کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندان‌بەزێنەکانی ئێمە (نایب عەسکەری)

01:04 - 3 خەزەڵوەر 2722

ئا: دیاکۆ دانا

ئەوە مافێکی بنەڕەتیی هەر تاکێکە کە مافی بیرکردنەوەی ئازادی هەبێت. هیچ كه‌س نابێ لە سۆنگەی خه‌بات بۆ مافی خۆی و بەهۆی ناڕه‌زایه‌تی‌ده‌ربڕین دژبه‌ سته‌م و بێ‌مافی، و لەسۆنگەی هه‌بوونی بیروباوه‌ڕی جیاواز و چالاكیی سیاسییەوە ده‌ستبه‌سه‌ر و زیندانی بكرێت. ئه‌گه‌ر قه‌رار بێت كه‌سێكیش بخرێته‌ گۆشه‌ی زیندانه‌وه‌، ئه‌وه‌ هۆكار و خوڵقێنه‌رانی ئه‌م بارودۆخه‌ن كه‌ ده‌بێ لە سووچی زیندان پەستاوترێن. واته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕۆڵه‌كانی خه‌ڵك زیندانی دەکەن و ئه‌شكه‌نجەیان دەدەن، ئه‌وانه‌ی وا جگه‌رگۆشه‌كانی خه‌ڵك ده‌كوژن و له‌ گۆڕه‌ بێ ناو و نیشانه‌كاندا بزریان دەکەن، ئه‌وانه‌ی وا سه‌روه‌ت و سامانی كۆمه‌ڵگە به‌تاڵان ده‌به‌ن و ڕه‌نج و بێبه‌شی و بێ‌مافیی به‌رین به‌سه‌ر خه‌ڵكدا ده‌سه‌پێنن.

لە ستوونی زیندان‌بەزێنەکانی ئەم ژمارەیەی "کوردستان"دا، باس لە ژیان و بەسەرهات، دەسبەسەرکران و دۆخی زیندانییەکی سیاسی دیکە، "نایب عەسکەری" دەکەین کە ئێستاکە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بەند کراوە. بەندییەکی سیاسیی دیکەی کورد کە لەو ماوەیەدا کە لە زیندان‌دایە، لەگەڵ ئازار و ئەشکەنجەی زۆر دەستەملان بووە و بەردەوام لەلایە بەرپرسانی زیندانی ورمێ‌وە کەوتۆتە بەر هروژمی بێڕێزی و بە خراپترین شێوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ کراوە.

نایب عەسکەری، خەڵکی شاری ورمێ، ڕۆژی ٤ی خاکەلێوی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا. نایب پاش ٣ مانگ بەندکرانی لە گرتنگەی حیفازەت ئیتلاعاتی شاری ورمێ بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە ڕاگوێزرا. نایب کە پێش دەسبەسەرکرانی لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوییەوە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ ببوو، بەبێ ئامادەبوونی لە دادگادا لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری ورمێ‌وە تۆمەتی "موحاربە" لە ڕێگای ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)ی درابووە پاڵ و لەو سۆنگەیەوە سزای ئێعدامی بەسەردا سەپابوو.

نایب کە ماوەی چەند ساڵێک بوو لە پژاک دابڕابوو، دوای وەرگرتنی ئەماننامە لە سپای پاسداران ڕۆژی پێش نەورۆزی ١٤٠٠ گەڕایەوە نێوخۆی وڵات و ڕۆژی چواری خاکەلێوەی خۆی بە ئیتلاعاتی سپای ورمێ ناساند؛ بەڵام دەسبەجێ دەسبەسەر کرا. نایب لە ماوەی ساڵ و نیوی ڕابردوودا بەردەوام لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا بووە و سەرەڕای تێپەڕینی ئەو ماوەیە هێشتا چارەنووسی ناڕوونە.

نایب گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠ لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی دیکە بە ناوەکانی کەیهان موکەرەم و نایب حاجی‌زادە پاش تێکهەڵچوون لەگەڵ چەند بەندکراوی تاوانە ئاسایی و کۆمەڵایەتییەکان بە تۆمەتی "شێواندنی ئارامیی زیندان" لەلایەن سەرۆکی زیندانی ناوەندی شاری ورمێ‌وە سزای ٥٠ قامچی و ٣ مانگ زێدەزیندان مەحکووم کران.

نایب لە ڕێکەوتی ١٩ی ڕەزبەری ئەمساڵدا بۆ جارێکی دیکە لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ‌وە بۆ گرتنگەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕاگوێزرا. ئەویش لە کاتێدا کە بەپێی تێبینیی پزیشکەکانی زیندان نایب تووشی نەخۆشیی قورسی بەردی گورچیلە هاتبوو، و دەبوا لە زووترین کاتدا نەشتەرگەری بۆ بکرێ.

نایب پیشتر لە ڕۆژی ٤ گەلاوێژدا بە نیشانەی ناڕەزایەتی‌دەربڕین لە ڕێگریی بەرپرسانی زیندان لە ناردنی بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی چارەسەری نەخۆشییەکەی بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو. ئەو بۆ جاری دوویەم لەگەڵ ٤٦ زیندانی سیاسی دیکە بە نیشانەی ناڕەزایەتی‌دەربڕین بۆ بەندی سەروو ئەمنییەتی و گرتنگەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی ئەو شارە مانیان لە خواردن گرتبوو کە پاش ئەوەی بەرپرسانی زیندان بەڵینیان پێ دەدن نەیانگوازنەوە بۆ بەندی نوێ، لە ڕێکەوتی ٣ی بەرفرانباردا کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنابوو، کەچی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی دوای هێرشی هێزەکانی گاردی تایبەتی زیندانی ناوەندی ورمی، بۆ بەندی ١٠ی زیندانی سیاسی ورمێ،  زیندانیانی سیاسیی ئەو بەندە بۆ بەندی سەرووی ئەمنیتی و گرتنگەکانی حیفازەتی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕاگوێزران. پاش ئەوەش نایب عەسکەری بۆ گوشاری زیاتر بۆ گرتنگەی ئەمنییەتیی حیفازەت ئیتلاعات بەڕێ کرا.

پێرانەگەیشتنی پزیشکی و ڕێگریی بەرپرسانی زیندانی ورمێ پشتگوێ‌خستنی نەخۆشیی گورچیلەی نایب بووە هۆی ئەوەی کە ڕۆژی پێنج‌شەممە ١٩ی ڕەشەممە تووشی بێهۆشی و تەشەنج بێ. نایب ڕۆژی ٩ی خاکەلێوەی ئەمساڵ پاش دەمەقاڵە لەگەڵ بەرپرسانی زیندان، بە مەبەستی سزادانی بەڕێی بەندی قەرەنتیینەی زیندان کرا و بەو هۆیە لەگەڵ زیندانیییەکی سیاسی دیکە (شاکربێهرووزی) مانیان لە خواردن گرت و دواتر لەسەر بڕیاری بەرپرسانی زیندانی ناوەندی ورمێ، هەردووکیان بۆ سلوولی ئینفڕادی ڕاگوێزران. مانگرتنی شاکر و نایب بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ بەردەوام بوو.  

نایب عەسکەری کە ماوەی ساڵ و نیوێکە لە زیندانی ناوەندی و گرتنگەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی ورمێ‌دا دەسبەسەرە، هەتا ئێستا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و مەرەخسی بێبەش بووە.

نایب عەسکەری باوکی دوو منداڵی تەمەن ١٠ ساڵ و ٧ ساڵە و پاش گەڕانەوەیان بۆ ئێران بۆ ناونووسی و خوێندن کێشەیەکی زۆریان بۆ دروست کراوە. هەروەها لە حاڵێکدا پێشتر بە شێوەی غیابی سزای ئێعدامی بەسەردا سەپابوو، ئێستا پاش ساڵ و نیوێک گەڕانەوە و بەندکرانی هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و حوکمەکەی یەکلا نەکراوەتەوە.