کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی هەڵسووڕاوان و بەڕێوەبەرانی کۆمیتەکانی یەکیەتیی لاوان لە دەرەوەی وڵات

15:02 - 3 خەزەڵوەر 2722

کۆمیتەکان و هەڵسووڕاوانی دەرەوەی وڵاتی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بەشداریی سکرتێری یەکەیەتی لاوان کۆبوونەوەیەکیان بەڕێوە برد.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بە بەشداریی پێشەوا عەلی‌پوور، سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆبوونەوەیەک بۆ هەڵسووڕاوان و کۆمیتەکانی یەکیەتیی لاوان لە وڵاتانی ئورووپا بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆبوونەوەکە چەند وتەیەک لەلایەن ڕامیار ئەحمەدی، بەرپرسی یەکیەتیی لاوان لە دەرەوەی وڵات پێشکەش کرا و پاشان پێشەوا عەلی‌پوور، سەبارەت بە ئاکامەکانی چارەنووسسازی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و کاریگەریی ئەو یەکگرتنەوەیە لەسەر ڕای گشتیی و شەقامی کوردستان چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

پرسی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵات و دەوری لاوان و مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو بابەتە گرینگانە بوون کە هەڵوێستەیان لەسەر کرا و هەروەها ئامادەکاریی کۆنفڕانسەکانی یەکیەتیی لاوان لە دەرەوەی وڵات و دابەشکاریی نوێ و ئامادەکاریی بۆ تێکۆشانی زیاتری ڕێکخراوەیی لە باسەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بوون.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بەشداربووان ڕا و سەرنجەکانیان خستنە ڕوو و لەلایەن هەریەک لە بەڕێزان پێشەوا عەلی ‌پوور و ڕامیار ئەحمەدییەوە وڵام درانەوە.