کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی توند و بەربڵاو بۆ سەر زانکۆی سەنعەتیی شەریف

10:58 - 11 رەزبەر 2722

لە ئێوارەی شازدەهەمین ڕۆژی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکاندا لەشکەرێک هێزی جل‌مەدەنی پەلاماری زانکۆی سەنعەتیی شەریفیان دا.

لەو پەلامارەدا هێزە دەوڵەتییەکان ڕێگاکانی گەیشتن بە زانکۆیان داخست و بەربوونە گیانی خوێندکاران و زۆر لەوانیان دەسبەسەر کرد.

شوڕای سنفیی خوێندکارانی وڵات ڕایگەیاندوە کە ناوەندە ئەمنییەتییەکان ڕەشبگیر دەیان خوێندکاریان بە لێدان و کوتان قۆڵبەست کردوە.

پێش هێرشی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر زانکۆی شەریف حەمیدڕەزا تەرەقی، ئەندامی شوڕای ناوەندیی حیزبی مۆئتەلەفەی ئیسلامی (یەکێک لە کۆڵەکەکانی کۆماری ئیسلامی) داوای کردبوو کە جارێکی دیکەش زانکۆکان لە مامۆستا و خوێندکاری ناڕازی ڕابماڵدرێن. ناوبرا کە نوێنەری پێشووی مەجلیس بووە، مامۆستایان و خوێندکارانی ناڕازیی زانکۆی بە "خیانەت" تاوانبار کردوە و گوتویەتی کە دەبێ لە زانکۆ فڕێ بدرێنە دەرێ. زۆربەی زانکۆکان لە ڕۆژانی ڕابردوودا هاتوونەتە ڕیزی ڕاپەڕینی گشتیی ئێرانەوە و دەیان خوێندکاریش دەسبەسەر کراون.

 ناڕەزایەتییەکان تا ئێستا ١٠٣ شاری ٣١ پارێزگای لەگەڵ ٤٨ زانکۆی وڵات گرتۆتەوە.