کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ ژیان

01:10 - 3 خەزەڵوەر 2722

سەلیم حەقیقی

١.

دیسان سروەیەک، سۆزێک، کۆترێک، ئاسکێک بەپڕتاو خورپەی لە دڵم هێنا. دیسان زریانێک شەماڵی شەوتاند، تاسەیەک جەرگمی هەژاند، هەواڵێک سیس و شەکەت، زەمەنێک بەمەودای تەمەنی مێژوو... دیسان هەرای خەمێکی قورس بە سەر غەریبی و غوربەتم داباری، ئەوەندە شەوم، ئەوەندە شەمم، ئەوەندە تەمم، ئەوەندە خەمم، پرێچکەی هەموو ژنێکی شاربەدەرم، ڕیشی سپی هەموو پیاوێکی دەربەدەرم، کەزی و قژی هەموو ژینایەکی خوێناویم، حەز و خولیای هەموو میلانێکی بێ‌تاوانم. ئەوەندە مێشکم، دڵم، هەناوم، جەرگم بڕاوە؛ خەنجەری دوژمن کول و هەودای هەواری هیوام زوورە! ئەوەندە چەماوم، کوڕووزاوم، قیژاوم، مرکاوم، بێژراوم، گریاوم، تاساوم، نێژراوم، خزاوم، گلاوم، کوتراوم وەک چریکەیەک هاوارم...

دێری سەر بەرد و ڕەوەز و چیا و بستۆکم بە سەر هەواری خاڵی داکەوتووە، شنەی شیلان و مێرگ و چیمەن و سوێسن و هەڵاڵەم لێ بووتە شلێرەیەکی سوور بە ڕێچکەیەک خوێنی مەیو، تەیری ئاسمان و هەڵۆ و تەوار بەسەر گۆڕێکی لاو بە چەشنی خاک ڕەگێکی داکوتراو لەسەر نیشتمان شین دەنوێنێ هەرماوە لەسەر فەرمانی گەل. باوەشم لە بێکەسیی گووشینی خەونێک بووتە خۆرە و مۆتەکە، ماچی پێکەنینی خۆر سارد و سڕ لە پاییزێکی بەهاراوی! سەفەرێک دەکەم بەرەو بزە بەرەو وێنەی ئاوات و هیوام، بەرەو پشتی حەسرەتەکان ئەوبەرتر لە باران و هەنیسکی هەندەران...

دڵم لای وێنایەکە لە بزەی شەهیدێک، بە خەرمانەیەک خۆزگە و حەزی تاڵان، هەموو شەوانە بەکاتی ئازادی بەرانبەر خۆم و مانگ، لەدەمێکی کپ و پڕ لە هەرای "ژن، ژیان، ئازادی" سێرە لە بەختم دەگرم، ئەو بەهارەی بێ تۆ ئاڵام دەشەکێتەوە لەسەر ئاخی نیشتمان...

٢.

هێورهێور بەدەم هاژەی ڕووبار، بە داوێنی کەسک هەڵگەڕا، قەوزەی شین و زەردئاسا داروبەردی ئەم ئاخەی داگرتووە، ڕوخساری دەنگێکی نهێنی بە جامانەیەک لەسەر پێ، هەوری خەیاڵ بۆتە باوەشی هەموو شار...ئەو دەمانەی بەرەو چیا ڕوو بە شەقام ترپەی دڵێکی شۆخ گڕکانێک لە باوەڕ تەنیا بستێک لە مشتێک ڕێبەندانی دەهۆنییەوە، ئێمە بووین و خۆمان. ئێمە و شاخ، سەرینمان چەک و لێفەمان گەڵا، دارەدەستمان گۆچان، ئاوێزەمان ڕەخت و فیشەکدان لە بەرگێکی خۆڵەمێشی، خەونمان ئازادی و مۆتەکەمان دیلی و ژێردەستی، بوغز دەبووە فیشەک ئاڵای چڵکنی چەپەڵی دەئەنگوت، بیرەوەریمان ئەفسانەیەکی خەیاڵی، مێژوومان ئەوەندە دوور دەیشەوتێنن چەواشە دەیگۆڕن چاویان بڕ ناکا هەتەری ئەو هەمووە هێزە، شەوانە بە گژ تاریکی ئەنگوستەچاو دەبووینە ڕووناکی بەدەم کانی دەبووینە یار... سەنگەر دەبووە لانک و تێیدا ڕادەژاین، دەبووە وانە و ژیان بۆ بەرخودان.

تانج و تەختی بایەقۆش وەرگەڕێ، ئەو دەمەی دەستەڵات بووە ژین و ڕانانی مرۆڤایەتی گاڵتەجاڕ و چڵکی دەستی مرۆڤ خانەدانی دەخوڵقاند! دیوەخان پڕ دەبوو لە دووکەڵی غەڕە و گۆڕاوی بەفیزی پیس! بڕیار قامچیی دەوەشاند بەسەر پشتی لاوازی بەڕوو و بەزەیی قات‌وقوڕ دەما لە مێشکی بۆگەنیوی زاڵم هەتا چەرخی گەردوون بسووڕێ و ئاشی دارا، نەدار بگەوزێنێ لە خوێنی مژتووی ترێ...

لێرە دەگۆڕنانی هەموو ئاواتەکان و ئەو بیرەوەرییانەی دەمکردنە ڕەنگ و نیگاری حەسرەتم پێ دەهۆنییەوە، دەمکردە وشە و مانگە شەوم دەدرەوشاندەوە. نە شەماڵ و نە ئەستێرە و مانگ هیچکامیان نابنە ئەو سروەیەی پەیامی شارەکەم بدا، نە تۆزی بەردەرگا ئاوپرژێن دەکرێ و نە سپیدارەکان دەبیندرێن و هێلانەی مەل، هەناسەم نایێ، دڵم گوشراوە، خەفەتێک بارتەقای ئاویلکەی مەلێکی بێکەس...

لەدوای درووشمێک پڕ لە ژن لێوان لێو لە ژیان و هیوای ئازادی، ورە و وزە شۆڕ دەبێتەوە بەگژ شەقامی شار و هەروا لە بەستێن بەرەو چەقی ماڵە بەردەرگای پیری ڕدێن چەرمووکی سەرشێتی ماخولیای هێز... سێڵاو و لافاو گڕ دەگرێ بەباهۆی لاوانی نیشتمان کیژ دەبێتە مشت و کوڕ دەبێتە خشت و بەسەر کەلاکی ئاڵای ڕەشیی گەڕی سێ پێی دادەدا... ئەو سەرچۆپی کێشانەی ژێر خاک لە دەوری یەک گەڕەلاوژەی ئازادی دەچڕن بەدەم لاوک و حەیران و چەمەری و هۆرە، ئەوان دەچنە لوتکە، هێمای خۆرێک تانجە و دەستی واڵای ئەوین دەگرنە باوەش، کاتێک سەربەستی چیتر خەون نییە و ماف و ویست و حەز و هیوامان لە ئامێز دەگرین لە وەرزێکی زەردی پڕ تینی شەقام و شارێکی پڕ بە گەرووی هاوار بۆ چیا.

چلەی شەهیدێک لە ئێوارەیەکی پاییزیدا دەبێتە ڕۆژی ئازادی...