی خۆیان کە زیاتر هەڵگری کولتوورێکی لۆکاڵین، ئەو جیلە زیاتر هەڵگری کولتووری جیهانین و دەتوانن ببن بە بەشێک لە کولتووری وڵاتێکی زۆر دوورتر لەو شوێنەی کە لێی دەژین، ئەوەش بە جورێک چوارچێوەی بیرکردنەوەی ئەوانی بەرفراوان کردووە. بەمجۆرە ئەوان زۆر جیاوازتر لە نەوەکانی پێشوو بیر دەکەنەوە و بڕیار دەدەن، یا ڕووداوەکان جیاوازتر و لە هەندێک ڕووە قووڵتر دەبینن و بە دوای ڕاستییەکانن و زیاتر لەگەڵ شیکردنەوەی زانیاری بۆ گرتنەبەری بڕیاری پێویستین.

یەکێکی دیکە لە لایەنەکانی دیکەی ئەو نەوەیە گرینگیدانە بە خۆنیشاندان و سەلماندنی خۆیان. ئەو باوەڕبەخۆبوونەیان کە لە دونیای ئینتێرنێت بۆ ماوەتەوە، وێڕای هەبوونی هەندێ بواری نەرێنی بەڵام لایەنی ئەرێنیشی تێدایە کە خۆی لە بەرانبەر نەوەکانی دیکەدا بە کەم نابینێ، ئەوەش وا دەکات لەسەر شێوازی ژیان و بیرکردنەوەی خۆی مکوڕ بێت. ئەو نەوەیە کە لە وڵاتانی جیاواز بەردەوام ڕوو لە زیاد بووندان، بەهۆی ئەو جیاواز بڕیاردانەیان کاریگەریی جیاوازیان لەسەر کۆمەڵگەکانیان داناوە، چونکە سیاسەتوانان ڕووبەڕووی توێژێکی زۆر لە حەشیمەتی وڵاتەکەیان دەبنەوە کە خاوەن نۆرم و بیرکردنەوەی تایبەتیی خۆیانن و جیاواز لە دایک و باوکانیان یا نەوەی پێش خۆیان بیر دەکەنەوە. هەر بۆیەش ئەگەر ڕەچاوی ویست و بیرکردنەوەی ئەو توێژە نەکەن و هەر بە شێوەی کلاسیکی بیر بکەنەوە توشی شکست دەبن، چونکە ئەو هێزە و دینامیزمەی کۆمەڵگە ناکرێت نەبینرێت.

نەوەی Z لە کۆمەڵگەی ئێراندا کە ئێستا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە شۆڕشی نوێدا دەبێ بخرێتە بەرچاوی لێکۆلینەوە و خوێندنەوەیەکی جیدی، چونکە بەرەوپێشبردنی هەر بابەتی پەیوەندی بە کۆمەڵگە و بەتایبەت بە سیاسەت بەبێ ناسینی ئەو نەوەیە و تایبەتمەندییەکانی زۆر ئەستەم دەبێت. بە تایبەتی ئەو خوێندنەوەیە بۆ شۆڕشگێڕان کە دەیانەوێ بە جەماوەریکردنی خەبات، شۆڕش بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی نوێ بەرەوپێش ببەن، پێداویستیەکی گرینگە. چونکە ئەو توێژەی وێڕای هەبوونی وزەی زۆر بەڵام بە بیرکردنەوەی جیاوازیان دەبێ بە شێوازی نوێ هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت. هەر بۆ نموونە، بۆ ئەو توێژە ئیتر زیاتر لە پەیامی سیاسیی پوخت و درێژ، ویدیویەکی یوتوبەرێکی لاو کە بابەتەکە ڕاستەوخۆ و بە زمانی ئینتێرنێتی باس دەکات سەرنجڕاکێش و کاریگەرترە.

لە لایەکی دیکە دەبینین ئەو توێژە بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی دەوربەر و دایک و باوکان کە ئەوانیان بەرانبەر بە دۆخی دەوروبەر بێ هەست دەزانی و پێیان وابوو کە ئەوان لە کۆمەڵگە دابڕاون، بە شێوازی نوێ دێنە مەیدان و تەنانەت زۆر کاریگەر بە شێوازی خۆیان و بە ئەرێنی کاریگەرییان بە سەر ڕووداوەکان هەیە، بە جورێک دەبنە هیوای سەرکەوتنی شۆڕش و تەنانەت پشتیوانییەکی بەهێز بۆ داوا پێشکەوتووەکانی کۆمەڵگە، داوای وەک ئازادی و یەکسانی.

خوێندنەوەی ڕاستییەکانی کۆمەڵگە وەک ئەوەی هەیە بنەماییترین پێداویستیەکانی داڕشتنی بەرنامە و پلانە بۆ ئێستا و داهاتووی کۆمەڵگە، بەتایبەتی ئەگەر ئەو بەرنامە و پلانە، ڕزگاری و سەربەستی نەتەوەیەک و نیشتمانێک بێت و پێداویستیشی بە وزەی نوێ و لاوان هەبێت و لەلایەن شۆڕشێگڕانەوە ئاراستە بکرێت، لەوەها دۆخێک ناسینی ئەو نەوە نوێ و جیاواز و کاریگەرە یەکێک لە پێداویستییەکانی بەتایبەتی سیاسەتوانان و شۆڕشێگێڕانە و نەبوونی ئەو پێداویستییەش نامۆبوون لە کۆمەڵگەی بەدوا دێت و لە ئاکامدا دەبێتە هۆی پەراوێز کەوتن.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٣ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.