![](/content/upload/1/news/56473_w920.jpg)
حیزبی سەوزەکانی ئوسترالیا بە ١٦ پارلمانتارەوە پشتیوانیی خۆی بۆ گەلانی ئێران کە بە دژی ڕێژیم کۆماری ئیسلامیی ئێران شۆڕشی سەرانسەرییان دەستی پێ کردووە، دەربڕی.
ڕۆژی دووشەممە ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، حیزبی سەوزەکانی ئوسترالیا کە خاوەنی ١٦ کورسی لە پارلمانی فیدراڵ لە دوڵەتی ئوسترالیایە، دەنگی خۆی خستە پاڵ دەنگی ئەو ٨ پارلمانتارەی دیکە کە پێشتر داوایان لەو دەوڵەتە کردبوو کە کۆتایی بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ڕێژیمی ئێران بهێنێت. ئەوان هەروەها داوایان لە کۆمەڵگەی جیهانی کردووە کە لێکۆڵینەوە لە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و کوشتنی "ژینا ئەمینی" لە دادگای جینایی نێونەتەوەیی بکرێ و پێویستە دەوڵەتی ئوسترالیا بە ڕوونی لە سەر کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران و ئەو سەرکوتانەی دژی کەمینە نەتەوەییەکان لە ئێران ھەڵوێستی ھەبێت.
حیزبە سەوزەکان دواجار داوایان لە حکوومەت کردووە کە کۆمەڵێک خاڵ وەکوو: ''بە گوێرەی ئەو یاسا نێونەتەوەییانە کە دژی وڵاتانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ دانراون گەمارۆ بخرێتە سەر هەموو دامەزراوە ماڵییەکانی ڕێژیمی ئێران، پێنەدانی ویزا بەو کەسانەی کە پێوەندییان بە ھێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم وەک سپای پاسداران، بەسیج و دامەزراوە نیزامیەکانی دیکە هەیە'' پێویستە جێبەجێ بکرێت.
حیزبە سەوزەکان داوایان کردووە کە سپای پاسداران بەپێی یاسای ١٩٩٥ی جینایی، بە فەرمی بخرێتە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستەکان. ئەوان دەڵێن پێویستە پارلمانی ئوسترالیا وێرای کۆمەڵگای جیهانی یاسایەکی توند بە دژی جینایەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەر بکەن و هەوڵی دەرکردنی ئەو ڕێژیمە لە ڕێکخراوی ژنانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بدرێت. پشتیوانی لە دابینکردنی ئینترنێت و باقی کەرەستەکانی سۆشیال میدیا بۆ گەلانی ئێران، ئازادکردنی تێکڕای خۆپیشاندەرە گیراوەکان، ڕێزلێنان لە ژنان، لە داواکارییەکانی حیزبە سەوزەکانی ئوستاالیا بوو کە داوایان لە حکوومەتی ئەو وڵاتە کردووە لەگەڵ باڵوێزی ڕێژیمی ئێران پێوەندی بگیرێت و نیگرانییەکانی پێ ڕابگەیەنن.