![](/content/upload/1/root/56389_w920.jpg)
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، داوای کردووە کە دەبێ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە خێرایی کۆتایی بە سەرکوتکردنی خوێناوی خۆپێشاندەران بهێنێ و لە بەرانبەر ئەو جینایەتەی کە کردوویەتی دەبێ وڵامدەر بێت.
ڕۆژی سیشەممە ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە نوێترین دژکردەوەی خۆی بەرانبەر بە توندوتیژییە خوێناوییەکانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە ئێران، داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کرد کە بۆ کۆتاییهێنان بە خوێنڕشتن و پێشگرتن بە درێژەی کوشتاری خۆپیشاندەرانی ئێرانی لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، دەبێ پاڵپشتی شۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێران بکرێ و جینایەتەکانی خامنەیی بۆ هەموو دنیا ئاشکرا بکرێت.
لە درێژەی دژکردەوەی ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییەدا هاتووە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە بەکارهێنانی چەکی شەڕکردن و چەکی ساچمەیی هێرش دەکەنە سەر خۆپیشاندەرانی ناڕازی کە داوای مافی سەرەتایی خۆیان دەکەن و پاش زیاتر لە چل ساڵ داوای ئەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی نەمێنێ و ئەو حکوومەتەیان ناهەوێت لەبەر ئەوەیکە بە درێژایی ئەو چەند ساڵە کاری تەنیا خوێنڕشتن و پێشێلکردنی مافی خەڵکی ئێران بووە.