کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوێک لەلایەن قوتابییانی دواناوەندیی مەهابادەوە

17:39 - 3 خەزەڵوەر 2722

قوتابییانی دواناوەندیی "پێشەوا قازی محەممەد"ی شاری مەهاباد، لەهەمبەر شۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێران ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

ڕۆژی دووشەممە ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، قوتابییانی قوتابخانەی دواناوەندیی "پێشەوا قازی محەممەد" کە ڕێژیم بە ''دەبیرستانی خومەینی'' ناودێری کردووە،  لەسەر ڕاپەڕینە سەرانسەرییەکانی گەلانی ئێران ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاند: ''هەر وەکوو دەزانین شۆڕشی گەلانی ئێران بە دەست لەنێو دەستی یەکتری خۆمان، قوتابییان و خوێندکارانی وەزاڵەهاتووی کوردستان و ئێران بەردەوامە و ڕۆژ بە ڕۆژ زۆرتر پەرە دەستێنی و بە زووترین کات شایەتی ئەوە دەبین کە بە ئاکامێکی باش دەگەین."

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکە‌دا ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە ڕۆژی یەکەمەوە بە خۆشحاڵییەوە زۆربەی بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکە لەگەڵ قوتابییان بوونە و لە ڕێنوێنییەکانیان کەمتەرخەمییان نەکردووە و بەردەوام پاڵپشتییان کردوون بەشێوەیەک کە ڕۆژانی یەکەم و دووهەمی خەزەڵوەر تەرخان کرابوو بە مانگرتنی فەرهەنگییانەوە، بەڵام بەهۆی گوشاری زۆری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە ئیمکانی ڕاگەیاندن و بڵاوکرانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەبوو.  بەخۆشحاڵییەوە قوتابییانی ئەم قوتابخانەیە ناوی قوتابخانەکەیەکان لە ناوی "خومەینییەوە" گۆڕی بۆ قوتابخانەی دواناوەندیی "پێشەوا قازی محەممەد" ڕێبەری شەهیدی گەلی کورد.

لە کۆتاییدا داوایان لە دایکان و باوکانی قوتابییان کرد کە بۆ بەردەوامیی لە خۆپیشاندانەکان بەمەبەستی لەنێوبردنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، پاڵپشتیی منداڵەکانیان بکەن بۆ ئەوەی لەسەر مافی ڕەوای خۆیان بەردەوام بن کە سەرهەڵدانی قوتابییان ئاکامێکی مەزنی دەبێ.