کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی سێ ساڵەی کۆچی دوایی مامۆستا "حەمید حاجی دەروێش" لە وڵاتی ئاڵمان بەرز ڕاگیرا

15:04 - 3 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، بەبۆنەی سێ ساڵەی کۆچی دوایی مامۆستا "حەمید حاجی دەروێش" سەڕۆکی پارتی پێشڤەڕۆی کورد لە سووریە لەلایەن ئەو حیزبەوە لە شاری "مولهایم ئەن دێر ڕوئێر" لە وڵاتی ئاڵمان ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو.

شاندێکی پەیوەندییەکانی کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتبوو لە "محەممەد ئاغایاری" و "بەهار حوسێنی"، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی کۆمیتەی حیزب لەو ڕێوڕەسمەدا بەشدار بوون و بەو بۆنەوە "بەهار حوسێنی" پەیامی کۆمیتەی حیزبی پێشکەش کرد.

لە پەیامی کۆمیتەدا یادی سێ ساڵەی کۆچی دوایی مامۆستا "حەمید حاجی دەروێش" وەکوو سەرۆکی پارتی پێشڤەڕۆی کورد لە سووریە بەرز ڕاگیرابوو و باس لە گەورەیی و ناسراوی ئەو کەسایەتییەی کورد کرابوو و نەمانی ناوبراو لە هەلومەرجی ئێستادا وەکوو خەسارێک بۆ هەر چوار بەشی کوردستان چاوی لێ کرابوو و هەروەها ئاماژە بە وەدیهاتنی یەکێک لە ئاواتەکانی ئەو واتە سەرهەڵدانی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان، کرابوو.

لە بەشێکی دیکەی پەیامی کۆمیتەدا باس لە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات و کۆتاییهاتنی ١٦ ساڵ دابڕان وەکوو یەکێک لە ئاواتەکانی مامۆستا حەمید دەروێش کرابوو کە ئەو یەکگرتنەوەیە ڕاستەوخۆ کارتێکەری لەسەر خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵات و پارچەکانی دیکە دانا کە خۆشی و شادی هەموو لایەکی لێ کەوتەوە. هەروەها باس لە دەسپێکردنی قۆناخیکی نوێ لە ڕاپەڕین و سەرهەڵدانی خەڵکی کوردستان و ئێران دژی ڕێژیمی ئێران  بە دوای کوژرانی "ژینا ئەمینی" کرابوو کە دوای ٣٧ ڕۆژ هەروا درێژەی هەیە.

 لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا باس لە یەکگرتوویی هەموو حیزب و لایەنە کوردییەکان، گەلی کورد و هەموو نەتەوەکان دژی ڕێژیم و هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردییەکان لە باشووری کوردستان کرابوو کە چەندین شەهید و برینداری لێ کەوتەوە. هەروەها ئاماژە بەوە درابوو کە سەرەڕای سەرکوت و زەبروزەنگی ڕێژیم، سەرهەڵدان لە کوردستان و ئێران زیاتر پەرەی سەندووە و دروشمی ''ژن ژیان ئازادی'' لە هەموو جیهان دەوترێتەوە و ئاڵای کوردستان بە دەستی لاوان لە هەموو جیهان دەشەکێتەوە و سەرهەڵدانی خەڵک تا ئێستا قوربانی زۆری لێ کەوتووەتەوە و باس لە سەرهەڵدان و یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان وەکوو ئەزموونێکی سەرکەوتوو بۆ هەموو حیزب و پارچەکانی دیکەی کوردستان کرابوو.