کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەحکوومکردنی هەڵسوکەوتە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لەلایەن ئیسرائیل و بریتانیاوە

13:58 - 4 خەزەڵوەر 2722

لە کاتێکدا کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران فرۆشتنی چەکوچۆڵیان بە ڕووسیە ڕەت کردەوە، دەوڵەتانی ئیسرائیل و بریتانیا هەڵسوکەوتە تێکدەرانەکانی تارانیان لە سەرانسەری جیهان بە توندی مەحکووم کرد.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، ''ئیسحاق هێرتزۆگ'' سەرکۆماری دەوڵەتی ئیسرائیل، بە ئاماژە بەوەیکە چەکوچۆڵی دروستکراوی ئێران ڕۆڵێکی کاریگەری تێکدەرانەی لە سەرانسەریی جیهاندا هەیە، وتی: ''بەڵگەی بەکارهێنانی دڕۆن و فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران لەلایەن ڕووسیەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکراین، لە چاوپێکەوتنمدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئامریکا هەمووی دەخەمە ڕوو.

هەر لەو پێوەندییەشدا، وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە کە ڕووسیە چەکوچۆڵ و کەرەستەی سەربازیی دروستکراوی ئیرانی بە دژی ئۆکراین بەکار هێناوە، وتی: ''فرۆشتنی دڕۆنی خۆتەقێنی ئێرانی بە مۆسکۆ، پێشێلکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شورای ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانە کە ئەوە نمونەیەکی بچووکە لە هەڵسوکەوتە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەرانسەری جیهان، بۆیە دەبێ بە هەموو شێوەیەک پێش بە کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران بگیردرێت.