کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئایا ئەو ڕێژیمە لەسەر دەستی کورد و بە ئیرادەی کورد دەڕووخێ؟

09:39 - 11 رەزبەر 2722

برایم جەهانگیری

ڕۆژهەڵاتی نەبەز، ڕۆژهەڵاتی دڵ، جارێکی دیکە بە وەڕێخستنی مانگرتنی گشتی لە سەرتاسەری کوردستان شکست و نائومێدییەکی دیکەی بەرەوڕووی ئەو ڕێژیمە فاشیستی و دژی بەشەریە کردەوە.

ڕێژیم بە هاژەکباران و هێرشی تێرۆریستی بە دڕۆنی بۆمبرێژکراو بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوو  هۆکاری هەبوو، یەکەم داخی دڵی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بوو کە لەمێژ بوو پێشبینی ئەوە دەکرا لە حاڵەتی یەکگرتنەوەی دوو دێمۆکراتدا هێرشیان بکرێتە سەر. دووهەم پێی وابوو بە هێرشی لەو چەشنە سەرکەوتنی گەورە بەدەست دێنێ ، پێی وابوو کورد تووشی ترس و تۆقاندن و ڕاپەڕینی گەلانی ئێرانیش تووشی نائومێدی دەکات و ئەو نائومێدییە سەرتاسەری ئێران وەها دەگرێتەوە کە دەنگی ناڕەزایەتیەکان کپ بکرێن؛ بەڵێ ئامانجی ڕێژیم لەو پەلامارە دڕندانەیە ڕێک ئەوە بوو.

هێرشی تێرۆریستیی دەوڵەتێکی تێرۆریستی بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بێجگە لە کاردانەوەی زۆر باشی هێز و لایەنە سیاسییەکانی باشوور و هەموو ئێران، بووە هۆی تووڕەیی زیاتری خەڵکی کوردستان و ئەوانی دووبارە بەرەوڕووی بەرپرسایەتییەکی دیکەی مێژوویی کردەوە کە وەک دەبینین بەوپەڕی شانازی و سەربڵیندییەوە لەو ئەموونە هاتە دەر.

ڕێژیم هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگای حیزبەکان، بنکە و بارەگایەک کە شوێن و مەکانی خباتکارانی سیاسی و ژن و منداڵی ئەو خەباتکارانە بوو،  بنکە و بارەگایەک کە وەک نیشانە وایە و جێگا و مەکانی مەعلوومە، ئەو هێرشە تێرۆریستییە و ئەو پەلامار و سنووربەزاندنە بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ یاسا و ڕێسایەکی نێودەوڵەتی و کەڵەگایی و یاغیگەرییەکی ئاشکرای ئەو ڕێژیمەیە بەرامبەر بە هەموو کۆمەڵگای جیهانی و سەلماندنی دوژمنایەتیی بێ‌سنووری ئەو ڕێژیمەش بوو بەرامبەر گەلی کوردی کۆڵنەدەر.

هەر وەک وەبیرهێنانەوە لە کاتی یەکەم شەڕی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە ڕاساندا و لە کاتی شەهیدبوونی پۆلێ پێشمەرگەی ئەو نیشتمانە لەحاڵێکدا زۆر کەس سەرکۆنەی ئەو بەرنامەیەی دەکرد، من نووسیم ئەو حەرەکەتە شکاندنی ئەو ئیرادە فەرزکراوەیە کە ڕێژیم  ساڵەهایە بەسەر کوردستاندا زاڵی کردووە و ڕاسان ئەو باوەڕەی ژیاندەوە کە کورد دەتوانێ هەموو کات ئەو فەرزی ئیرادەیە بشکێنێ و ڕێژیم و هێزە هڵۆڵە بێ‌باوەرەکانی تووشی سەرسووڕمان و نائومێدی بکا. ئەوە گرینگترین پەیامی شۆڕشگێڕانەی ڕاسان بوو.

ئەوکات نووسیم بە دووری مەزانن ئەو ڕێژیمە لەسەر دەستی کورد و پێشمەرگە تێک‌تەپێ، دیارە مەبەستم ئەوە نەبووە کە پێشمەرگە تاران ڕزگار دەکات و داگیرکەر دەڕووخێنێ بەڵکوو مەبەستم ئەو هەوێنە بوو کە بەهۆی پێشمەرگەوە دروست دەبێ و دەبێتە هۆکار بۆ ڕووخانی فاشیزمی مەزهەبی.

بەڵێ ئێستا ئەو ڕۆژە نزیکە، ئاخر ئەو ئیرادەیە هی کورد بوو کە بە مانگرتن و ڕاپەڕینی خۆی وای کرد جارێکی دیکە سەرتاسەری ئێران بۆ شەهید "ژینا ئەمینی" بێتە دەنگ؛ کۆمەڵگای ئێران بەگشتی ئەوەی چەند ساڵە لە دڵی خۆ دا کەڵەکەی کردووە دەریبڕێ و کار بگاتە جێگایەک کە ئەمڕۆ ڕووخانی ئەو ڕێژیمە بە یەکگرتوویی و بەشداریی هەموو لایەک و بە بەشداریی گەلانی ئێران بەگشتی لە هەموو کات نزیکترە.

 بەڵێ ئەوڕۆ کوردی ڕۆژهەڵات جارێکی دیکە بە دنیا و بە ئیران و بە دوژمنانیشی نیشان دا کە ڕێژیم دەتوانێ بە مووشەک و دڕۆنی بۆمبڕێژکراو ئەو بنکە و بارەگایانە بڕووخێنێ، دەتوانێ چەند پێشمەرگەیەک شەهید و ژن و منداڵی بێتاوان خەڵتانی خوێن بکا بەڵام مەحاڵە و مومکین نییە ئیرادەی ئەو گەلە بڕووخێنێ و بچوکترین درزی تێ بخات، ئیرادەیەک کە تەمای وەیەتی تا ڕووخانی ئەو ڕێژیمە و بە سزا گەیاندنی خەیانەتکار و جنایەتکاران لە خەبات و بەرخودانی ڕەوا نەوەستێ. ئەوڕۆ ئاگری ڕق و تووڕەیی کورد سەرتاسەری ئێرانیشی گرتۆتەوە و ئەو بۆچوونە لە ڕاستی نزیک دەبێتەوە کە ئەو ڕێژیمە لەسەر دەستی کورد و بە ئیرادەی کورد دەڕووخێ.