ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ چلەی "ژینا ئەمینی" زۆربەی شارەکانی کوردستان لە مانگرتندان.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، مانگرتنی سەرانسەریی خەڵک لە شارەکانی سنە، مەهاباد، مەریوان، کامێران، سەقز، بۆکان، بانە، جوانڕۆ و چەندین شاری دیکە لە چلەی "ژینا ئەمینی" و بە نیشانەی ناڕەزایەتی دژی ڕێژیمی ئێران دەستی پێ کردووە.
لە شاری سەقز لە زیدی لە دایکبوونی "ژینا ئەمینی" خەڵکێکی زۆر لە بەیانییەوە ڕوویان لە گۆڕستانی "ئایچی" ئەو شارە کردووە تا لە ڕێوڕەسمی چلەی "ژینا"دا بەشداری بکەن و لە بەیانییەوە خەڵک لەو گۆڕستانە دروشمی دژی ڕێژیمی ئێران دەڵێنەوە.
سەرەڕای هەڕەشە و ڕێگرییەکانی هێزەکانی ڕێژیم و گرتنی زۆربەی ڕێگاکان خەڵک خۆیان گەیاندە ئەو گۆڕستانە و ڕق و تووڕەیی خۆیان بە دانی دروشمی توند دژی ڕێژیم نیشان داوە.