کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

د. محەممەد حوسێن‌زادە: ڕاپەڕینی ئەم جارەی خەڵک، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بەرەو لێواری داڕووخان بردووە

10:59 - 3 خەزەڵوەر 2722

هەڤپەیڤین: کاروان مێراوی

بەرایی:

ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان و ئێرانی سیاسیی هەنووکە چوارەمین حەوتووی تێپەڕاند و خەڵک بەردەوام لە سەنگەری شەقامی شاردا بەرەڕووی ئوختاپووسی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران بوونەتەوە و تاکوو ئێستەش تاوانە جۆراوجۆرەکان و دڕندەییی هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕێژیمە نەیتوانی ئیرادەی کۆڵنەدەرانەی شەقام و شار بەچۆکدا بێنێت. چاوەدێران و شرۆڤەکارانی سیاسی پێیان وایە کە ڕاپەڕینی ئەم جارە زۆر جیاوازترە لە سەرهەڵدانەکانی پێشتر و بەتایبەت لە دوو دەیەی ڕابردوو کە بەردەوام خەڵک لە شەقامدا بوون. بۆ تاوتوێ‌کردن و باسکردنی زیاتری ئەم پرسە، ڕۆژنامەی "کوردستان" وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز د. محەممەد حوسێن‌زادە، دوکتۆرای پێوەندییە نێونەتەوەییەکان، لێکۆڵەر، چاوەدێر و شرۆڤەکانی سیاسی پێک هێناوە کە سەرنجتان بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشین.

 

ڕاپەڕینی جەماوەی و ڕووداوەکانی ئەم جارەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی سیاسی بەگشتی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ڕێژیمی ئیسلامی وەک سیستەمێکی حوکمڕانی کە ئەرکی دابینکردنی ئاسایش و ژیانێکی ئاسایی بۆ هاووڵاتییانی ئێرانی لە ئەستۆیە، ساڵانێکە لە هەموو بوارەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری تووشی قەیران و داڕمان بووە، بە جۆرێک کە لە ئێستەدا هیچ چین و توێژێک نییە کە لە سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمە ڕازی بێت و هەست بەوە بکات کە سەرەتاییترین ویست و مافەکانی دابین بوون. ئەمە جگە لە هەندێک مافی تایبەت و لەوانە مافی نەتەوەکانی نێو جوگرافیای سیاسیی ئێران. لە ئاستی دەرەوە و نێونەتەوەییشدا سیاسەتەکانی تووشی شکست هاتوون و لە لایەکەوە لەبەر پێشێلکردنی یاسا و ڕێساکانی سیستەمی نێونەتەوەیی و لە لایەکی ترەوە بە هۆی چوونە نێو بەرەی وڵاتانێکی وەک کۆریای باکوور، سووریە، تورکیە و ڕووسیە کە بە وڵاتانی دیکتاتۆری و یاخی ناسراون و هەروەها بە هۆی هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی سزا و گەمارۆی زۆری بەسەردا سەپاوە کە گوشاری ئەو سزا و گەمارۆیانەش دیسان دەکەوێتەوە سەرشانی خەڵک و هاووڵاتییانی ئێران.

ڕێژیمی ئیسلامی لەپاڵ ئەو هەموو گوشارە و بەتایبەت دۆخی نالەباری ئابووری کە بەسەر خەڵکیدا سەپاندووە تەنانەت لە ژیانی تایبەتیشیاندا دەستێوەردان دەکات. تەنانەت بۆیان دیاری دەکات چەند منداڵیان ببێت و چۆن منداڵیان بێت یان چی بپۆشن و چۆنی بپۆشن! کەڵەکەبوونی ئەم هەموو کێشە و گرفتە خەڵکی ئێرانی سیاسی و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئامادەی ڕاپەڕینێک کردبوو، هەرچەندە کەمتر کەسێک چاوەڕوانی دەکرد ڕاپەڕینەکە لەم ئاستەدا بێت.

کوشتنی ژینا ئەمینی بە دەستی پۆلیسی ڕێژیمی ئێران لە تاران وەک تاوانێکی گەورە دەرحەق بە مرۆڤێکی بێتاوان بوو بە چەخماخەی خۆپیشاندان و هەر لەو ڕۆژەوە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دوابەدوای ئەوەش خەڵکی ژمارەیەکی زۆر لە شارەکانی ئێرانی سیاسی هاتنە سەر شەقامەکان بۆ دربڕینی ناڕەزایەتیی خۆیان لەو ڕێژیمە.

لێرەدا بەگشتی دەمەوێت بڵێم کە ڕاستە کوشتنی ژینا دەستپێک و چەخماخەی ڕاپەڕینەکە بوو و دواتریش بە هۆی بەشداریی زۆر و بەرفراوانی ژنان و هەروەها زاڵبوونی درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ئەو بزووتنەوەیە بە بزووتنەوەیەکی ژنانە ناسرا، بەڵام لەڕاستیدا ئەو بزووتنەوە دەرئەنجامی شکستی گشتییەتیی سیستەمی حوکمڕانیی ئێستەی ئێرانە. نێوەڕۆکی درووشمی ژن، ژیان، ئازادیش بە جۆرێکە کە دەتوانێت زۆرێک لە خواست و داواکارییەکان لەخۆ بگرێت و هەر تاکێک دەتوانێت چاوەڕوانی و بەرژەوەندییەکانی خۆی لەژێر ئەو دروشمەدا ببینێتەوە.

ئەو ڕاپەڕینە چوارەمین حەوتووی خۆی تێپەڕاند، پێتان وایە دەستکەوتەکانی ئەو چوار حەوتووە ڕاپەڕینە چی بوون؟

هەر ئەوەی کە ماوەی زیاتر لە مانگێکە خۆپیشاندانی سەرانسەری و ڕاپەڕین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە، خۆی دەستکەوتە. دەسەڵاتی سەرکوتکەری ڕێژیمی ئیسلامی کە لەوە دڵنیا بووەتەوە خەڵک وەک پێشوو لە دامودەزگا و مەکینە سەرکوتکەرەکەی ناترسن، دەستی کردووە بە دروستکردنی چیرۆک و چەواشەکاری کە گوایە ئەمە پیلانێکی نێودەوڵەتییە و لە چەندین لاوە کاری بۆ کراوە و دەکرێت. ئەمە نیشانەی لاوازی و ترسی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئیسلامی لە نەترسی و بوێریی خەڵکە. بەڵام بەگشتی وەڵامی ئەو پرسیارە بەستراوەی ئەوەیە کە مەبەست لە دەستکەوت چییە و دەستکەوت بۆ کێ مەبەستمە؟ ئەوە بۆیە دەڵێم چونکە ڕەنگە هەندێک شت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک دەستکەوت سەیر بکرێن بەڵام لە ناوچەکانی تری ئێرانی سیاسی دەستکەوت بە هەژمار نەیەن یان بەپێچەوانەوە. لە ڕوانگەی تاکێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە بڕوای من یەکێک لە دەستکەوتەکان پووچەڵ‌بوونەوەی ئەو سیاسەتەی ڕێژیمی ئیسلامی بوو کە ساڵانێکی زۆرە هەوڵی داوە هەر جۆرە جینایەت و تاوانێک لە کوردستان ئەنجام بدات لەژێر ناو و ئێتیکێتی "تەجزیەتەڵەبی"دا ڕەواییی پێ بدات. ئەم بزووتنەوەیە کە دوابەدوای کوشتنی ژینا ئەمینی سەری هەڵدا و بوو بە هۆی ڕاپەڕینی باقی نەتەوەکان و ژمارەیەکی زۆر لە فارسەکانیش، شکستی ئەو سیاسەتەی ڕێژیمی ئیسلامی بوو.

هەر لە ڕوانگەیەکی کوردییەوە نزیکبوونەوەی زیاتر و هاوکاریی چڕتری حیزبە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی ناوەندی هاوکاری و ئەوەی کە خەڵکی ڕۆژهەڵات بە دەم داواکارییەکانیانەوە بۆ مانگرتن چوون، ڕەنگە بکرێت وەک دەستکەوتێک سەیر بکرێت. جگە لەوە ئەم خۆپیشاندانانە جارێکی تر هەستی نەتەوایەتیی نەتەوەی کوردیان لە ڕۆژهەڵات بووژاندەوە، هەرچەندە تێچوویشی هەبووە و ژمارەیەک لە هاونیشتمانییان شەهید کراون و ژمارەیەکی زۆریش تا ئێستە دەستبەسەر کراون.

لە ڕوانگەیەکی سەرانسەرییەوە لەم خۆپیشاندانانەدا ئەگەرچی بە بزووتنەوەی ژنان ناسراوە بەڵام وەک ئاماژەم پێدا، دەکرێت بڵێین هەموو چین و توێژەکان کەم تا زۆر تێیدا بەشدارن و هەمووشیان بەو قەناعەتە گەیشتوون کە سیستەمی ڕێژیمی ئیسلامی هیچ جۆرە ڕێفۆرمێک هەڵناگرێت و مەرجی هەرجۆرە گۆڕانکارییەکی پۆزەتیڤ ڕووخاندنی ئەو دەسەڵاتەیە، ئەمەش لە دروشمەکاندا ڕەنگی داوەتەوە. ئەو پاڵپشتییە بەرفراوانە نێونەتەوەییەش کە لە خۆپیشاندەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کراوە سەرمایەیەکی سیاسیی گەورەیە. بەگشتی ئەم ڕاپەڕینە تاکوو ئێستە ڕێژیمی ئیسڵامیی ئێرانی بەرەو لێواری داڕووخان بردووە. لانیکەم چاوەڕوان ناکرێت بەبێ گۆڕانکاریی بنچینەیی و لەم فۆرمەی ئێستەیدا ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە و بێگومان ئەگەر ڕاپەڕینی ئەم جارەش سەرکوت بکات، جارێکی تر خەڵک توندتر و بەربڵاوتر و بەهێزتر لەمە ڕادەپەڕن.

لە ماوەی دوو دەیەی ڕابوودا چەندین جار ڕاپەڕینی لەو چەشنە سەری هەڵداوە و پاش ماوەیەک سەرکوت کراوە، بەڵام وەک دەوترێت ڕاپەڕینی ئەم جارە جیاوازترە. بەبۆچوونی بەڕێزتان ئەم جیاوەزییەکەی لە چیدایە؟

ڕاستە ڕاپەڕینی ئەم جارە هەرچەندە درێژەی خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانی پێشووترە، بەڵام لە هەندێک لایەنەوە زۆر جیاوازترە. ئەگەر بمەوێت زۆر بەکورتی و وەک سەردێڕ ئاماژە بە چەند خاڵی جیاکەرەوە بکەم بریتین لەمانە: ئەو کاردانەوە بەرفراوانەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەلایەن کەسانی ئاسایی وەک هونەرمەندان و وەرزشکاران و نووسەران و باقی چین و توێژەکانەوە، هەم لەلایەن کەسایەتییە سیاسییەکان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بەرانبەر بە ڕووداوەکان و پاڵپشتیی بەرفراوان لە خۆپیشاندەران و ئیدانەکردنی جینایەتەکانی ڕێژیم. جیاوازیی دروشمەکان بەو مانایە کە ئەم جارە ژمارەیەکی زیاتر لە هاووڵاتییانی ئێرانی سیاسی و بگرە نەتەوەکان دەتوانن داخوازییەکانیان لەناو دروشمەکاندا ببیننەوە. بەروپێشچوونی هاوکاریی ئۆپۆزیسیونی بەناو سەرانسەری و ئەو حیزبانەی کە خۆیان بە نوێنەری نەتەوە جیاوازەکان دەزانن، هەرچەندە هێشتا لەو ئاستەدا نییە کە چاوەڕوان دەکرێت، خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی ئێرانی سیاسی و دیاسپۆرای کورد بە شێوەیەکی هاوکات و هەماهەنگ لە وڵاتانی ئورووپا و ئەمریکا و بەشداریی بەرفراوانی ژنان و پێشەنگایەتیی گەنجان لە خۆپیشاندانەکان و هەروەها هەڵوێستی توندیان بەرانبەر بە حکوومەت.

پێتان وایە ڕەوتی ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییە بەرەو چ ئاقارێک دەڕوات و داهاتووی ئێرانی سیاسی بەگشتی و بەتایبەت بۆ کوردستان چۆن دەبینن؟

لەڕاستیدا پێشبینی‌کردنی داهاتووی ئەو بزووتنەوە و بەگشتی داهاتووی ئێرانی سیاسی کارێکی زۆر زەحمەتە. لە لایەکەوە ئەوە دەرکەوتووە کە ڕێژیمی ئیسلامی لاوازتر لەوەیە کە هەندێک چاوەڕوانییان دەکرد، لەلایەکی ترەوە هێشتا مەکینەی سەرکوتی ئەو حکوومەتە توانای سەرکوتکردنی تا ڕادەیەک هەر ماوە. ئەگەر بەو جۆرەی کە هەندێک لە تێئۆرییەکانی شۆڕش باس دەکەن، لەتبوون و دووبەرەکی لەنێو هێزە سەرکوتکەرەکاندا ڕێگەی ڕووخانی سیستەمەکان نزیکتر بکەنەوە، تاکوو ئێستە ئەوە لەنێو هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیدا لانیکەم بە شێوەیەکی دیار و بەرجەستە ڕووی نەداوە. هەروەها هەندێک هەلپەرسەت و لەوانە ڕیفۆرمخوازەکان و لەپاڵ ئەوانیشدا کەسانێک کە لە خوانی ئەو ڕێژیمە سوودمەند بوون هەوڵ دەدەن بە شێوازی جۆراوجۆر خۆپیشاندەران دڵسارد بکەنەوە و تەمەنی ئەو ڕێژیمە درێژ بکەنەوە. خاڵێکی تر ئەوەیە کە هەرچەندە لە ئاستی نێونەتەوەییدا پاڵپشتییەکی زۆر لە خۆپیشاندەران کراوە، بەڵام پێی دەچێت هێشتا وڵاتانی زلهێز خوازیاری ڕووخانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نین یان لانیکەم تاکوو ئێستە بە کردەوە ئەوەیان نیشان نەداوە.

دەمەوێت بڵێم هەلومەرجی شۆڕش و خواستی گۆڕانکاریی یەکجارەیی لە ئێراندا هەیە، بەڵام بەبۆچوونی من هەندێک فاکتەریش هەن کە ڕەنگە هێشتا ڕێگر بن لە بەدیهاتنی ئەو گۆڕانکارییانەدا. پێم وایە ئەگەر خۆپیشاندان و مانگرتنەکان تا ماوەیەکی تر بەردەوام بن ئەو لەمپەرانەش دەسڕدرێنەوە. سەبارەت بە کوردستان دەزانین کە خەباتی ئێمە تا ڕادەیەک جیاوازە و ڕەنگە ڕووخانی ڕێژیم هەنگاوی یەکەمی گەیشتن بە ئامانجەکان و هاوکات سەرهەڵدانی مەترسیی نوێش بێت بۆ نەتەوەی کورد. دەتوانم بڵێم ئەم ڕاپەڕینە و خەباتی هاونیشتمانییانی کورد لە نێوخۆ تا ڕادەیەک دەتوانێت ببێتە هۆی نزیکبوونەوە و هاوکاریی زیاتری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەمەش دیسان هاونیشتمانییان هان دەدات و پێداگرتریان دەکات لە تێکوشان و خەبات بە دژی دەسەڵاتی داگیرکەر.

خەڵک لە شەقامەکانن و چاویان لە کار و بەرنامەکانی ئۆپۆزیسیۆنە. ئەرکەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو دۆخە هەستیارەدا چین و دەبێت چی بکەن؟

ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەی نادێموکراتە. بێگومان شۆڕش لە وڵاتێکی فرە نەتەوەی نادێموکراتیکی وەک ئێرانی سیاسیی ئێستە لە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تاک‌نەتەوە یان کەم‌نەتەوەی نادێموکرات سەختر و قورسترە. ئێمە دەزانین کە ڕێژیمی ئیسلامی هەموو هاووڵاتییان و هەروەها نەتەوەکانی ئێرانی سیاسی دەچەوسێنێتەوە، بەڵام هاوکات ئەوەش حەقیقەتێکە کە ڕێژیمی ئیسلامی وەک فۆرمی دەسەڵاتی ئێرانی نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی فارس دەکات و ساڵانێکی زۆرە بە هەموو شێواز و میکانیزمەکان باقی نەتەوەکان دەچەوسێنێتەوە و زیاترین قازانج لەو چەوساندنەوەش دەچێتە گیرفانی فارسەکانەوە. ئەگەر تەنیا کوردستان لەبەرچاو بگرین، ڕێژیمی ئیسلامی کە نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی فارس دەکات بە شێوازی جۆراوجۆر کورد دەچەوسێنێتەوە وەکوو: تاڵانکردنی سەرچاوە ماددییەکان و سەرچاوەکانی وزە و ئاو، تێکدانی سەرچاوە سروشتییەکان و ژینگە و دارستانەکان، دزین و تاڵانکردنی کەلەپوور و شوێنەوارە مێژووییەکان، دابەشکردنی سەرچاوەکان بە شێوەی نایەکسان وەک تەرخانکردنی بوودجەی ساڵانەی کەم لە بەراورد لەگەڵ ناوچە فارسنشینەکان، قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە قوتابخانە و زانکۆکان، بەئەمنییەتیکردنی پرسەکان و بەسەربازیکردنی کوردستان، داسەپاندن و ئاساییکردنەوەی کۆڵبەری، گۆڕینی دێموگرافیای کوردستان و هەوڵدان بۆ داسەپاندنی شوناسی فارسی و هتد. هەڵبەت جگە لە کورد بەرانبەر  بە هەندێک نەتەوەی تر وەک عەرەب و بەلووچ هەمان سیاسەتی پەیڕەو کردووە. ئەمە جیاوازە لەو تاوانانەی کە ڕەنگە فارسەکانیش بگرێتەوە، بۆ نموونە لەسێدارەدان، ئەشکەنجە و حیجابی زۆرەملێ و هتد.

لێرەدا باسەکە ئەوەیە کە زۆربەی ئەو تاوانانەی بەرانبەر بە کورد و هەندێک نەتەوەی تر ئەنجام دراون و دەدرێن، بۆ چەسپاندنی باڵادەستی و خزمەتکردن بە بەرژەوەندییەکانی فارسەکانە. لەم ڕوانگەوە تێکەڵبوونی فارس بە شۆڕشی سەرانسەری هەرچەندە نەلواو نییە، بەڵام تاکوو ئێستە دەرکەوتووە کە قورس و زەحمەتە. هەر بەو جۆرەش ئۆپۆزیسیونی فارس ئامادە نییە کە لەگەڵ نوێنەرانی باقی نەتەوەکان لەسەر پرسە سەرەکییەکان بە شێوەی پێشوەختە ڕێک بکەوێت. هۆکارەکەی ئەوەیە کە ڕوانگەی ئۆپۆزسیونی فارس بەرانبەر بە باقی نەتەوەکان یان هەمان سیاسەتی ڕێژیمی ئێستەیە یان جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە نییە. هەڵبەت ئەگەری ئەوەش هەیە کە بە شێوەی هێزەکی و شاراوە ڕوانگەیەکی توندتریان هەبێت. ئەمە نوێنەرانی باقی نەتەوەکان (وەک کورد) ناچار دەکات هەوڵی زیاتر بۆ ڕازیکردنی ئۆپۆزیسیونی فارس بۆ هاوکاری بدەن و هەموو میکانیزمەکان تاقی بکرێنەوە.

ئەمانەم گوت کە بڵێم ڕەنگە هاوکاریکردنی ئۆپۆزسیون بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ و سەرانسەری تا ڕادەیەک قورس بێت، بەڵام هیچ ڕێگەیەک جگە لە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ئەو هاوئاهەنگییەش نییە، مەگەر ئەوەی کە هەر ناوچە یان نەتەوەیەک بە شێوەی سەربەخۆ و بۆ خۆی هەوڵ بدات کە دیارە ئەوەش هەم یارمەتیدەری دەربازبوونی ڕێژیمی ئیسڵامی لەم قەیرانە دەدات و هەم ئەو پێویستییە دێنێتە ئاراوە کە حیزبە کوردستانییەکانیش وەک بزووتنەوەیەکی بە ڕەهاییی کوردستانی و لە چوارچێوەی شۆڕشێکی کوردی نەک سەرانسەریدا لەو ڕاپەڕینە بڕوانن، دیارە ئەوەش پێویستی بەوەیە کە میتۆد و شێوازەکانی خەبات بگۆڕدرێن کە باسێکی جیاواز هەڵدەگرێت. لەبەر ئەوەی کە هێشتا کۆدەنگییەک هەیە کە وەک شۆڕشێکی سەرانسەری خوێندنەوەی بۆ بکرێت پێویست ناکات من زیاتر سەبارەت بەو بابەتە باس بکەم.

کاریگەریی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، واتە لە ناوچەکانی تری ئێرانی سیاسی لەسەر ئەو ڕاپەڕین و ڕووداوانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

بازنەی چالاکیی ناوەندی هاوکاری کە پێک‌هاتووە لە حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە گشتگیربوون و بەسەرانسەریکردنی خۆپیشاندانەکان گێڕا. ناوەندی هاوکاری بە ڕاگەیاندنی مانگرتنەکان لە کوردستان توانی تا ڕادەیەک پێشەنگایەتیی ڕووداوەکان لە ئەستۆ بگرێت. دوابەدوای ئەوەش لە خۆپیشاندانەکان لە باقی ناوچەکانی تری ئێرانی سیاسی و دەرەوەی ئێرانیش پشتیوانی کردووە. دەکرێت بڵێین کاریگەریی ناوەندی هاوکاری لە ڕۆژهەڵات لەسەر ڕاپەڕینەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەرفراوان و لەسەر باقی ناوچەکانی تریش ناڕاستەوخۆ بووە. ئەمە پەیوەندی بە بازنەی چالاکیی حیزبەکانی بەشدار لەو ناوەندەدا هەیە.

بەڕێزتان هەڵوێست و کاردانەوەکانی کۆمەڵگەی جیهانی لەسەر ئەم ڕاپەڕینە چۆن لێک دەدەنەوە؟ ئایا کاردانەوەکان لە ئاستی پێویست و چاوەڕوانکراودا بوون؟

لە ئاستی جیهانیدا وەک پێشتر ئاماژەم کرد دەبێت دوو ڕەهەند لەبەرچاو بگرین. بەگشتی ڕای گشتیی جیهان هاوسۆزی خۆپیشاندەران بوو. ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە ناسراوەکانی بوارە جیاوازەکان و سێلبریتییەکان بە شێوازی جۆراوجۆر پاڵپشتیی خۆیان بۆ خۆپیشادەران دەربڕی. ڕێکخراوە ناحکوومەتییە نێونەتەوەیییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە لە گواستنەوەی هەواڵەکان و بەتایبەت جینایەتەکانی ڕێژیم. بەڵام لە ئاستی سیاسی و دەوڵەتەکاندا هەرچەندە پێشتر وتم تا ڕادەیەک جیاواز بوو لە خۆپیشاندانەکانی پێشوو و ڕابەران و سیاسەتوانانی وڵاتانی ئورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانەکانیاندا بە شێوەیەکی توند و جددیتر سیاسەتی سەرکوتی ڕێژیمی ئیسلامییان ئیدانە کردووە و پاڵپشتیی خۆیان لە خۆپیشاندەران دەربڕیوە، بەڵام بە کردەوە تاکوو ئێستە گەمارۆ و سزای توندیان بەسەر ڕێژیمی ئیسلامیدا نەسەپاندووە. ئەم خۆپاڕێزی و نەرمینواندنەی وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا ڕەنگە پەیوەندی بە دانوستانە ئەتۆمییەکانەوە هەبێت. بەداخەوە ئەمە ڕاستییەکە کە وڵاتانی زلهێز زۆر جار زیاتر گرنگی بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیان دەدەن و مافی مرۆڤ دەکەنە قوربانیی بەرژەوەندییەکانیان. ئەوان هێشتا بەئاشکرا ڕایدەگەیەنن کە خوازیاری گۆڕانی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی ئیرانن نەک گۆڕانی ڕێژیم. هەڵبەت ڕەنگە هەندێک نیگەرانیی تریشیان هەبێت. بۆ نموونە پرسی کۆچبەران و پەنابەران دوای شەپۆلی پەنابەرانی سووریە بووەتە پرسێکی ئەمنییەتی بۆ یەکیەتیی ئورووپا و لەم دواییانەدا وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی سەیریان کردووە، بۆیە ڕەنگە زۆر خوازیاری ئاڵۆزی و بشێوی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا نەبن، تەنانەت ئەگەر بە مانەوەی دیکتاتۆرەکانیش بێت. بەو حاڵەش وەک وتم لە ئەگەری بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکان لە ناوخۆ و چالاکییەکانی دیاسپۆرای کورد و هەروەها باقی هاووڵاتییانی ئێرانی سیاسی لە دەرەوە و دەرگیرکردنی زیاتری ڕای گشتیی وڵاتانی ئورووپا، دەوڵەتەکان ناچار دەبن هەڵوێستی توندتر بەرانبەر بە ڕێژیمی ئیسلامی وەربگرن.

هەر وەک ئاگادارن لەنێوان ڕاپەڕینەکانی خەڵکدا جاروبار لەسەر داوای حیزبەکان مانگرتنی سەرانسەریی کوردستان و تەنانەت لە ئاستی ئێرانیشدا بەڕێوە دەچوون، پێویستی و کاریگەریی ئەو مانگرتنانە چی بوون؟

مانگرتن ڕەنگە شێوازێکی کەم‌تێچوو بەڵام هاوکات زۆر کاریگەر بێت. ئێمە دەزانین ڕێژیمی ئیسلامی بەرانبەر بە خۆپیشاندەران هەموو شێوازێکی سەرکوت بەکار دەهێنێت، مانگرتن وێڕای ئەوەی کە پەیامی ناڕەزایەتی بە گوێی دەسەڵات و جیهان دەگەیەنێت، تێچوویشی کەمترە. ئەمە ڕەنگە وا بکات ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵک تێکەڵ بە ڕاپەڕینەکە بن. بەگشتی بەبۆچوونی من هاوتەریببوونی مانگرتنەکان و خۆپیشاندانەکان هۆکاری سەرەکیی بەردەوامبوونی هاووڵاتییان لە خۆپیشاندانەکان تاکوو ئەمڕۆ بووە.

بەڕێز د. محەممەد حسێن‌زادە، زۆر سپاس کە کاتتان تەرخان کرد و لەم وتووێژەدا هاوکارمان بوون، ئەگەر لە کۆتاییدا هەر شتێک ماوە بۆ باسکردن و باسمان نەکردبێت، بفەرموون.

سپاس بۆ ئێوە و هیوای سەرکەوتنتان بۆ ئەخوازم.