کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژن، ژیان، ئازادی(لە هەناوی وێژە و فۆلکلۆری کوردییەوە)

16:01 - 2 خەزەڵوەر 2722

شاڕوخ حەسەن‌زادە

لە وێژەی کوردیدا، ئەدەبیاتی زارەکی و فۆلکلۆر لەو چەمکە هەرە پڕبایەخ و گرنگانەن کە بۆشایی نەبوونی ئەدەبیاتی نڤیسیارییان پڕ کردۆتەوە و وەک بەڵگە بۆمان ماونەتەوە.

بێ‌فیز، ڕەوان و خۆماڵیبوون، دوورەپەرێزی لە بگرە و بەردەی یاسا و ڕێسای وێژەیی و زانستی، فولکلۆر؛ وەک هەموو دابونەریت و شێوازی کاروچالاکی و ژیان و ژینی نەتەوەکان پێناسە دەکا.

لە بنەڕەتدا ئەم دەقانەی بە دەم دەگوترێنەوە و دەبنە ئەدەبی زارەکی کە، ئاکامی خۆڵقانی کاتییە. لەم بارەیەوە "ئاندرە یۆلیس" دەڵێ: ڕواڵەتی ئەدەبییاتی زارەکی بەرهەمی ساکاری و کاتێکە نەخوازراو لە زمانی چڕین بەو پەڕی خۆی دەگا، لە لایەکی دیکە دەق و نێوەڕۆکی وێژەی کتێبی یان نڤیسیاری، بەو ڕێسایانەی هەیەتی ئاکامی خوڵقانی ئاگاهانەیە. "واسیلی نیکیتین" بە دابەشکردنی دیرۆکی هەر گەلێک بە دووبەشی دەرهەست و بەرهەست دەنووسێ: لە پەنا مێژووی زەینی کۆمەڵێک لە ڕاستییەکانیش بوونیان هەیە کە چۆنیەتیی زاتی و کەسایەتیی ئەو گەلە لە باوەڕە ئایینییەکان و ئەدەبیاتی دردەکەوێ، ئەمە هەر ئەو مێژوو دەرهەستەیە". ماکسیم گورکی لەسەر ئەو باوەرەیە: بناخە و ڕەگی وێژە و ئەدەب لەسەر فولکلۆر هەڵچنڕاوە. مرۆڤی کورد بۆ وەدەست‌هێنانی هزر و ئاواتەکانی، کەموکوڕی، شادی و شاییەکانی و بایەخ و بەها کۆمەڵایەتییەکان پەنای بردۆتە بەر جۆرێک هونەری زارەکی کە کوڵی دڵی خۆی پێ هەڵڕشتووە، زۆر جار ئەو خەیاڵ و چیرۆکانە وەک ئەفسانەیان لێ هاتووە یا کردوویاننە چیرۆکی خەیاڵی و لە چوارچێوەی بەیتدا گوتویانەتەوە.

ئەو کەس یا کەسانەی کە وا پاڕێزەرانی فولکلوری نەتەوەی خۆیان بەتایبەت لە بواری ئەدەبییاتی زارەکی کە چیرۆک، پەند، بەیت و شێعر، لایەنێك لەو بەشەیە زۆر لە کۆنەوە (پێش دیرۆک)فرە بە لێزانی و شارەزایانە هێزی لەبەرکردنیان هەبووە و بە بەشداریی خولی ڕاهێنانی تایبەت توانیویانە ببنە مامۆستا و سینگیان بۆتە هەوری و ئەو بەیت و باوانەیان هەڵمژیوە. بۆ وێنە ئەو سەدان بەیت و لاوک و هۆرە و چەمەری و حەیرانانەی دوای چەندین سەدە سینگ بە سینگ لە هەناوی ڕاستەقینەی بیروبۆچوون و هەست و نەستی کۆمەڵگەی کوردییەوە هاتووە نیشاندەری چۆنیەتییی ڕوانینی ئەوان بۆ ژیان و دیاردەکانی کۆمەڵگە بووە.

ئه‌گه‌ر به‌یت وه‌ک ڕێوایه‌تێک یان جۆرێ حیکایه‌ت له‌ زاری خۆشخانی کورد چاو لێ بکه‌ین له‌گه‌ڵ گۆشه‌نیگایه‌ک ڕووبەڕووین که ‌به‌یت‌بێژ ڕووداوێکی ناوه‌وه‌ی زه‌مان و شوێنی ڕه‌چاو کردووه‌ ڕاگواستنی ماکه‌ ئه‌فسانه‌ییه‌کان له‌ ئه‌ده‌بی زاره‌کیی به‌یتدا، یان بڵێین په‌لکێش‌کردنی پچڕ پچڕی نه‌ریته‌ فۆلکلۆڕه ‌کوردییه‌کان بۆ ڕۆ‌خ سه‌رچاوه‌‌یه‌کی پیرۆز یان مۆرکردنی ڕاستەقینەی ژیانی کۆمه‌ڵ به‌ڕه‌نگی دیاردەیەکی پیرۆز له‌ بێچمێکی ڕه‌مزاویی بەدەر هه‌ستی بۆ زه‌مان ومه‌کانێکی نه‌ناسراو، جیهانێکی مانا ده‌ئافرێنی که‌ له‌م جیهانه‌ ماناییەدا‌ ڕوخساری ڕاستیی خۆیان دەردەخەن. وەک لە بەیتی مەم و زین، لاس و خەزاڵ، شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی، ژنانی قەڵای دمدم و... بەرچاو دەکەوێ.

ئەگە زۆر بەکورتی هەڵوێستەیەک لەسەر بەیتی مێژوویی مەم و زین بکەم و شرۆڤەیەکی کورت لە پێگەی ژن لەم دەقەدا بکەم دەبێ ڕوانینی واقعگەرایی بگرینە بەر. ڕیالیزمی گێڕانەوەیی به‌یتی مەم و زین هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ و چه‌ند به‌شێکی له‌ ڕاوێژ و زمانی به‌یت بێژه‌وه‌ تووشی ده‌رهه‌ست بوونه‌وه‌یه‌کی نائاسایی ده‌بێته‌وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌و جێگه‌یه‌دا که‌ ژنه‌په‌ری به‌ په‌یژه‌ی ئاهه‌نگ ڕیوایه‌ت ده‌کرێ؛ لێره‌دایه‌ که‌ زه‌ینی مرۆڤی کورد سه‌ر قاڵی خه‌یاڵێکی گوماناوی و دوو جۆره‌کی و دوالیزم ده‌بێ. واتا زه‌ین له‌‌ مرۆڤێکی ئاسایی بۆ هێمایه‌کی ده‌رهه‌ستی دەچی کە ئەمەش خۆی لە ژندا دەبینێتەوە کە ئاخۆ ئەمە ژنە یان پەری حاسمانی!:

"خوشکی گه‌وره ‌دووباره‌ گوتی به‌ خوشکانه‌ :

خوشكی ئه‌زت ببم به‌ قوربانه‌!

ئه‌من جارێکی ده‌گه‌ڵ په‌رییان چومه‌ ڕاوێ چل شه‌ووچل ڕۆژانه‌،

له ‌په‌رییان هه‌ڵده‌بڕام له‌ منی کرده‌وه ‌کڕێوه‌وبۆرانه،‌

ڕێم سه‌ره‌وده‌ر نه‌ده‌کرد که‌وتمه‌ شاری جزیری و بۆتانه،‌

له‌سه‌ر کۆشکی یایه‌زینێ ده‌بووم میوانه‌،

ده‌بووم به‌ کۆترێکی شین ده‌کونی په‌نجه‌راندا هه‌ڵده‌نیشتم له‌سه‌ر ده‌لاقانه‌..."

سێ نیشانه‌ی گرینگ لەم بەیتەدا ده‌که‌ونه‌ به‌ر تیشکی ئاوەز: یەکه‌م نیشانه‌ی مرۆڤێکی ئاسایی که‌ به‌ وشه‌ی "خوشک" پێناسه‌ ده‌کرێ. دووهه‌م نیشانه‌ "په‌ری"یە که‌ زه‌ین له مرۆڤێکی ئاسایی به‌ره‌وژوورتر ده‌بات، یانی سه‌رنجی زه‌ین له‌ زه‌وییه‌وه‌ بۆ ئاسمان ڕاده‌کێشرێ. سێهه‌م نیشانه‌ که‌ خێرا گۆڕانی به‌سه‌ر دادێ په‌رییه‌ ده‌بێته‌ کۆتر و ئه‌م گۆڕانه‌ پڕتاوه‌ که‌ له‌ نێوان دوو جیهانی ئاسایی و باڵاده‌ست بۆ دیارده‌کان ڕیوایه‌ت ده‌کرێ شێوه‌ ڕه‌وتێکی نه‌حجماو و بازنه‌یی بۆ زه‌ین ده‌سته‌به‌ر ده‌کات. هەڵبەت لێرەشدا دەلاقە و پەنجەرە وەک هێمایەک بۆ ماڵ و ژیان پێناسەی بۆ دەکرێ کە لە کۆتاییدا ژن و ژیان پێک دەگەن و ئازادانە دەگەڕێنەوە باوەشی یەکتر.

یایه‌زین وه‌کو ژن به‌ ڕووداوگه‌لێکی خه‌یاڵی وێنا ده‌کرێ دواتر‌ سیمای ژن له‌ درێژه‌ی به‌یتدا به‌ره‌وڕووی ڕاستی هێورتر ده‌بێته‌وه،‌ هه‌رچه‌ند له‌ چه‌ند شوێنێکدا خه‌یاڵێکی ناسک دێته‌ به‌رچاو بۆ وێنه‌ له‌م شوێنه‌ که‌ یایه‌زین به‌ که‌زییه‌کانی مه‌م له‌ چاڵ یان زیندان هه‌ڵده‌کێشی کە ئەمەش هێمای هاوکاری و پشتیوانیی ژن و ڕزگاریدەریەتی، لە بەرامبەریشدا لە بەیتی لاس و خەزاڵ، لاس بۆ هێنانی گوڵی شۆڕان دەچێتە چل پلەی عومانێ؛ ئەمە هێمای خۆشەویستی و پێکەوە بوونی فیداکارانەی ژن و پیاو بۆ ژیان لە کولتوور و فۆلکلۆری کوردی‌دایە کە بەردەوام ژیان و ئازادیی ژن و داخوازییەکانی پاتە دەبنەوە و دانی پێدانراوە.

ژن، لە فولکلۆر و داب‌ونەریتی کوردی و گەلانی دەوروپشتی مێزۆپۆتامیا و زۆر دواتر لە یوناندا بە درێژای مێژووی هەزاران ساڵە هەردەم وەک فاکتێک لە مەزنایەتی، ئازادی، سەرچاوەی ژین، دایک، خوشک و هاوژین بووە. گەورەیی ژن هەر لە قسەی ڕۆژانەشدا خۆی دەردەخا کاتێک ڕەگەزی ژن هەمیشە بەر لە مێر ناوی دێت (ژن و پیاو، کچ و کوڕ، بووک و زاوا، دایک و باوک، خوشک و برا) ئەمە بۆ سەردەمی ژن‌خوایی و دایک‌سالاری دەگەڕێتەوە کە ئێستاش وەک زۆر دیاردەی دیکەی تابوو لە ژیانماندا بە پیرۆزی ماوەتەوە (پیرۆزیی ئاگر و دیاردەکانی ئاسمان). هەڵبەت لە قۆناغەکانی مێژووییدا و لەسەردەمی بەرلە مەدەنییەت و پۆرتۆ سڤیل هەتا کشتوکاڵ و چاخی بەردینی نوێ، تا دەگاتە ژیاری شاردەوڵەتەکان و جۆرێک سیستەمی سیاسی حکوومەتی و ژیانی شارنشینی ژن مەزن و جێگای ڕێز بووە (تاتوخیپا-دادەخیپای "میتانی" هەتا ماه شەرەف خانی ئەردەڵان-مەستوورە، مینا خانمی قازی، حەپسەخانی نەقیب، عادلەخان، دایکە فەیزوڵلا بەگییان و...) کە ئەمە ئێستاش لەنێو زۆربەی کورداندا دەبینرێ بەتایبەت ئەو ژنانەی هاوژین یان کوڕ یان لە بنەماڵەیەکی ناسراو بوونە یان خەباتکاری گەلەکەیان بوون، تەنانەت ئاشتی و مەسڵەتیان کردووە و نازناوی وەک شێرەژن، گەورەژن بۆ ئەو ژنانە دانراوە کە کۆمەڵگە ڕێزی لێ گرتوون. جا ماڵیش کە هێمای ژیانە هەر بۆ ژن بەکار هاتووە، واتە ئەگەر ماڵێک مەزن بووە و بە گەوەرە ماڵ ناوبانگی دەرکردبێ هی ژنەکە بووە یان لە پەندی کوردیدا دەگوترێ: ژن وەستایە و پیاویش کرێکار، ئەگە ژن بکەن بە کوێخا و سالار مەڕ ئەبڕێتەوە ساڵێ شەش حەوت جار، یان ژن وەک قەڵایە یان وەک کۆڵەکەی ماڵ پێناسە کراوە، بۆ بەرامبەری ژن و پیاویش گوتراوە ژن و پیاو جلوبەرگی یەکترن. هەموو ئەو باسە دەرخەری ئەوەیە کە ژن لە کۆمەڵگەی کوردیدا خاوەن پلە و قۆناغێکی بەرز و ڕێزدارانە بووە هەڵبەت جگە لەو سەردەمانەی ئایدۆلۆژی و ئۆل و ئایین بە خەستی بەسەر کۆمەڵگەی بەتایبەت نەریتیدا باریوە و بۆتە کۆسپ و مەتاڵ و زی لە هەمبەر پێشکەوتن یان وەدەست هێنانەوەی پلەی پێشووی خۆی وەک ژن کە ئەمە حاشا هەڵنەگرە. هەربۆیە زۆرێک لە شاعیران و هۆنەرانی کورد بەشێک لە هۆنراوەکانییان لە وەسفی مەقامی ژن دابووە(هێمن، هەژار، جەلیزادە، بێکەس و...) هێمنی نەمر بۆ وەدەست هێنانەوەی پلە و پۆستی ژن بۆ جێگای ڕاستەقینەی خۆی لە شێعری "یادگاری شیرین" لە سەرەتای دامەرزانی کۆماری کوردستاندا شێعرێک دهۆنێتەوە و لە چەند بەیتدا دەڵێ:

با هەزار (زێ) و (گادەر) و (لاوێنی) ڕوونیشمان هەبێ

تاکو ژن ئازاد نەبێ، سەرچاوەکەی ژین لیخنە

 

کۆیلەتی باوی نەماوە، کیژی کوردی خۆشەویست!

ڕاپەڕە، هەستە لە خەو، ئاخر چ وەختی خەوتنە؟

 

ئەمە میناکێکی بۆ دەستپێکی ژن، ژیان و ئازادی.

بە چەشنەک ڕوانینی نەریتی بەڵام ڕێزدارانە بەبێ ژن، ژیان مانای نییە و ژنیش لانیکەم لە چەند چاخ و سەردەمدا نەک هەر ئازاد بووە بەڵکوو بڕیاربەدەست و دەستەڵاتدار بووە.

بەڵام بە ڕووانی درووشمی ئەمڕۆی، ژن، ژیان، ئازادی، ژن وەک هێمای ژیانێک کە ئیتر لێرەدا ژیان لەژێر سێبەری ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی ئێراندا کە بە قەیرانی ئاڵۆزاویی سیاسی، ئابووریی، کۆمەڵایەتی گلاوە و هیچ مانایەکی نەماوە دەبێتە درووشمێکی ساکار لە ئاخاوتن بەڵام پڕنێوەڕۆک لە مانا، واتە گەل هاوار و ڕابوونی ژیانێک دەکات پڕ بە باڵای مەقامی مرۆڤایەتی و شیاوی تاکی کورد و هەموو گەلانی چەوساوەی ئێران، ئازادیش هەمەن ئەو ویست و داخوازییەیە کە سەدان ساڵە کورد لە پێناویدا تێکۆشاوە و باجی قورسی بۆ داوە. ئەگە ئەم هۆتاڤە پێشتریش پاتە ببووبێتەوە و هەر کەس و لایەنێک باسی کردبێ ژیرانە و ئاوارتە بووە و هەنووکە گەلانی چەوساوە ئێران لە کولتوور و کەلەپووری کەونی قۆجی و لە هۆنراوە و ئاخاوتنی زارەکی کورد بە وامی وەرگرتووە وەک زۆر وشە و وێژە و دیاردەیەکی دیکە کە زمانەکان و کولتوورەکان لە یەکتری وەردەگرن و کاری پێ دەکەن بووەتە وێژمانێکی ئازادیخوازانە و تەنانەت لە ڕۆژئاواش دوای بۆچوونەکانی سیمۆن دۆبوار کە هەموو کەڵکەڵەی ئاوەزی ئەوەبوو کە بڵێ "من ژنم" و "مرۆڤ وەک ژن لەدایک نابێ بەڵکوو دەبێتە ژن"، وەک فاکتەری سەرەکیی ئەم سەرهەڵدان و ڕابوونە پێناسەی بۆ دەکرێ.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٣ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.