کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا تاوانی سیاسەتی هەڵەی خۆی دەداتەوە

10:20 - 3 خەزەڵوەر 2722

برایم جەهانگیری

ماوەیەک لەوەپێش ئۆپک+ کۆی وڵاتانی هەناردە کردنی نەوت و  بەشێک لە وڵاتانی کڕیاری نەوت لە نێویاندا ئەمارات و عەڕەبستانی سعوودی و١٠ وڵاتی دیکەش بە سەرۆکایەتیی مۆسکۆ لە دانیشتنێکدا بڕیاریان دا کە هەناردەکردنی نەوت ڕۆژانە بەبری دو میلیۆن بۆشکە کەم بکەنەوە، ئەوەش بووە هۆی ئەمە کە نەوت جارێکی دیکە لە هەموو جیهان بەرز بێتەوە وگاز و بەنزینیش بەهەمان شێوە.    

ئەوەش ڕوونە کە قازانجی ئەو گرانبوونە لەو کاتەدا ڕێک دەچێتە گیرفانی ڕووسەکان کە ئێستا نەیاری سەرەکیی ئەمریکا و هەموو وڵاتانی ڕۆژئاواییە.

 ئەو بڕیارە کاربەدەستە باڵاکانی ئەمریکای بەتەواوی نیگەران کردووە تا ئەو جێگایەی کە باب منندز، سەرۆکی بەبڕشتی پێوەندییەکانی دەرەوەی سەنای ئەمریکا توڕەییەکەی خۆی نەشاردەوە و عەڕەبستانی بە هاوکاری و پشتگیریی مۆسکۆ تۆمەتبار کرد و بەڵێنی دا کە پێش بەهەر چەشنە ساتوسەودایەکی چەکوچۆلی ئەمریکا دەگەڵ عەرەبستان دەگرێ. ئەو سەناتۆرە داوای کرد کە دەوڵەتی ئەمریکا هەموو جۆرە هاوکارییەک دەگەڵ ئەو وڵاتە ڕابگرێ و یەک لەوان پێش بە هەناردەکردنی چەک بۆ عەڕەبستان بگرێ.

 عەڕەبستان و ئەمریکا لەمێژە نێوانیان وەک جاران نەماوە و سیاسەتی گشتیی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەتی سازش و سازان و ساتوسەودا دەگەڵ ئێران کە دوژمنی قەستەسەری عەڕەبستانی سعوودییە بەتایبەتی لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا ئێران چەندین جار بە مووشەک و دروونی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردۆتە سەر گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی ئەو وڵاتە "ئارامکۆ" و زەرەر و زیانی زۆر گەورەی پێ گەیاندووە.

سیاسەتی سازش و سازان دەگەڵ ئێران بە گشتی وای کردووە کە وڵاتە عەڕەبیەکان یەک لە دوای یەک لانیکەم وەک هوشدارییەکیش بووبێ لە ئەمریکا دوور دەکەونەوە و بەرەو ڕووسیە پەل دەکوتن. ئەوەش تۆڵەکردنەوەی ئەو چەندساڵەی عەڕەبستانە لە ئەمریکا بەتایبەتی لە جۆ بایدێن، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر لیستی دێمۆکڕاتەکان کە لەو دواییانەدا ئامادە بوو بە هەموو جۆرێک سازش دەگەڵ ئێران بکا و دووبارە ئێران کە بەو گەمارۆ ئابوورییانەی لە سەردەمی دۆناڵد ترامپدا خرابووە سەری وەک نیوەمردووی لێ‌هاتبوو، زیندوو کاتەوە و دەگیانی خەڵکی ناوچەی بەرداتەوە.

 ئێستا ئەمریکا لە هەموو کات باشتر دەزانی کە ئەو سیاسەتی چەندین ساڵ سازش دەگەڵ ئێرانە چەندی زەرەر لە پێگە و پێوەندی ئەو زلهێزە داوە لە سەرتاسەری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست و بەتایبەتی لای وڵاتە عەڕەبیەکان.

 جۆ بایدین لە کاتی پرۆپاگەندە و ڕیکلامی هەڵبژاردن ترامپی بەوە تاوانبار دەکرد کە سیاستی سەقەتی ترامپ هاوپەیمانانی ئەمریکای لە دۆستایەتی و هاوپەیمانی سارد کردۆتەوە کەچی خۆی خەریکە گەورەترین هاوپەیمانی ئابووری و بازرگانیی لە ڕۆژهەلاتی نێوەڕاستدا لەدەست دەدا.

 ئەو کارەی عەڕەبستانی سعوودی دەکرێ بە بارێکدا قازانجی ئەو خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەی جەماوەرییەی خەڵکی ئێران و کوردستانیشی لێ هەڵکڕێنرێ کە ئەمریکا دەبێ بەئاشکرا کۆتایی بەو سازش و هاوتەریب‌بوونە دەگەڵ ئێران بێنێ و ئاوڕی جیددی لە دۆستانی ڕاستەقینەی خۆی بداتەوە.

 سیاسەتی هەڵە و سەقەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چەند ساڵە لە جیاتی قازانج بە بەرژەوەندی ستراتیژی و تاکتیکی ئەمریکا بگەیەنێ بە دڵنیاییەوە زەرەری زۆری لە پێگەی ئەو وڵاتە داوە بە جۆرێک کە هاوپەیمانەکانی متمانەی تەواویان پێی نەماوە. ئەو هەڵەیە و ئەو بێ متمانەییە لە هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بە کوردی باشووریش و دەستێوەردانی ئاشکرای ئێران لە داگیرکردنەوەی کەرکووک وای کرد کە کوردیش وەک جاران ئەو متمانەیە بە ئەمریکا نەکات و ئەو هەڵوێستە لە قسە و لێدوانی ڕێبەرایەتیی سیاسیی باشوور زۆر جار بیستراوە.

 ئایا بەدوای ئەو زەبرە گورچووبڕەی عەرەبستان کاربەدەستە باڵاکانی ئەمریکا وشیار دەبنەوە یان نا؟ دەبێ چاوەڕێی هەڵوێستی لەمەو دواییان بین بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو زەبرەی عەڕەبستان لە ئەمریکا و بەتایبەتی لە دێمۆکراتەکانی دا، وا دەکا لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆک‌کۆماریدا پێگەی دمۆکڕاتەکان لەو پەڕی لاوازیدا بێ و شانسی دووبارەبوونەوەی دێمۆکراتەکان و بایدین لەسەر پۆستی سەرۆکی ئەو وڵاتە بگەیەنێتە کەمترین شانس.