کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابینکردنی جلی زرێپۆش بۆ ڕووسیە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

11:01 - 3 خەزەڵوەر 2722

لە حاڵێکدا کە دەوڵەتانی ڕۆژاوایی هاوکاریکردنی سەربازیی تاران بۆ ڕووسیە مەحکووم دەکەن، ئیدارەی زانیاریی وەزارەتی بەرگری ئۆکراین ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران جلی زرێپۆش بۆ سەربازانی ڕووسیە دابین دەکات.

ڕۆژی دووشەممە ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، ئیدارەی زانیاریی وەزارەتی بەرگری ئۆکراین ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئیران بە نهێنی جلی زرێپۆش بۆ سەربازانی ڕووسیەی دابین کردووە و لە ئێستادا نزیکەی ١٥٠٠جلیقەی گولەنەبڕ و کڵاوی سەربازیی دروستکراوی ئێران لە ڕووسیە بۆ سەربازانی دیکە ئامادە کراوە. زانیاریی ئەوەش هەیە کە لە داهاتوودا نزیکەی ٣ هەزار کەلوپەلی دیکەی زرێپۆش و گولەنەبڕی دیکەی دروستکراوی ئێران دەگاتە ڕووسیە.

ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی ئێران، لە حالێکدایە کە بە دەوڵەتانی ڕۆژاوایی و جیهانی وتبوو کە هیچ هاوکارییەکی سەربازیی ڕووسیەی نەکردووە، بەڵام بۆ هەموو لایەک ڕوونە کە ڕێژیمی ئێران متمانەی هیچی نەماوە و وەزارەتی بەرگری ئۆکراین باسی ئەوەشی کردووە کە بەرپرسانی پلەبەری ڕێژیمی ئێران بەردەوامن لە هاوکاریی سەربازیی ڕووسیە و دەیهەوێ گرووپێکی نوێی سەربازیی بۆ هاوکاریی لە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ ‌فڕۆکەوان و دڕۆن بنێرێتە ڕووسیە.