کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چییەتی و چۆنیەتیی سەرهەڵدانەکانی ئێران و پێویستییەکان

10:36 - 4 خەزەڵوەر 2722

ماردین بۆکانی

بە ڕای من ئەوەی کە تا ئێستا لەو خەباتەی هەنووکەی خەڵکی ئێراندا کە بۆ ڕزگاری لە دەست ڕژێمی ئایدیۆلۆژیک و کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی دەیکەن، ڕووی داوە، خاوەنی ئەو تایبەتمەندییانەی خوارەوەیە:

 هەبوونی پێشینەی مێژوویی

 ئەو بزووتنەوەیە ماوەیەکی زۆرە دەستی پێ ‌کردووە و گرینگترین خاڵی بەرچاوی ئەو دەسپێکە، هەر ئەو ساختەکارییە زەبەلاحە بوو کە ڕێژێم لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی ٨٨ی هەتاویدا کردی و دوای ئەو خەڵک ناڕەزایەتییەکی زۆریان دەربڕی. دوای ئەو ڕووداوە، بەردەوام ڕیتمی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان خێراتر بووە و مەودای نێوانیان کورتتر. دوای سەرهەڵدانی خەزەڵوەری ٩٨ و بەرینبوونەوەی هەرچەند هاتنەئارای نەخۆشیی کڕۆنا دەرفەتێک بوو بۆ پشوودان و هێزگرتنەوە و مانەوەی دەسەڵات، بەڵام ئەم ڕەوتە ئیدی کەوتبووە گەڕ.  هەڵبەت پێشینەی دێموکراسی‌خوازی لە کوردستان زۆر لەوە زیاترە و ڕێک دوابەدوای ئەوەی حکوومەتی شۆڕشگێڕی تازەدامەزراوی کۆماری ئیسلامی دەستی کرد بە لە نێوبردن و سڕینەوەی ئەویتری ئایینی، نەتەوەیی و ئایدیۆلۆژیکەکان، کوردستان دژی ئەمە هەڵوێستی گرت و لەو ڕێگایەدا هەزاران قوربانیی پێشکەش کرد.  ئەمە لە حاڵێک‌دایە کە دەسەڵات بەردەوام بە مۆرکی درۆیینی هەڵوەشان‌ویستی(تجزیه‌طلبی) هەوڵی ئەوەی دا هەموو ئێران دژی کورد یەکگرتوو بکات. بەڵام ئێستا ئیدی دەرکەوت کە چیتر ئەو پیلانەیان نایگرێ و خەڵکی ئێران ڕاستییەکانیان بۆ دەرکەوتووە.

 

هەبوونی بواری یەکگری

یەکگرتنی نەتەوەیی، ڕەگەزی و تەنانەت ئایینییش، یەکێکە لە گرینگترین تایبەتمەندییەکانی ئەو سەرهەڵدانە. خەڵک بە وەرگرتنی دروشمی پێشکەوتووی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕاستیدا کۆمەڵێک بنەمای ئەخلاقیی گرینگیان دۆزیوەتەوە بۆ دامەزراندنی یەکگرتووییەکی مۆدێڕن لەسەر بناغەی بەها مرۆڤییەکان.

 

پێشەنگایەتیی کوردستان

کوردستان وەک پێشەنگی خەبات لەو ڕێگایەدا یەک دوو هەنگاو لەپێش نەتەوە و پێکهاتەکانی تری ئێرانەوە دەڕوات. لەبیرمان نەچێت کە سەرچاوەی دروشمە هاوبەشەکەش وەک دەست‌پێکردنی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان، هەر لە کوردستانەوە بوو؛ ئەویش بە شێوازێکی یەکجار مەدەنییانە، واتە مانگرتنی گشتی. لە ڕاستیدا هەبوونی پێشینەی ئازادیخوازی و دێموکراسیخوازی لەو ناوچەیەدا، دەست‌پێشخەرییەکی زۆر بەهێزە بۆ ڕێکخستنی کردەوەی بەکۆمەڵ و توانیویەتی یەکگرتووییەکی بەرچاو لەنێو خەڵکدا چێ بکات.

 

خاوەنێتیی ڕوانگەی فیمینیستی

ژنان وەک پێشەنگی سەرهەڵدانێک کە خەریکە بەرەو شۆڕش و ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی دەڕوات، وەک ستەملێکراوترین بەرە لە بواری مێژوویی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، دەورێکی بێ‌وێنەیان لەو ڕووداوانەدا گێڕاوە و دەیگێڕن. دەسپێکی ئەو ناڕەزایەتییانەش لە ستەمێکەوە هاتەئاراوە کە لە خاتوونەکان کرا. شەهیدکردنی ژینا، تەنیا بە هۆی ئەوەی کە حیجابەکەی لەگەڵ نۆڕمە چاوچنۆکانەکانی دەسەڵاتی دواکەوتوو ڕێک نەدەکەوت، شتێک نەبوو کە خەڵک سووک و هاسان لێی خۆش بن و پۆلووی ژێر خۆڵەمێشی کۆمەڵگە دانەگیرسێنێتەوە؛ ئەویش لە کوردستانی بریندار و ڕێک لە شارێکی وەک سەقز، کە لە باری پەرەسەندنی ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە یەکێکە لە پێشکەوتووترین شارەکان.

هەڵبەت ڕوانگەی فیمینیستیی ئەو بزووتنەوەیە یەکجار یەکسانیخوازانە و مامناوەندە. هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە سەرنجی زۆرێک لە فیلسووف و کۆمەڵناسان و چالاکانی گەورەی جیهان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. بەڵام واش نییە کە ئەو بزووتنەوەیە تەنیا مۆرکی ژنانە و فیمینیستیی لێ بدرێت. چونکە بەو کارە تایبەتمەندییەکانی دیکەی ئەو بزووتنەوەیە لەبیر دەکرێت. کۆمەڵێک ستەم وەک ستەمی قەومی، ئایدیۆلۆژیک، ئایینی و ئایینزایی و بە تایبەت چینایەتییش کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ئەو ناڕەزایەتییە گەورەیە هەیە.

 

بەردەوامیی سەرهەڵدانەکە

 پتر لە چوار حەوتوو لەو بەرخۆدان و بەشدارییە تێدەپەڕێت و خەڵک ڕۆژبەڕۆژ بە تین‌وگوڕێکی زیاترەوە دێنە پێش و بە شێوەی خۆڕسک خۆیان ڕێک‌دەخەن و خۆڕێکخەری فێر دەبن. هەڵبەت شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت سنە، لەو ماوەیەدا دەورێکی گرینگتریان هەبووە بۆ هەڵگیرساومانی مەشخەڵی بزووتنەوەکە. بێگومان هەر ئەوەش خۆی بووەتە هۆی دڵگەرمیی زیاتری شارەکانی دیکە بۆ بەردەوامیی ئەو ڕەوتە. جێی خۆیەتی شارەکانی تریش هەر بەمجۆرە و بە زووترین کات ببنە گۆڕەپانی ئەو خەباتە بەرینە و ببنە دۆزەخی بەکرێگیراوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆر.

 

دواکەوتوویی مێژوویی دەسەڵات وەک هۆکاری سەرەکی

ئایدیۆلۆژیای ئەو حکوومەتە لە سەردەمێکدا هاتووەتە سەر دەسەڵات کە مەودای عەڕش تا قورشی لەگەڵ بەهاکان و جیهانبینیی سەردەمی مۆدێڕن هەیە. نەوەی نوێ، واتە مێرمنداڵان و لاوەکان و تەنانەت بەشێکی زۆر لە گەورەساڵانیش بەهیچ شێوەیەک هاوڕێ و هاوڕای ئەو ئایدیۆلۆژیایە نین و جیهانی کۆمەڵایەتییان یەکجار لێی دوورە. هەر بۆیە بەشداریی مێرمنداڵان و دەیەی هەشتاییەکان لەو سەرهەڵدانەدا تا ئەو ڕادەیە بەرچاوە.

لەولاشەوە پێداگری و پێچەقاندنی دەسەڵات لەسەر هیچ چەشنە نەوی‌کێشان و چەمۆکییەک، بووەتە هۆکارێکی تر بۆ ئەوەی کە لێکدژییەکان یەکجار قووڵتر بن و بەریەککەوتنەکان توندتر ببنەوە. هەرچەند خەڵک هەوڵێکی زۆریان داوە کە لە ڕێگەی ئاشتیخوازانە و مەدەنییەوە وردە وردە کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵام ڕەق و ویشکبوونی پێکهاتەی دەسەڵات ئەوەندە زۆرە کە ڕێگەی لە هەر جۆرە چاکسازییەک بەستووە.

 

پشتیوانیی جیهانی لە سەرهەڵدانەکە

ئەوەی کە زۆر جێگای سەرنجە، پشتیوانیی بەرچاوی ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵاتە لەو سەرهەڵدانە. سەیر ئەوەیە کە خەڵکی ئاسایی وڵاتانی جۆراوجۆر، بەتایبەت کۆمەڵگەی مەدەنی و سێلێبریتییەکان، زۆر زۆر لە پێش سیاسەتمەدارەکان بووون. ڕێپێوانی دەیان هەزار کەسی لە ئەمریکا و ئورووپا و تەنانەت ئوستڕاڵیا، چاوی خەڵکی جیهانی بەرەو پێویست‌بوونی ڕوودانی ئەو شۆڕشە مێژووییە کردووەتەوە. جگە لەوەش، پشتیوانیی زۆری ئەو ڕێژێمە لە جووڵە تیرۆریستییەکان و تێکدانی هێمنایەتی و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پێکهێنانی کۆمەڵێک گرووپی چەکداری توندئاژۆ، هەموو نەتەوەکانی جاڕز و عاجز کردووە.

 

بەشداریی قوتابییان و خوێندکارانی زانکۆ

بە هۆی مەودا و قەڵشی زەبەلاحی بەهاکان، لەنێوان نەوەی نوێ و بەساڵاچووان و هەروەها بێ‌هیواییەکی زۆر کە نەوەی نوێی گرتووەتە خۆ، ئەو دوو توێژە کۆمەڵایەتییە لەو خەبات و سەرهەڵدانەدا، یەکجار تووڕەترن لەوانی دیکە. بابەتگەلێکی وەک گەشەنەسەندوویی ئابووری و کۆمەڵایەتی، پەرەپێدان و داسەپاندنی کۆمەڵێک بەهای یەکجار نامۆ و کۆن بەسەر چینی لاو و هەروەها هەوڵی دەسەڵات بۆ ڕاوەدوونانی مێشکەکان و بلیمەتان بۆ دەرەوەی وڵات، بوونەتە کۆمەڵێک هاندەری بەهێز بۆ بەشداریکردنی ئەو توێژە کۆمەڵایەتییانە لە خۆپێشاندانەکاندا.

 

هەنگاوەکانی دواتر دەشێ چی بن؟

بە ڕای من بۆ ئەوەی ئەو سەرهەڵدانە بەرینە ببێ بە شۆڕش و هاوکات ڕێگە بە لە خوێن‌ڕژانی زۆر نەدەین، جگە لە بەردەوامبوون و مانەوەی پشتیوانی و چالاکییەکانی دەرەوەی وڵات، پێویستە دوو هەنگاوی زۆر بنەڕەتیی دیکەش لە نێوخۆ هەڵبگیرێت:

یەکەم، خۆپێشاندان و ڕێپێوانی میلیۆنی و بێ‌توندوتیژی کە کار لە دەست دەسەڵات دەترازێنێت و دەبێتە هۆی داڕووخانێکی زۆر لە قەبارەی دەسەڵاتدا.

دووهەم، مانگرتنی بەربڵاو و ڕێژەزۆر لە بەشە گرینگەکانی ئابووری و دواتر بەشی بۆڕۆکڕاتیکی دەسەڵات کە بێگومان فاتیحای ئەو دیکتاتۆرییە دادەدات. هەڵبەت خودی دەسەڵاتیش ئاگاداری ئەو مەترسییە هەیە و هەموو هەوڵی خۆی بەکار دێنێت کە نەهێڵێت ڕوو بدات. دەسپێکی ئەو مانگرتنانە لە شاری عەسەلوویە لێ درا و هیوا ئەوەش زۆرە کە بە زووترین کات بەشەکانی پیشەسازیی پۆڵا و بەشی هاتوچۆش بگرێتە خۆ. خۆپێشاندانەکانیش کە بەردەوام چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینەکە بەردەوامن. هەروەها لە کاتێکدا کە تا ئێستا ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز کە هەمووان قەبووڵیان بێت و ڕێبەریی خەڵکی هەموو ئێران بکات، بوونی نەبووە، هەندێک ڕێبەرایەتیی خۆڕسک وەک ئەنجومەنی لاوانی گەڕەکەکانی تاران پێک هاتووە کە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراو زۆر بەباشی خەریکە خەڵک ڕێک دەخا و لە ئێستادا بۆشایی ڕێبەرایەتی و ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکان پڕ دەکاتەوە.

بێگومان گڵۆڵەی تەمەنی ئەو ڕێژیم و دەسەڵاتە کەوتۆتە لێژی. کەوابوو وەرن بە هیوا و بڕوای زیاتر بە خەبات، دەست بدەینە دەستی یەک بۆ لەنێوبردن و سڕینەوەی ئەو قاتڵە زگماکانە، بەڵکو وچەند ڕۆژێک لەو ژیانە کورتەماندا هەناسەی ئازادی و ڕزگاری لە وڵاتەکەماندا هەڵمژین و پتر لەوە شەرمەزاری داهاتووی مناڵانمان نەبین.

بە یەکگرتوویی هەرچی زیاتر، با بچین بەرەو خۆپێشاندانی میلیۆنی و مانگرتنی گشتی و بەربڵاو.