کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد

11:31 - 3 خەزەڵوەر 2722

لە ڕۆژانی ڕابردوودا دایە "کوبڕا موتربی" دایکی شەهید "باقر هونەروەر" لە ناوچەی "بەهاران"ی شاری سنە کۆچی دوایی کرد.

دایە کوبڕا یەکێک لەو دایکە دڵسۆز و نیشتمانپەروەرانە بوو کە منداڵەکانی لەسەر ڕێچکەی کوردایەتی و بە بیروباوەڕی کوردانە گۆش کردبوو و شانازیی بەوە دەکرد کە کوڕەکەی لە ڕیزەکانی شۆڕش لە خزمەت بە گەل و نیشتماندا شەهید بووە.

ئەو وەکوو هەموو دایکێکی جەرگ‌سووتاوی ئەو کوردستانە، ئەویش ئاواتی ڕزگاریی کوردستان و بە ئامانج گەیشتنی گەلی چەوساوەی کورد بوو. بەڵام بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا ڕزگاریی کوردستان بە چاوی خۆی ببینێت.

شەهید "باقر هونەروەر" ڕۆژی ٦ی خەزەڵوەری ١٣٦٠ی هەتاوی لە تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی "بەڕوەر" شەهید بوو و لە گوندی "باینجۆ" بە خاک سپێردرا.  

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری ناوبراو و بنەماڵەی هونەروەر و خەڵکی ناوچەکە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.