کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێکۆڵینەوەکانی جاوید ڕەحمان لەسەر دۆخی ئێران، لەلایەن ئامریکاوە پشتیوانی لێکرا

12:30 - 4 خەزەڵوەر 2722

"لیندا توماس گرینفیلد" نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانیی خۆی  لە ''جاوید ڕەحمان''، ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، سەبارەت بە لکۆڵینەوەکانی ناوبراو لەسەر پێشێلکارییەکانی ماڤی مرۆڤ لە ئێراندا و سەرکوتی ناڕازییان لەلایەن هێزەکانی ئەو ڕێژیمە دەربڕی.

"گرینفیلد" ڕایگەیاند، کە "جاوید ڕەحمان" تەواوی ڕاپۆرتەکانی خۆی لەسەر دۆخی ماڤی مرۆڤ  لە ڕەوتی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە بەڵگە بڵاو کردووەتەوە و هەروەها وتی، کار و چالاکیی ناوبراو لەسەر ئاشکراکردنی دۆخی ماڤی ژنان و کچان لە ئێراندا و بەردەوامبوونی ڕێژیم لە سەرکوتی خەڵکی ناڕازی، جێگای ڕێزە.

نوێنەری وڵاتی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردەوە کە واشنتۆن پشتیوانی لە لێکۆڵینەوەکانی "جاوید ڕەحمان" دەکات و هەروەها پاڵپشتیی گەلانی ئێران دەکات کە بۆ وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

لە دوای ڕاپەڕینی گەڵانی ئێران چەندین بەرپرسی باڵای ئامریکا سەرەڕای ئەوەیکە پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی ناڕازی دەربڕیوە داوایان لە دەوڵەتی ''بایدن'' کردووە کە هەڵوێستێکی جیددی سەبارەت بە هەڵسوکەوتی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بە خۆپیشاندەاران هەبێت کە بۆ سەرەتاییترین مافەکانیان دێنە سەر شەقام.