شەوی سێشەممە ٣ی خەزەڵوەر، لەلایەن شۆڕشگێڕانی شاری "سنە" چالاکیی بەرینی تەبلیغی بۆ پێشوازیی لە بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە خۆپیشاندان لە ڕۆژی چلەی کوشتنی "ژینا ئەمینی" لەژێر ناوی "شەونامەی شۆڕش"، بەڕێوە چوو.
لەو چالاکییەدا دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و ناوی شەهیدانی ئەم دواییانەی خۆپیشاندانەکانیان لەوانە "نگین عەبدولمەلەکی، یەحیا ڕەحیمی، داریوش عەلیزادە، پەیمان مینبەری، محەمەد ئەمینی و عەزیز مورادی" بڵاو کراوەتەوە.
هەروەها لەو چالاکییەدا شۆڕشگێرانی سنە یادی شەهیدانیان بەرز ڕاگرت و پشتیوانیی خۆیان لە زیندانیانی سیاسی دەربڕی.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٢ی خەزەڵوەر، داوای لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات کردبوو کە لە چلەی "ژینا ئەمینیـ"ـدا بە جلوبەرگی کوردییەوە بچنە سەر گوڕی شەهیدان و سەر شەقامەکەن و دژی ڕێژیمی ئێران دروشم بڵێنەوە.